Shadow Shadow

حكومه‌تى هەرێم چاكسازى له‌ژماره‌ و شێوازى دامه‌زراندنى پاسه‌وانى په‌رله‌مانتاراندا دەكات [تایبەت]

19:47 پێنج شه‌ممه‌ 08 ئاب 2019
article image

ناس کورد-

 

 

له‌كاتى ده‌ستبه‌كاربوونى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان له‌مانگى تشرینى دووه‌مى ساڵى 2018 ە‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ى نۆ مانگ ده‌كات، بەگوێرەى یاسای تایبه‌تمه‌ند، حكومه‌تى هه‌رێم هیچ پاسه‌وانێكى بۆ په‌رله‌مانتاران دانه‌مه‌زراندووه‌ و خۆیان ئه‌ركى دابینكردنى پاسه‌وانیان گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ناس كوردیش، حكومه‌ت ده‌یه‌وێت چاكسازى له‌ژماره‌ و شێوازى دامه‌زراندنى پاسه‌وانى په‌رله‌مانتاراندا بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى  تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنى پاسه‌وانى په‌رله‌مانتاران كردووه‌.

.

زانا مه‌لا خالید په‌رله‌مانتارى كوردستان له‌فراكسیۆنى پارتى به‌ناس كوردى راگەیاند ” له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى خولى پێنجه‌مى كوردستانه‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ى نۆ مانگه تا ئێستا حكومه‌تى هه‌رێم هیچ پاسه‌وانێكى بۆ دانه‌مه‌زراندوین”.

 

.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره، روونیکردەوە، هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌كان له‌سه‌ر حسابى خۆیان پاسه‌وان و شۆفێریان دابینكردوه‌ بۆنموونه‌ ئه‌و 2 پاسه‌وان و شۆفێرێكى بۆ خۆى دابینكردووه‌ خۆشى موچه‌یان بۆ دابین ده‌كات.

 

.

 

به‌گوێره‌ى یاساى ژماره‌ 15 ى ساڵى 2012 ى په‌رله‌مانى كوردستان ، هه‌موو په‌رله‌مانتارێك 3  پاسه‌وانى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ داده‌مه‌زرێنرێت و له‌كۆتایى خوله‌كه‌شدا پاسه‌وانێك له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و دوو پاسه‌وانه‌كه‌ى دیكه‌ش ده‌خرێنه‌ سه‌ر میلاكى یه‌كه‌ى پاسه‌وانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى ناوخۆ.

.

بەگوێرەى داواكارییه‌كه‌ى حكومه‌تیش له‌ئێستادا ده‌یه‌وێت ژماره‌ى پاسه‌وانى په‌رله‌مانتاران بكاته‌ دووان و هه‌ردووكیشیان به‌شێوازى گرێبه‌ست دابمه‌زرێن نه‌ك هه‌میشه‌یى و له‌گه‌ڵ كۆتایهاتنى خوله‌كه‌شدا گرێبه‌سته‌كانیان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

.

له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ناس كورد په‌یوه‌ندى به‌هه‌ر یه‌كه‌ له‌بریكارى وه‌زیرى ناوخۆ و وته‌بێژى حكومه‌ت و سه‌رۆكى دیوان و سكرتێر و نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ كر،د به‌ڵام هیچ كامیان وه‌ڵامى په‌یوه‌ندیه‌كه‌یان نه‌دایه‌وه‌.

.

زانا خالید جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە “حكومه‌ت ناتوانێت ئه‌و یاسایه‌ هه‌ر له‌خۆیه‌وه‌ ده‌ستكارى بكات و كارى ئه‌و نیه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ناوى چاكسازییه‌وه‌ گه‌ر بیه‌وێت بیكات ده‌بێت یاساكه‌ هه‌موار بكاته‌وه‌ یاخود یاسایه‌كى تر په‌سه‌ند بكرێت””.

 

.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ناس كورد، پرسى چاكسازى له‌ پاسه‌وانى په‌رله‌مانتاران كه‌ به‌بابه‌تێكى كه‌سى له‌لاى په‌رله‌مانتاران هه‌ژمار ده‌كرێت، یه‌كه‌مین هه‌نگاوى كابینه‌ى نۆیە‌ پێده‌چێ گرژى له‌نێوان ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌یه‌دا دروست بكات، به‌تایبه‌تى تا ئێستا پەرلەمانتاران نازانن هۆى چییه‌ پاسه‌وانیان بۆ دانه‌مه‌زراوه ‌و به‌هه‌مان شێوه‌ هۆى چییه‌ حكومه‌ت سه‌ره‌تا ده‌ست بۆ پاسه‌وانه‌كانى ئه‌وان ده‌بات.

.

بژار خالید سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى له‌په‌رله‌مانى كوردستان  به‌ناس كوردى وت ” پێده‌چێ حكومه‌تى هه‌رێم هۆكارى دانه‌مه‌زراندنى پاسه‌وانى په‌رله‌مانتارانى بۆ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایەتى باسكردبێت به‌ڵام ئێمه‌ هۆكاره‌كه‌ى نازانین و تائێستاش ئاگامان لێ نیه‌”.

 

.

وتیشى ” خۆمان پاسه‌وانمان دابینكردووه،‌ تا ئێستا هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كمان له‌حكومه‌تەوه‌ پێنه‌گه‌یشتوه‌ كه‌ هۆى چییه‌ تا ئێستا پاسه‌وانى دانه‌مه‌زراندووه‌ و ڕێكاره‌ یاسایەكانى له‌و باره‌یه‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ و ئێمه‌ش وتومانه‌ ماقوڵ نییه‌ ئه‌م هه‌موو كێشه‌یه‌ هه‌یه‌ به‌ته‌نگ خه‌مى پاسه‌وانى خۆمانه‌وه‌ بین”.

.

سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، حكومه‌ت ده‌یەوێت له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ چاكسازى بكات به‌ڵام پاره‌ى میلله‌ت له‌لاى حكومه‌ته‌ نه‌ك په‌رله‌مان و ده‌بێت حكومه‌ت چاكسازى له‌خۆیه‌وه‌ ده‌ستپێبكات بۆنموونه‌ ماقوڵ نییه‌ وه‌زیرێك 20 پاسه‌وانى هه‌بێت، چونكه‌ به‌ وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ شه‌فافترین كاروباره‌كان له‌په‌رله‌مانەوه‌ن به‌تایبه‌تى یاسای پاسه‌وانى به‌ڕوونى دیاریكراوه‌.

.

تاوه‌كو ساڵى 2012 دامه‌زراندنى پاسه‌وانى په‌رله‌مانتاران به‌شێوازێكى یاسایى ڕێكنەخرابوو، دواى په‌سه‌ندكردنى یاساى تایبه‌ت به‌دامه‌زراندنى په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ره‌تاى هه‌ر خولێكیشدا  3 پاسه‌وانى 111 په‌رله‌مانتار داده‌مه‌زرێن و له‌كۆتایى خوله‌كه‌شدا وه‌كو دامه‌زراندنى هه‌میشه‌ى ده‌مێیننه‌وه‌ و دابه‌شده‌كرێنه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌تدا.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل