fbpx
Shadow Shadow

هاوشێوەى گەڕەکەکان خزمەتگوزارییان بۆ دابیندەکات

حکومەت دابینکردنى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون لە وەبەرهێنەران وەردەگرێتەوە

20:42 هه‌ینی 24 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

 

ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی كوردستان بڕیاریداوە لەمەولا رێگە نەدات وەبەرهێنەران بەنرخێكی گران ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاریەكانی تر بۆ یەكەكانی نیشتەجێبوون دابینبكەن و حكومەت خۆی بەنرخی گەڕەكەکانی تر بۆیان دابینبكات.

.

لە هەرێمى کوردستان بەسەدان پڕۆژەى نیشتەجێبوون هەیە کە لەناوچە جیاجیاکان لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستکراون و لەهەریەکەیان نرخێکى جیاواز بۆ خزمەتگوزارییەکان دیاریکراوە کە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە لە دانیشتوانى پڕۆژەکان وەردەگیرێت.

.

تا ئێستا حکومەت هیچ نرخێکى بۆ خزمەتگوزارییەکانى ئەو پرۆژانە دیارینەکردووە و پرسەکەى بۆ وبەرهێنەران جێهێشتووە، بەڵام بەپێی بڕیارێکى دەستەى وەبەرهێنەران لەمەودوا ئەو پرسە لە وەبەرهێنەران وەردەگیرێتەوە و حکومەت خۆى سەرپەرشتى دەکات.

حکومەت دابینکردنى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون لە وەبەرهێنەران وەردەگرێتەوە

عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بە  “ناس كورد”ى ڕاگەیاند “ئەو بڕیارە بۆ سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتمەندەكان نێردراوە و دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.”

.

وتیشى لەمەودوا حكومەت خۆی ئاو و ئارەبا و خزمەتگوزاری بەهەمان نرخی گەڕەكانی تر بۆ پرۆژەكانی نیشتەجێبون دابین دەكات.

.

بەپێی بڕیارەکەى ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، لەمەودوا وەك هەر گەڕەكێكی دیكە، خزمەتگوزاری پێشكەشی پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەکرێت لەلایەن حکومەتەوە و نابێت وەبەرهێنەر لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەیەكی زۆر خزمەتگوزاری پێشكەش بكات.

.

هەربەپێی بڕیارەکە، كۆتا رۆژی وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزاریی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە 1/6/2020 یە، لەوکاتە بەدواوە حکومەت خۆى ئەو پرسە ڕێکدەخات.

حکومەت دابینکردنى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون لە وەبەرهێنەران وەردەگرێتەوە

كەمال سازانی سەرۆكی ئەنجومەنی پرۆژە نیشتەجێبونەكانی شاری سلێمانی بە “ناس كورد”ی وت “ئەو بڕیارە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە و لەسەر داوای دەستەی وەبەرهێنان بووە، حكومەتیش هەریەكە لەوەزارەتەكانی كارەبا و شارەوانییەكان و هەندێك لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە كە لەدوای مانگی شەش پرسەکە بگرنە ئەستۆ”.

.

وتیشی “دوای بەدواداچون تێگەیشتین كە وەزارەتەكانی حكومەت ناتوانن بەم ئەركە هەستن، هەفتەی رابردوو لەگەڵ وەزیری كارەبا كۆبوینەوە و تەنها نمونەیەك كە پێماندا ئەوەیە وتمان تەنها لەشاری سلێمانی 22 یەكەی نیشتەجێبونی های كۆستمان هەیە كە هەریەكەیان وێستگەی كارەبا و چەندین مۆلیدەو وێستگەی هەیە، لەئێستادا تۆڕەكانی حكومەت خۆیان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە بەڵام بودجەی پێویستی نییە بۆ ئەوە چ جای ئەوەی بێت لۆدێكی زیاتر بخاتە سەرخۆی”.

.

بڕیارەکەى دەستەى باڵاى وەبەرهێنان لەبارەى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوونەوە دواى ئەو ڕەخنانە هات کە بەمدواییە لە نرخى خزمەتگوزارییەکان گیران، بەتایبەت کە وەبەرهێنەران بەخواستى خۆیان نرخەکان دیاریدەکەن، بەپێی جۆرى یەکەکان.

.

كەمال سازانی باسى لەوەکرد، دروشمی ئەم حكومەتە ئەوەبوو هەوڵبدات زۆرترین كارەكانی بەرەو كەرتی تایبەت ببات نەك بەرەو كەرتی گشتی و لەكەرتی تایبەتی وەرگرێتەوە و لۆدێكی زۆر لەسەر حكومەت زیاد بكات، ئێستا حكومەت بانگەشەی ئەوە دەكات داهات زیاد بكات و خەرجی كەمبكاتەوە.

حکومەت دابینکردنى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون لە وەبەرهێنەران وەردەگرێتەوە

لەجیاتى جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە، وەبەرهێنەران چەند پێشنیازێکیان ئاڕاستەى حکومەت کردووە، بۆ رێکخستنى ئەو پرسە، بەڵام تا ئێستا حکومەت ڕەزامەندى لەسەر هیچ پێشنیازێکیان نداوە.

.

سازانى وتى “پێشنیاری ئێمە بۆ حكومەت و وەزارەتەكان ئەوەیە پەیوەندی نێوان كۆمپانیاكان و هاونیشتمانیانی پرۆژەكان بەرێنمایی و پرۆژە یاسا لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا رێكبخرێت، ئەگەر نا حكومەت بیەوێت بەم شێوازە هەموو خزمەتگوزارییەكان دابین بكات هەرگیز ناتوانێت،هیچ كام لەوەزارتەكان ناتوانن بەم بەرپرسیارێتییە هەستن و بەڕێوەى ببەن”.

.

ئاماژەی بەوەشدا، خاڵێكی تر کە پێشنیاریان كردووە ئەوەیە حكومەت لەبری بێت ئەمە چاك بكات بابێت بارودۆخی گەڕەكەكان چاك بكات، گاردن سیتی یەكێكە لە نمونەكان کە زۆرترینی ئەوانەى تێیدا نیشتەجێن ئەوانەن لەگەڕەكاندا خانوو و ڤێلای باشیان هەبووە بەڵام جێیان هێشتوەو هاتونەتە سیتیەكانەوە، چونكە هاوڵاتی پێویستی بە 24 كاتژمێر ئاو و كارەبان و غاز هەیە.

.

كەمال سازانی جەختیشیکردەوە، “خەڵك بۆیە هاتوە پارەی خزمەتگوزاری دەدات ئەوەیە كە لە گیرفانی خۆی خزمەتی زیاتری خۆی دەكات بۆیە هیچ كاتێك كۆمەڵگەی نیشتەجێبونەكە ناگۆڕێتەوە بە گەڕەكەكان، خەڵك تائێستا بڕیارەكەی حكومەتی بە جدی وەرنەگرتوە ئەگەر بەجدی وەریگرێت رازی نابن و كاردانەوەشی لێدەكەوێتەوە”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل