fbpx
Shadow Shadow

ناس کورد زانیارى نوێ لەو بارەیەوە ئاشکرا دەکات

حکومەتى هەرێم پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران دەگەڕێنێتەوە؟ [تایبەت]

22:45 هه‌ینی 13 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لەچاوەڕوانى ئەوەدا بوون ئەو پارانەى کە لە قەیرانى دارایى هەرێمدا وەکو پاشەکەوت لە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتەوە گلدەدرایەوە وەربگرنەوە، بەڵام نوێترین لێدوانى وتەبێژى حکومەتى هەرێم لەو بارەیەوە بێهیوای کردن.

.

سەرەتاى ئەم هەفتەیە جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى پاشەکەوتى مووچە و گەڕاندنەوەى ئەو بڕە پارەیە بۆ فەرمانبەران لە میانەى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وتى “پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران یەكێكە لەتەوەرەكانی گفتوگۆی ئێمە لەگەڵ بەغدا، چونكە ئەو پارەیە لەلایەن بەغداوە بڕدراوە نەك هەرێم بڕیبێتی، كە بڕەكەی لەنێوان 8 بۆ 9 ملیار دۆلار دەبێت”.

.

ئەندامێکى کورد لە پەرلەمانى عێراق لێدوانى وتەبێژى حکومەتى هەرێم لەبارەى پاشەکەوتى مووچە و گەڕاندنەوەى ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەخۆران بە نالۆژیکى ناودەبات و لەو بڕوایەدایە دانەوەى پارەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران لە ئەستۆى حکومەتى هەرێمە نەک بەغدا.

.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند “نا واقعییە حکومەتی هەرێم بڵێت بەغدا موچەی فەرمانبەرانی بڕیوە، ڕاستە بەغدا بودجەی هەرێمی بڕیوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی فرۆشتووە و تەنانەت نەوتی کێڵگەکانی کەرکوکیشی فرۆشتووە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە نەدەبوو پاشەکەوت دابنرێت”.

.

وتیشى، دەکرێت هەرێم وەک هاوکاری داوا لە بەغدا بکات، هاوکاری بکات لە دانەوەی قەرزەکاندا، بەڵام بەشێوەی یاسایی ئەوە ئەرکی بەغدا نییە.

.

میرزا بەدوورى دەزانێت بەغدا بچێتە ژێر بارى دانەوەى پارەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بەوپێیەى ئەو پارەیە لەئەستۆى حکومەتى هەرێمە نەک بەغدا.

.

لەنێوخۆى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستانیش روانینى جیاواز بۆ ئەو بابەتە هەیە و فراکسیۆنى پارتى لەو بڕوایەدایە کە گەڕاندنەوەى پارەى پاشەکەوتى مووچەخۆرانى هەرێم لە گەردنى حکومەتى عێراقدایە و بەشێکى ترى فراکسیۆنەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەرێم نایەوێت پاشەکەوتی مووچە بگێڕێتەوە و بۆ ئەوەش بیانوو دەهێنێتەوە.

.

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ناس کورد وتی “لە ڕابردوودا بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێم پاشەکەوتی موچەی سەپاند، بۆیە ئەرکی بەغدایە ئەو پارەیە بۆ هەرێم بگێڕێتەوە و لە دانوستانەکاندا حکومەتی هەرێم جەخت لەو پرسە دەکاتەوە”.

.

وتیشی، ئەو قەرزەی فەرمانبەران لای حکومەتە نافەوتێت و لە هەرکاتێکدا بێت حکومەت دەیگێڕێتەوە بۆ فەرمانبەران.

.

بەپێچەوانەى پەرلەمانتارەکەى پارتى، ئەبوبەکر هەڵەدنى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى یەکگرتوو کە حزبەکەى لەم خولەى پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆنبوونى راگەیاندووە، دانەوەى پارەى پاشەکەوتى مووچە بە ئەرکى حکومەتى هەرێم دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات ئەو بابەتە لە ئەستۆى بەغدا نییە بەوپێیەى بەغدا دەڵێت، ڕۆژانە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە پارەکەی چی لێکراوە؟.

.

هەڵەدنی بێهیوایە لەوەى حکومەت ئەو قەرزانە بداتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەرێم نایەوێت بچێتە ژێر بارى دانەوەى و لەو بارەیەوە هیچ هەنگاوێکى دڵخۆشکەرەى حکومەت بەدى ناکات.

.

هەرچى پەرلەمانتارێکى کوردى بەغدایە بۆ دانەوەى پارەى پاشەکەوتى مووچەخۆرانى هەرێم دوو پێشنیار بۆ حکومەتى هەرێم دەکات.

.

شیروان میرزا، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى، رێگەى یەکەمى دانەوەى پارەى پاشەکەوتى مووچە بەوە دەبەستێتەوە کە حکومەت هەژمارى بانکى بۆ فەرمانبەران دروست بکات و لەو رێگەیەوە فەرمانبەران تەنها بۆ مامەڵەی نێوان فەرمانبەران و حکومەت، هەژمارەکە بەکاربهێنێت.

.

لەبارەى رێگەى دووەمى دانەوەى قەرزەکەش، میرزا پێشنیاردەکات لەکاتێکدا حکومەتى هەرێم هەشت بۆ نۆ ملیار دۆلار قەرزاری فەرمانبەرانە، لەبەرامبەردا هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان نزیکەی پێنج بۆ شەش ملیار دۆلار قەرزاری حکومەتن، دەکرێت ئەو قەرزانە بخرێنە بری یەکتر و ئەوکات نزیکەی سێ بۆ چوار ملیار قەرز لەسەر حکومەت دەمێنێت و دەتوانێت بەشێوەی مانگانە بیداتەوە.

.

 

 

 

 

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل