fbpx
Shadow Shadow

حکومەتى هەرێم پارەى بۆ نۆژەنکردنەوەى شوێنەوارى قزقاپان نییە [تایبەت]

15:02 هه‌ینی 09 ئاب 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

بەشێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان، دوچاری شێواندن و  دەستکاریکردن بوونەتەوە و بەوتەى بەرێوەبەرى مۆزەخانەى سلێمانى “حکومەتى هەرێم پارەى بۆ نۆژەنکردنەوەیان نییە”.

.

هاشم حەمە عەبدوڵا، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی، بە ناس کوردی وت ” بەشێک لە شوێنەوارەکان بە دەستی ئەنقەست و بەبێ ئەنقەست دوچاری شێواندن بوونەتەوە، گرنگترین نموونەش لە سەر ئەو حاڵەتە ئەشکەوتی قزقاپانە، کە لەلایەن کەسانێکى نەناسراوەوە بە بۆیاغ  لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە شتیان نووسیبوو”.

.

بەوتەى هاشم حەمە، ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵی ئەوەدان، ئەو بۆیاغەی کە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکەیە لابەرن، بەڵام بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن، لابردنی بۆیاغەکە کار نەکاتە سەر دیوارەکە و زیاتر نەیشێوێنێ، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندییان بە چەند تیمێکی جیهانی پسپۆڕەوە کردوە لە بواری هەڵکۆڵین.

.

ئەشکەوتی قزقاپان لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە نزیکی 50 کیلۆمەتر دوورە، و نزیکی گوندی زەرزییە، لە هاوینەهەواری چەمی رێزان.

.

ئەشکەوتەکە، بە بەرزایی 10مەتر، لەنێو شاخێکدا ھەڵکەندراوە و کۆمەڵێک نەخشی مادەکان لەسەر دیوارەکانی داتاشراون، کۆمەڵێک ئاسەواری مێژووییان تێدایە، بەڵام لەدوای راپەڕینی  1991 تاڵان کرا، ماوەیەکیش پێش ئێستا لەلایەن چەند کەسێکەوە بەشێک لە دیواری ئەشکەوتەکە بە نووسین شێوێندرا.

.

بەوتەی بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی، زۆربەی شوێنەوارەکانی پارێزگای سلێمانی لە دۆخێکی خراپدان، ئەوەش بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پاراستنیان و نۆژنکردنەوەیان.

.

هاشم حەمە عەبدوڵا، بۆ ناس کوردى روونکردەوە،  ئەو دەرمانەی کە دەتوانێت ئەو بۆیاغەی کە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکەی قزقاپان لابەرێت، بێ ئەوەی کاریگەری خراپ لە سەر دیوارەکە  بەجێبهێڵێت، تەنها لە وڵاتی ئیتاڵیادا هەیە، بەڵام پارەیەکی زۆری تێدەچێت، حکومەتیش ئامادە نییە ئەو پارەیە دابین بکات.

.

بەڕێوەبەرى مۆزەخانەى سلێمانى بە پێویستیزانى هەماهەنگی هەبێت لەنێوان دەستەی گشتوگوزار و شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان و لەو بڕوایەدایە جیاوازی زۆر  لەنێوان شوێنەوارەکان و شوێنە گەشتیارەکان هەیە،  بەگوێرەى ئەوەى نابێت گەشتیار بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ببرێن بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان کە ئەگەرى ئەوە هەیە ببن بە هۆکاری تێکدانی.

.

بەرپرسانى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن ئاشناکردنی شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان بە جیهانی دەرەوە لەپلانی دەستەکەیانە و لە هەوڵى ئەوەدان زیاتر و بەپلەی یەکەم کەسانی پسپۆڕ و گەشتیاری بیانی ببەن بۆ ئەو شوێنانە نەک گەشتیاری ناوخۆیی.

.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە ناس کوردی وت “گەشتیارانی ناوخۆ زیاتر گرنگی دەدەن بە شوێنە گەشتیارییەکان  و سروشتیەکان، کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاریش زیاتر ڕوو لە هاوینەهەوارەکان دەکەن لە هەرێمی کوردستان”.

.

 

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل