fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

‎"حکومەت دەیەوێت کەمتر لە 10 هەزاریان دابمەزرێنێت"

حکومەت لەسەر بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست وەڵامی پەرلەمانی دایەوە “لە زیانى فەرمانبەراندایە”

17:58 یه‌ك شه‌ممه‌ 01 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

‎ئەندامێکى پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی داوەتەوە و بەگوێرەی وەڵامەکەی ئەوان بێت، کەمتر لە 10 هەزار فەرمانبەر دەکرێنە هەمیشەیی.

.

ڕۆژی چوارشەممە 13ی تشرینی دووەمی 2019 دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازى بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست کرا، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشنیازە یاساکەی گەڕاندەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ماوەی دوو هەفتە مۆڵەتی دانا بۆ وەرگرتنی ڕاو سەرنجیان لەسەر پێشنیازەکە، کە ئەمڕۆ کۆتایی هات.

.

دیاری ئەنوەر، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند “بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستم کەوتووە، ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی داوەتەوە و كۆمەڵێ سەرنج و تێبینی هەیە لەسەر پێشنیازە بڕیارەكە کە لە زیانی فەرمانبەرانە”.

.

وتیشی، تێبینییەکانی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیە، ئەو فەرمانبەرانە بكرێن بە هەمیشەیی كە خزمەتیان لەسەر و پێنج ساڵەوەیە، هەروەها ئەو فەرمانبەرانە بکرێن بە هەمیشەیی کە لەسەر بودجەی دارایین نەک بودجەی پەرەپێدان، هەندێك مەرج و سەرنجی دیکەش وەك ئەوەی پێویستیان بە كاتی زیاترە، هەروەها دەبێت بزانن ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە چەندن و چەندیان دەیانگرێتەوە، وەزارەتی دارایی بزانێت ئەو بودجەیە چەندە كە پێویستیانە بۆ دامەزراندیان، کە ئەوەش پڕۆژەکە هێندەی دیکە دوادەخات.

.

بەگوێرەی ئامارەکان، 29 هەزار و 886 فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستاندا هەن بە وتەی دیاری ئەنوەر، بەگوێرەی سەرنجەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەو ژمارەیە کەمتر لە 10 هەزار فەرمانبەر دەکرێن بە هەمیشەیی.

.

ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردەوە، ئەو پێشنیارە بڕیارە ڕێكاری یاسایی بڕیوەو بەپێی ماددەی 84 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت لیژنە تایبەتمەندەكان لەماوەی 21 ڕۆژدا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن، دەستەی سەرۆكایەتیش لە زووترین كاتدا بیخاتە بەرنامەی كارەوە بەو شێوەیەی کە هەبووە، نەک بەوشێوەیەی کە ئەنجومەنی وەزیران دەیەوێت، کە ئێستا لەو 21 ڕۆژە تەنها هەشت ڕۆژی ماوە.

.

بەپێی پێشنیازە بڕیارەکەى پەرلەمان، ئەو فەرمانبەرانەى سێ ساڵ بەسەر گرێبەستى دامەزراندنیان تێپەڕیوە دەبێت لەلایەن حکومەتەوە بەشێوەیەى هەمیشەیی دابمەزرێنرێن، ئەو ماوەیەش کە بەشێوەى گرێبەست فەرمانبەر بوون بەخزمەت بۆیان هەژماردەکرێت.

.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ناس کورد ڕوونیکردەوە، هەر پڕۆژەیەک ڕەهەندی دارایی هەبێت، پێویستە بچێتە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش توانای خۆیان لەوبارەیەوە بخەنەڕوو، کە دەتوانن جێبەجێی بکەن یاخود نا.

.

وتیشی، لەئێستادا چاوەڕوانن، بە فەرمی حکومەت وەڵامی سەرۆکایەتی پەرلەمان بداتەوە، تا دەستبکەن بە کارکردن لە پێشنیازە بڕیارەکەدا و چاوەڕێدەکرێت، لە چەند هەفتەی داهاتوودا پڕۆژەکە بچێتەوە پەرلەمان.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل