fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

دەتوانێت کۆتایی بە پشکپشکێنە بهێنێت؟

حکومەتی داهاتووی عەلاوى لەنێوان چەکوشى حزبەکان و فشارى شەقامدا

19:02 دوو شه‌ممه‌ 10 شوبات 2020
article image

ناس كورد-

 محه‌مەد تۆفێق عەلاوى، کاندیدى ڕاسپێردراو بۆ کابینەى نوێی حکومەتى عێراق جارێکى تر لەدواى عەبادى و عەبدولمەهدییەوە بانگەشەى پێکهێنانی حکومەتێکى سەربەخۆ، کە پێکهاتبێت لە وەزیرى بێلایەن و ناحزبى و کەسانى ئەکادیمى دەکات، بەتایبەت لەوکاتەوەى کە بەفەرمى کراوەتە کاندیدى پۆستەکە پەیامەکانى بۆ دڵڕازیکردنى شەقامى ناڕازى عێراقە کە لەمانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردوەوە دژى حکومەت و لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان دەستپیانپێکردووەتەوە و ناویان لێناوە (شۆڕشى تشرین) و یەکێک لەداواکارییە سەرەکییەکانیان نەهێشتن و کۆتایهێنانە بە پشکپشکێنەى حزبى.

 .

سیناریۆى یەکەم: حکومەتى سەربەخۆ و تەکنۆکرات

لەو کاتەوەى ئەمریکا ساڵى 2003 بەڕێگەى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعسى سەدامى لەعێراقدا ڕوخاند، سوننەکان پاشەکشەیان پێکرا و ڕۆڵى جارانیان كه‌ لە فەرمانڕەوایەتى وڵاتدا هەبوو لەدەستدا، بۆ یەکەمجاریش کە دواى ڕوخاندنى سەدام لەساڵى 2005 هەڵبژاردنى گشتى ئەنجامدرا بایکۆتێکى ڕێژەیان لەو هەڵبژاردنەکە کرد و بەزیانیش بەسەریاندا شکایەوە.

.

لەبەرامبەردا، شیعەکانى عێراق ئەوانەى کە لە ئێرانەوە نزیک بوون پێشتر ئۆپۆزسیۆنى بەعس بوون و پێش هەڵبژاردنەکە بەسەر چەند لایەن و لیستێکى سیاسیدا دابەشبوون و دواى هەڵبژاردنەکەش توانیان بەپاساوى ئیستحقاقى هەڵبژاردن کۆمەڵێک دەستکەوت بچننەوە، لەدواى ساڵى 2005ەوە پشکپشکێنەى حزبى لەسەر کۆمەڵێک بنەما هاتە ئاراوە و بەشێکیان لەژێر پاساوى دیمۆگرافى و نەتەوەیى و ئاینگەراییدا لەدەستوردا چەسپێنراوە، لەو ساڵەش بەدواوە هەر کابینەیەک کە دروستکراوە لەسەر بنەماى پشکى شیعە و سوننە و کورد بووە.

.

لە هاوسەنگى پشکپشکێنەى حزبى لە عێراقدا لە سەرجەم کابینە یەک لەدواى یەکەکاندا شیعە سەرۆک وەزیران و سوننە سەرۆکى پەرلەمان و کوردیش سەرۆککۆمارى بەرکەوتووە و دواتریش لەنێوان ئەو سێ لایەنە سەرەکییەدا وەزیر و پۆستە باڵاکانى ترى حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتى بەشکراوە.

.

لەدواى دەستپێکردنەوەى ناڕەزایەتیەکانى شەقام لە دژى سیستمى حوکم و گەندەڵى و کەمى خزمەتگوزارى کە لێکەوتەى واقیعى پشکپشکێنەی حزبین و حکومەتى عێراقیشى لەئاکامدا کردوەتە حکومەتێکى لاوازى بەردەم پەتاى تائیفى و دەستوەردانى دەرەکى و بڵاوبونەوەى گەندەڵى، بۆ یەکەمجار ساڵى 2016 لەژێر فشارى خۆپیشاندەران و خەڵکانى ناڕازیدا، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى پیشووترى عێراق زنجیرەیەک لەبڕیارى چاکسازى ڕاگەیاند و بەڵێنى ئەوەشیدا لەچاکسازییە وزارییەکانیدا چەند وەزیرێک بگۆڕێت و لەسەر بنەماى تەکنۆکرات بیانباتە کابینەکەیەوە.

حکومەتی داهاتووی عەلاوى لەنێوان چەکوشى حزبەکان و فشارى شەقامدا

 

دواى ئەوەى چەند وەزیرێکى گۆڕى، خێرا لایەنە سیاسیەکان لەوانە بەشێک لەشیعەکان بەتایبەت گروپى مالیکى و سوننەکان و کوردیش هاتنە دەنگ و ڕیگەیان نەدا بانگەشەکەى بکاتە کردار.

.

لە کۆتایى ساڵى 2018 و له‌سه‌ر وه‌ختی ڕاسپاردنى عادل عەبدولمەهدى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ، ناوبراو بانگەشەى دامەزراندنى کابینەى سەربەخۆ و وەزیرى تەکنۆکراتی کرد و بۆ ئەو مەبەستەش داواى سیڤى لە هاوڵاتیانى عێراق کرد بێ گوێدانە لایەنى سیاسى و ئاینى و مەزهەبى، بەڵام ئەوانە تەنها لە دروشمى میدیایدا مانەوە و سەرجەم ئەو لایەنە سەرەکیانە حکومەتێکى حزبى پەتیان دروستکرد و دواجار بەهۆى کەڵەکەبوونى قەیرانەکانیەوە لەژێر فشارى خۆپیشاندەراندا کۆتایى ساڵى 2019 دەستیلەکارکێشایەوە.

.

بە لەبەرچاوگرتنى کابینەکانى پێشوو، ئەرکى عەلاوى بۆ دروستکردنى کابینەى سەربەخۆ قورسە، بەتایبەت کە هێشتا حزبەکان هەژموونیان بەسەر دامەزراوەکانەوە هەیە ئامادەنین دەستبەرداریی پشکەکانیان بن، ئەوەش لە قسەکانى جاسم بەیاتى پەڕلەمانتارى دەوڵەتى یاسا دەردەکەوێت کە دەڵێت کابینەى داهاتوو کەمترین سەربەخۆیەتى بەدەر لەحزبەکان دەبێت و کورد و سوننەش لەسەر پشکى خۆیان سازش ناکەن.

.

بەیاتى بە میدیا عێراقییەکانى ڕاگەیاندووە، دروشمەکانى کابینەى نوێ کە عەلاوى ڕایاندەگەیەنێ سەربەخۆییە و دەسەڵاتى ڕەها بەدەستى خۆیەتى بەڵام ئەوە هەر دروشمە و لەسەر ئەرزى واقیع نە لەئێستادا و نە لەدە ساڵى تریشدا دەتوانێت جێبەجێیان بکات.

.

ڕونیشى کردەوە، سەربەخۆیەتى لاى هێزە شیعەکان هەیە بەڵام ئەویش مەرجدار کراوە، بەو واتایەى کە کاندیدکردنى وەزیر بەڕەزامەندى لایەنە سیاسیەکان نەبێت کاندید نەکرێت.

حکومەتی داهاتووی عەلاوى لەنێوان چەکوشى حزبەکان و فشارى شەقامدا

.

بەیاتى جەختى لەوەکردەوە، کابینەکەى عەلاوى سەربەخۆ نابێت و ڕەنگە لە 20% یاخود کەمتر لەو ڕێژەیەش سەربەخۆ بێت.

.

عەلاوى تا ئێستا کارنامەى تەواوى خۆى بۆ پێکهێنانى کابینەکەى ڕانەگەیاندووە، بەڵام جەختیکردووەتەوە کە وەزیرەکانى لەسەر بنەماى شارەزایی و تێوەنەگلانیان لە گەندەڵى دیاریدەکات.

.

حەسەن شاکر، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى بەدر بە ناس کوردى ڕاگەیاند، “عەلاوى ڕووبەڕووى فشارێکى زۆرى حزبە سیاسیەکان بووەتەوە بۆ ئەوەى زۆرترین پۆستە وەزارییەکان بەدەستبهێنن بەڵام پێویستە بەڵێنەکەى بباتە سەر کە پێکهێنانى کابینەکەیەکى سەربەخۆیە”.

.

وتیشى، پێویستە کابینەکە سەربەخۆ بێت و لەسەر حسابى هیچ نەتەوە و گروپێکى تر دانەمەزرێت و گەر لایەنە شیعەکان بەوە ڕازى ببن کابینەکە سەربەخۆ بێت پێویستە سوننە و کوردیش بەوە ڕازى ببێت.

.

هەرچى لەسەر هەڵوێستى موقتەدا سەدر و ڕەوتەکەیەتى ئەوەیە، بەئاشکرا پشتکردنە عەلاوى بەدەردەکەوێت، بەتایبەتى دواى ڕوداوى کۆمەڵکوژییەکەى نەجەف و هەڵکوتانە سەر خۆپیشاندەران لەمەیدانەکانى بەغدا لەلایەن کڵاو شینەکانى سەر بەسەدرەوە، لەئێستادا هەلوێستى سەدر لەمیدیاوە بەرەو ئەرزى واقیع بۆ ئەوە گۆڕاوە کە پشتى کردووەتە عەلاوى.

حکومەتی داهاتووی عەلاوى لەنێوان چەکوشى حزبەکان و فشارى شەقامدا

.

پێشتریش بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەدر بۆ ناس کورد ئەوەى پشتڕاستکردەوە کە ڕەوتى سەدر و خۆپیشاندەران  ڕێکەوتوون و دەنگیش بەعەلاوى لە پەرلەمانەوە بۆ پێکهێنانى کابینەکەى نادەن.

.

بەپێى وتەى بەرپرسانى سوننەش کە قسەیان بۆ میدیاکان کردووە، بەهیچ جۆرێک ڕازى نابن دەستکارى پشکەکانیان لە کابینەکەى عەلاویدا بکرێت و بەڵکو داواى زۆرتریش دەکەن.

.

هەرچەندە تا ئێستا کورد بەتەواوى هەڵوێستى خۆى لەو بارەیەوە دەرنەبڕیوە، هۆشیار زێبارى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لە چاوپێکەوتنیى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ڕازى نابن لەژێر پاساوى کابینەى سەربەخۆ و تەکنۆکراتدا پشکى کورد دەستکارى بکرێت، یاخود  کەمبکرێتەوە لەکابینە وەزارییەکاندا، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ سوربوونى کورد لەسەر پشکى خۆى.

.

هاوکات چەند رۆژێک لەمەوبەر فارس عیسا لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، “لە کابینەکەى عەبدولمەهدیدا کورد سێ وەزیرى هەبووە و لەم کابینەشدا هەقى ئەوەى هەیە زۆرتر وەربگرێت و لەو پشکە کەمتر قەبوڵ ناکەن و ڕەتیدەکەنەوە”.

.

 سیناریۆى دووەم: حکومەتى بێلایەن

بەپێى ئەم سیناریۆیە، تەنها مەبەستى عەلاوى لەباسکردنى حکومەتى بێلایەن و سەربەخۆ و تەکنۆکرات و بڕینى دەستى حزب لەحکومەتدا یارییەکى سیاسى ڕێکخراوە لەگەڵ لایەنە بەشدارەکانى حکومەت بەتایبەت چەند لایەنێکى بەهێزى شیعە بۆ ئەوەى چاوى شەقام و خەڵکانى ناڕازى لەسەر خۆى لاببات، ئەوەش دواى ئەوەى لایەنە سیاسیەکان چەند کاندیدێکیان پێشکەش کرد بۆ پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران بەڵام لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتکرایەوە و نەشبووە هۆى کۆتایهاتن بەشەپۆلى ناڕەزایەتیەکان بەتایبەت دواى ئەوەى لەمانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردوو سەریهەڵدا سەدان کوژرا و هەزارەها بریندارى لێکەوتەوە لەزۆربەى شارەکانى عێراقدا.

.

بەهەمان شێوەى کاندیدە ڕەتکراوەکانى تر، عەلاویش هەرزوو بەلاى خۆپیشاندەرانەوە ڕەتکرایەوە، خۆپیشاندەرانى مەیدانەکانى بەغدا هۆکارى ڕەتکردنەوەى عەلاویان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە یەکێکە لەوانەى لەساڵانى ڕابردودا بەشدارى سیاسەت و حکومەتى کردووە، وێڕاى ئەوەى لەو کاتەى کە وەزیرى پەیوەندییەکان بووە بەگەندەڵیەوە تێوە گلاوە هەروەها لەو چینە سیاسیەشە کە بەلاى ئەوانەوه‌ ڕەتکراوەتەوە، چونکە خۆپیشاندەران داوا دەکەن کەسێک بکرێتە سەرۆکوەزیران نە لەڕابردوو نە لەئێستاشدا ئەزمونى سیاسى و حزبى و حوکمڕانى نەبێت.

.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ژمارەیەک لەمیدیا جیهانیى و ئێرانیەکان ئەوەیان بڵاو کردەوە، فەتح و سائیرون بەسەرپەرشتى ئێران بۆ کاندیدکردنى عەلاوى رێکكەوتوون و سەرجەم پشکە وزارییەکان لەو ڕێکەوتنەدا یەکلایى کراوەتەوە و عەلاویش بەڵێنى ئەوەیداوە کە پارێزگارى لەپشکى حزبیان دەکات و سەرجەم ڕاسپاردەکانیشیان جێبەجێ دەکات بەتایبەت ڕاسپاردەى تایبەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیارەکەى پەڕلەمان بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا و چەندین دۆسییەى ئەمنیى و سیاسى و ئابورى تر.

حکومەتی داهاتووی عەلاوى لەنێوان چەکوشى حزبەکان و فشارى شەقامدا

.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، جگە لەبەڵێنەکەى بۆ فەتح و سائیرون، عەلاوى بەڵێنى نوسراوى بە مالیکى و عەبادیش داوە پشکە حزبیەکانیان دەپارێزێت و پابەندى ڕاسپاردەکانیشیان دەبێت و تەنانەت باس لەوە دەکرێت، بەڵێنێکى واژوکراوى داوەتە هادى عامرى کە جگە لەوەى کار بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکاش دەکات، هەوڵى جێبەجێکردنى ڕێکكەوتنى بازرگانى نێوان چین و عێراقیش دەدات کە عەبدولمەهدى بنەماکەى داڕشتووە.

 

سیناریۆى سێیەم: ڕێککەوتنى کاتى بۆ حکومەتێکى کاتی

هێشتا بەتەواوى ڕوون نیە گەر کابینەکە پێکهات تاکەى درێژەى دەبێت، بەڵام ئەم کابینەیە بەرپرسە لەسەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى پێشوەختە کە یەکێکە لەئەرکەکانى کابینەکەى عەلاوى ئەگەر دابمەزرێت.

.

بەپێى ئەم سیناریۆیە بەدەر لە کورد و سوننەکان، ئەگەر هەیە لایەنى شیعەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتبن کابینەکەى پێکبێت بەپێى بانگەشەکانى عەلاوى بەڵام دەست بۆ هیچ مەلەفێکى ئابورى و سیاسى و بازرگانى و ئەمنى نەبات تەنها کار بۆ ئەوە بکات هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

حکومەتی داهاتووی عەلاوى لەنێوان چەکوشى حزبەکان و فشارى شەقامدا

.

بەڵام ئەم سیناریۆیەش بێ گرفت و کێشە نیە، لایەنە سیاسیەکان بەوە ڕاهاتوون، خۆیان پارێزگارى لەمانەوەى خۆیان و دەستکەوتەکانیان بکەن، ئەوان بەوە ڕاهاتوون دەزگاى ئەمنیى و ئابوریی و دادوەرییان بەدەستەوە بێت، پارە و بڕیاریان لەلا بێت ئەوەش لەڕێگەى ئەو کەسە باوەڕپێکراوەى خۆیانەوە کە دەیاننێرنە پەڕلەمان و حکومەت و دەزگا ئەمنیى و ئابوریەکان، ئێستا چۆن ڕازى دەبن گەر بۆ ماوەیەکى کەمیش بێت دەستبەردارى ئەو پۆستانە ببن، جگە لەوەى کابینەى داهاتوو بەرپرس دەبێت لەسەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى پێشوەختە دوورنیە گەر ڕۆڵى کارایان لەحکومەتى داهاتوودا نەمێنێت هەوڵەکانیان بۆ ساختە و هەژمونکردنە سەر دۆخى هەڵبژاردنەکە کە چارەنوسى ئەوان یەکلایى دەکاتەوە کەم بکاتەوە و بەوەش هەست بەمەترسى تر بکەن.

.

گەر ئەم سیناریۆیەش شکستى هێنا، ئەوەى دەمێنێتەوە چەند ڕۆژێکى ترە لەبەردەم عەلاویدا ماوەتەوە، یاخود کابینەیەکى حزبى لەبەرگى تەکنۆکرات و سەربەخۆ هاوشێوەى پێشوو پێكدەهێنێت یاخود ئەویش دیسانەوە شکست دەهێنێت و ناچێتە پەرلەمان و بەوەش قەیرانێکى تر دروست دەبێت؟.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل