fbpx
Shadow Shadow

مەریوان وریا قانع

جەنگ یان ناجەنگ

23:23 سێ شه‌ممه‌ 07 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس بیروڕا – مەریوان وریا قانع

.

کوشتنی قاسم سولەیمانی کردەیەکی سیاسیی پلە یەکە، کوشتنی پیاوێکە نوێنەرایەتی سیاسەتی ئێرانی دەکرد لەو بەشەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا کە ھێزی سیاسیی و چەکداریی سەر بە ئێرانی تێدایە. قاسمی سلێمانی لە یەک کاتدا ڕۆڵی وەزیری دەروە و وەزیری بەرگریی و نوێنەری سوپی پاسداران و متمانەپێکراوی ژمارە یەکی بەھێزترین کەسی ئێرانی دەکرد: ئایەتوڵا خامەنەئیی. قاسمی سلێمانی لە ھەموو ئەم کارانەدا نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ”دەوڵەتی قووڵ“ی لە ئێراندا، دەکرد. بەم مانایە مانا ڕەمزییەکانی کوشتنی ئەم پیاوە لە مانا واقیعیی و فیزیاییەکانی گەورەترە. ئەوەی پەلامار ئەدرێت تەنھا ژەنەڕاڵێکی خاوەن نفوز نییە، بەڵکو کۆی ئەو ھەموو شتانەیە لە پشتی ئەوەوە. ھاوکات ئاماژەیەکی بەرچاویشە بۆ قبووڵنەکرنی ئەو ڕۆڵە سیاسیی و سەربازییانەی ئێران لە ناوەچەکانی کەنداوی عەرەبیی و لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەندا دەیبینێت. کوشتنی ئەم ژەنەڕاڵە لەم ئاستەدا مانای ھەوڵدانی ئەمریکا و دۆستەکانیەتی لە ناوچەکەدا بۆ گەڕاندنەوەی کاریگەرییەکانی دەوڵەتی ئێرانی بۆ ناو سنوورەکانی ئێران خۆی.

.
ماوەی چەند ساڵێکە دەوڵەتی ئێرانی لە ژێر فشارێکی ئابوریی و سیاسیی و سەربازیی گەورەدایە. دۆخی ئابوریی وڵاتەکە وێرانە، بەشێکی گەورەی دانیشتوانەکەی تەواو ھەژارکەوتون، ئاسایشی ناوخۆ لە دۆخێکی تەواو ناجێگیردایە، بوونی چەندان دەزگای سێبەری تەریب و بەھێز، بە دەزگا فەرمیەکانی دەوڵەت،. مانایەکی ئەوتۆی بۆ بوونی دەوڵەت و حکومەت و پەرلەمان و وەزارەت و دەرکەوتە فەرمییەکانی تری دەوڵەت، نەھێشتۆتەوە. ئابوری سێبەر، حکومەتی سێبەر، دەزگای سێبەر، سوپای سێبەر، ئەو شتانەن کە ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن.

.
ھەرچی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکایە پەیوەندییەکی پەڕگیر و ڕادیکاڵ و نائاساییە. بەر لە شۆڕشی ئیسلام شای ئێران ڕۆڵی پۆلیسێکیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا دەگێڕا و دۆستی ژمارە یەکی ئەمریکا بوو، کە خومەینی ھات ئەم پەیوەندییە بۆ دیوە پەڕگیرەکەی تری قڵپبووەوە و ئەمریکا، لانیکەم لە ئاستی گوتاردا، بوو بە ناحەزی ژمارە یەکی ئێران. ئەوەی دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی ڕوویدا فڕێدانی بەنزینە بۆسەر ئاگری ئەو پەیوەندییە پڕ لە خاڵ و ئەگەری تەقئنەوە. بەڵام وەک زۆرێک باوەڕیان وایە، ئەگەری ڕوودانی جەنگ زۆر لاوازە، زەحمەتە جەنگ ببێتە فۆرمی ئەو پەیوەندییە پەڕگیرە لە ئێستادا.

.
ئایەتوڵاکانی ئێران نایانەوێت بڕوخێن، بۆیە مەحاڵە ئەم دۆخەی ئێستا بگەیەننە ئاستی جەنگ و پێکدادان. ئەوان دەزانن جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا مانای کۆتاییھاتنی خۆیان و جمھورییە ئیسلامییەکەیان. کەس ئەم ڕاستییە سادە نەزانێت، ئایەتوڵا ملییۆنێرەکانی ئێران و ئەفسەرە گەورەکانی سوپای پاسداران و ھێزە چەکدار و ئەمنییەکانی ڕژێم، ئەم ڕاستییە دەزانن. ھەموو پێکھاتەکانی ”دەوڵەتی قووڵ“ لە ئێراندا ئەم ڕاستییە دەزانن. ئێرانییەکان ئەو ڕاستییەش باش دەزانن کە بەشێکی گەورەی خەڵکی عێراق و لوبنان، دەستخستنە سیاسەتی ناو وڵاتەکەیان لەلایەن ئێرانەوە قبووڵناکەن و داوای پاشەکشەی ئێران لە وڵاتەکەیان دەکەن. ئەمریکییەکانیش لە خەمی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی ئێراندا نین، ئەوان لە چەندان بۆنەدا ئەم مەسەلەیەیان ئاشکراکردوە. ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت قرتاندنی نینۆکە ئەتۆمیی و موشەکیی و ھێزە پرۆکسیی و لەبرییەکانی ئێرانە. بەڵام ئەوەی حوکمی سیاسەت دەکات، مەرج نییە ھەمیشە عەقڵانیەت و بیرکردنەوەی لۆژیکیی بێت، جەنگ دەشێت لە سایکۆلۆژیایەکی شەخسیی و لە وەڕسبوون و ڕقێکی لەمێژینەوە دروستببێت. لە دۆخی ڕوودانی جەنگدا بۆ ماوەیەکی درێژ شتێک لە ئێران و عێراقدا بەناوی دەوڵەتەوە بوونی نامێنێت، ناوچەکە دابەشدەبێت بۆ چەندەھا ئیمارەتیی بچووک بچووک، کە تیایدا گەورە بچوک و بەھێز بێھێز دەخوات.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل