fbpx
Shadow Shadow

پەرلەمانتارێکی سائیرون بۆ ناس کورد: مەرجەعیەتی نەجەف دوا مۆڵەتی داوە بە عادل عەبدولمەهدی

حکومەت بەڵێنەکانی نەباتەسەر خۆپیشاندانەکان بە “توندى” سەرهەڵدەدەنەوە

20:20 دوو شه‌ممه‌ 14 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2019، خۆپیشاندانی هاوڵاتییان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستیانپێکرد، چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بێکاری داواکارى خۆپیشاندەران بوون، لە خۆپیشاندەکانیشدا زیاتر لە 100 کەس کوژراون و زیاتر لە شەش هەزارکەسیش برینداربوون.

,

پاش توندبوونی گرژییەکان، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ژمارەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و کۆمەڵێک چاکسازییان ڕاگەیاند، زۆربەى بڕیارەکانیش پەیوەندییان بە باری ئابورییەوە هەبوە.

,

ئەمەش لەکاتێکدایە مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق لەسەر خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکانی عێراق یەکەم کاردانەوەی نیشاندا و ڕایگەیاند، دەبێت لە دەرەوەی حکومەت چەند کەسێک ڕاسپێردرێن بۆ بەدواداچونی کێشەکان، داواشی کرد پێش کۆتایی ئەم مانگە بکوژانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ئاشکرا بکرێن.

,

لەئێستادا ماوەی هەفتەیەکە شەقامەکانی شاری بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق تاڕادەیەک هێمنییەکیان پێوەدیارە و گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی پێشو، خۆپیشاندەرانیش هۆکاری ئەو هێمنییە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی ئەوان بڕیاریانداوە خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەی دووهەفتە هەڵپەسێرن وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی نزیکبوونەوەی بۆنەیەکی ئاینیی گرنگە لاى پەیڕەوکەرانی مەزهەبی شیعە  ئەوەش “زیارەتی ئەربەعینییە” چلەی ئیمام حسێنە.

,

لەوباریەوە حەیدەر جەنابی، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی کە هاوکات یەکێکیشە لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەکان، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “خۆپیشاندەران سەربە هیچ لایەنێک نیین، سەرکردەشیان نییە، بەشێوەیەکی خۆڕسکانە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکان کردووە، لەبەرئەو هۆکارانە نەچونەتە نێو هیچ دانوستانێکەوە لەگەڵ حکومەت بۆ ئەوەی چالاکییەکانیان ڕابگرن”.

,

حەیدەر جەنابی وتیشی: “هۆکاری سەرەکی هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەکان تەنها بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی زیارەتی چلەی ئیمام حسێنە، چونکە ئەوە زیارەتێکی ئاینیی پیرۆزە بۆ پەیڕەوکەرانی مەزهەبی شیعە، شیعەکانیش لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە ڕودەکەنە عێراق بۆ بەشداریکردن لەو بۆنەیە”.

,

جەنابی ئەوەشی خستەڕو، پێدانی دەرفەت بە حکومەت بۆجێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ چاکسازییە، هۆکاری دووەمیش لەسەروی هەموویانەوە ئازادکردنی گیراوەکان و ئاشکراکردنی بکوژانی خۆپیشاندەرانە، کە لەئێستادا مەرجەعی باڵای شیعەکان فشاری بۆ ئەو بابەتە  خستوەتە سەر سەرۆکوەزیران.

,

“ئەگەر حکومەت لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا بەڵێنەکانی جێبەجی نەکات، ئەوا خۆپیشاندانەکان سەرهەڵدەدەنەوە، حکومەت هەوڵیداوە لە ڕێگەی چەند چالاکاوانێکی مەدەنییەوە و لەڕێگەی سەرۆک هۆزەکانەوە پەیوەندی بە خۆپیشاندرانەوە بکات، بەڵام هەوڵەکان بێ سود بوون”، حەیدەر جەنابی، وای وت.

,

هاوکات 8ى تشرینی یەکەمی 2019، بەرهەم سالح، سەرۆککۆماری عێراق  پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی دیاری مەدینە سەدر کرد، جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە خۆپیشاندان مافێکی ڕەوایە بۆ هەمو هاوڵاتییەک بەو مەرجەی هێمنانە بێت و بەبێ ئەوەی خوێنی هاوڵاتییان و هێزە ئەمنییەکانی تیادا بڕژێت، ڕونیشیکردەوە، سەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی دەکات لە قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان و کارکردن بۆ لێپێچینەوە لە تاوانباران و ئەوانەی لە دەرەوەی یاسا دەستڕێژی گولەیان کردووە، لەگەڵ ڕاگەیاندنى نەخشەڕێگایەک.

,

ئەحمەد خزر، چاودێری سیاسی عێراقی تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “خۆپیشاندەران و جەماوەری خەڵکی عێراق بەدەر لە بەرپرسەکانی دیکەی عێراق باوەڕیان بە بەرهەم سالح، سەرۆککۆمارهەیە، هەر ئەوەش وایکردووە خۆپیشاندەران پێشنیارەکەی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکان قبوڵ بکەن”.

,

ئەو چاودێرە وتیشی: “نزیکبوونەوەی مەراسیمی زیارەتی چلەی ئیمامی حسێن، هۆکارێکی دیکەی هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەکانی عێراقە بۆ ماوەى دوو هەفتە، بەڵام حکومەتی عێراق ناتوانێت، ئەو چاکسازیانەی کە بەڵێنی جێبەجێکردنی داون لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا ئەنجامبدات، چونکە زۆربەی چاکسازییەکان چەند مانگێکیان پێویستە بۆ ئەوەی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە”.

,

“دەبێت حکومەت لە ئێستادا کار بکات بۆ ڕازیکردنی خۆپیشاندەران و چاکسازی لە بواری یاساداناندا ئەنجامبدات، ئەو کارانەشى پەرلەمان دەتوانێت لەو ماوە کەمەدا ئەنجامیان بدات بریتییە لە یاسای هەموارکردنی هەڵبژاردنەکان، یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتی و دامەزراندن”، ئەحمەد خزر، واى وت.

,

ئەو چاودێرە سیاسییە جەختیلەوەشکردەوە، ئەگەر حکومەت بەڵێنەکانی لە ئەنجامدانی چاکسازی نەباتە سەر، ئەوا دوای دووهەفتە خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی زۆر توندتر لە جاران دەستپێدەکەنەوە، ئاکامەکانیشی زۆر مەترسیدار دەبن.

,

ئەمڕۆ دووشەممە 14ى تشرینی یەکەمى 2019، لەسەر داوای بەرهەم سالح، سەرۆککۆماری عێراق، هەرسێ سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە کۆشکی سەلام کۆبوونەوە، بڕیاریان لەسەر کۆمەڵیک خاڵی گرنگ دا، کە سەرجەمیان پەیوەندیان بە دۆخی عێراقەوە هەیە پاش ڕوداوە نەخوازراوەکانی خۆپیشاندانەکان.

,

لەوباریەوە عەلی سەعدون غولام، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆن سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدر، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “مەرجەعیەتی نەجەف ماوەی 15 ڕۆژ مۆڵەتی داوە بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ڕادەستکردن و ئاشکراکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران”.

,

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: “لەئێستادا حکومەت دەستیکردووە بە کۆمەڵێک چاکسازی، هەر چەندە ئەو چاکسازییانە زۆر گرنگن، بەڵام لە ئاست خواست و داواکاری جەماوەری خەڵکی عێراقدا نییە”.

,

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت حکومەت لە ئێستادا کار بکات بۆ لەناوبردنى گەندەڵکاران، نەک چارەسەری گەندەڵی بکات بە گرتنی چەند فەرمانبەرێکی گەندەڵکاری بچوک.

,

عەلى سەعدون غوڵام ئەوەشی خستەڕو، ئەوان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە چاکسازییەکانی حکومەت دەکەن و هەوڵی ئەوەش دەدەن چاکسازییەکان ڕیشەیی بن.

,

بەدووریشی نەزانی ئەگەر حکومەت بەجدی کار نەکات بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خۆپێشاندەران، ئەوا خۆپیشاندانەکان جارێکی دیکە دەستپێدەکەنەوە، ئەوەشى خستەڕو ترسی ئەوەش هەیە خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا ببرێن و دیسان ڕوداوی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل