fbpx
Shadow Shadow

جۆن بۆڵتۆن: ماڵئاوا

12:05 چوار شه‌ممه‌ 18 ئه‌یلول 2019
article image

ناس بیروڕا – سەردار عەزیز

.

ئایا کاتی ئەوەیە کە مەرگنامەی ژیانی سیاسی جۆن بۆڵتن بنوسین؟ ئەستەمە، چونکە ئەمە یەکەمجار نیە کە بۆڵتن، ڕوبەڕوی سەختی و ئەگەری کۆتایی دەبێتەوە. جۆن بۆڵتن کەسایەتیەکی سەرنجڕاکێشە. لێرەدا لەم نوسینەدا بە باسکردنی ئەو مەبەستمان زیاتر تێگەیشتنە لە سروشتی سیاسەتکردن لە ئەمریکا. بۆڵتن لە دایک بوی ساڵی ١٩٤٨، یەکێکە لەو سیاسیە کۆنانەی کە لە چەندین ئیدارەی جیاوازدا کاری کردوە. بۆڵتن لە باوکێكی کۆماریە کە پیشەی ئاگرکوژێنەوەبو. بەڵام دەرفەتی ئەوەی دەستدەکەوێت کە لە زانکۆی ییەڵ بخوێنێت لە هەمان سەردەمی هەردو کلینتۆندا. ئەو وەها ناسراوە کە بێ هاوڕێیە، جگە لە ئیشکردن هیچ شتێکی تر نیە لە ژیانیدا، هەمو ڕۆژێک زو لە خەو هەڵدەستێت و پلانی ئەوەیە کە چۆن شەڕی نەیارەکانی بکات. وەک لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێئەدات کە کاتی نیە بۆ ملکەچ بون یان تەسلیمبون، ئەمەش ناونیشانی کتێبەکەیەتی.

.
بۆڵتن کە هەندێک شێوەی دەچێتە سەر نوسەری ئەڵمانی گۆنتەرگراس، هەمیشە مۆن و توڕە دیارە، بەڵام ئەوەی تەنانەت نەیارانیشی دانی پیادا دەنێن ئەوەیە کە کەسێکی خاوەن زانیاری و مەعریفەیە. پێش ئەوەی قسە لە سەر ئەوە بکەین کە ئایا بۆڵتن سەر بە چ قوتابخانەیەکە و چۆن کار دەکات و دونیا دەبینێت. پیویست دەکات بە کورتی ئاماژەیەک بە گوندی واشنتۆن بدەین، وەک دەڵێن. لە ئەمریکا خەڵکان وگروپی جیاوازی زۆر هەن کە هەڵگری دید و بەرژەوەندی جیاوازن، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان کە دەستیان بگاتە حکومەت هەتا لە ڕێگای توانا و هێزی حکومەتەوە ئەوەی باوەڕیان پێیەتی فەراهەمی بکەن.

.
ئەم گروپ و کەسایەتییانە بە پێی دۆخ و بەرژەوەندی مامەڵە لە گەڵ یەکتردا دەکەن. لە هەمانکاتدا ئەمانە ناوەندی جیاوازیان بەرهەمهێناوە کە بە ثنک-تانک ناسراوە، لێرەوە لە گەڵ سوپای لۆببیکەرەکانی واشنتۆندا تێکەڵ دەبن. لۆببیکەر هێندە کاریگەرە کە زۆربەی پرسیاری ئەندامانی کۆنگریس لە لایەن لۆبیکەرانەوە دەنوسرێتەوە.

.
بۆڵتن خاوەن دیدی تایبەتی خۆیەتی کە لە سەر بنەمای ئەو دیدە دورو نزیکی لە گەڵ ئەوانیتردا دادەڕێژێت. وەک دەڵێن کە ئەو سەر بە نیوکۆسێرڤەتیڤەکانە. بەڵام ئەمە لای خۆی مایەی قبوڵ نیە. هەرچەندە ئەو لە گەڵ ئەو گروپەدا کاری کردوە، بۆ نمونە لە واژۆکردنی نامەی لێدانی عێراق، بەڵام بۆڵتن جیاوازە لە پارێزەرەنوێکان بەوەی ئەم بڕوای بە بونیادنانی دەوڵەت و نەتەوە نیە لە دەرەوەی ئەمریکا. بۆڵتن بە ئیشی ئەمریکای نازانێت کە بڕوات لە جێگاکانی تر دیموکراسی بڵاوبکاتەوە و دەوڵەت بونیادبنێت. بەڵکو کاری سەرەکی ئەمریکا ئەوەیە کە نەیارەکانی لە ناو بدات و باڵادەست بێت لە دونیادا. بەم پێیە ئەو هەتا ئەو کاتە لە گەڵ شەڕی عێراقدا بو کە سەدام لابرا، پاش ئەوە پشتیوان نەبوو. بۆڵتن بەم جۆرە خۆی لە بەرپرسیارێتی دەزێتەوە بەرامبەر هەر شکستێک. ئەم بنەمایە هاوکاریمان دەکات کە دونیابینی بۆڵتن دابڕێژین. بۆڵتن بە گشتی کەسێکی هۆبزییە. هۆبز فەیلەسوفی گەورەی ئینگلیزی کە لە سەردەمی جەنگی ناوخۆی ئینگلیزدا ژیا و دونیای وەها دەبینی کە جەنگەڵە و مرۆڤاکان نەیاری یەکترن و دەبێت هێزێکی باڵا هەبێت کە مرۆڤەکان ملکەچ بکات هەتا لە ئەنجامدا ئارامی و ئاسایش بێتە ئاراوە، بەبێ بونی سەروەرێکی وەها پشێوی باڵ دەکێشێت بە سەر دونیادا و ژیان دەبێتە شتێکی کورت و سەخت و ناخۆش.

.
هۆبزیەتی بۆڵتن لەوەوەیە کە دونیا جەنگەڵە و هێز گرنگترین خەسڵەتە و دۆستایەتی بونی نیە. ئەم بنەمایە پاڵنەری سەرەکی ئەوە کە دژ بە هەمو ئەو ناوەند و ڕێکخراوانە بێت کە ئەمریکا تیایدا ئەندامە. چونکە بەڕای ئەو ئەمانە هەمو ڕێگرن لەوەی کە ئەمریکا هێزی خۆی بنوێنێت و باڵادەستی خۆی بسەپێنێت. بۆیە کە لە نەتەوە یەکگرتوەکان بو وەک باڵوێز، بڕوای وەها بو کە دەقاتی بیناکە زیادەیە. شایانی باسە کە کۆنگریس باڵویزێتی ئەویان قبوڵ نەکرد، بەڵام بۆش فێڵی لە کۆنگریس کرد، لە کاتی پشوی کۆنگریسدا ئەوی لە پۆستەکەی دانا.

.
بۆڵتن بروای بە دانوستان نیە لە گەڵ ئەوانەی کە نەیاری ئەمریکان، چونکە بروای وەهایە کە ئەوانەی کە نەیاری ئەمریکان ئەگەر بێتو تێکنەشکێنرێن ئەوا هەرکاتێک دەرفەتیان هەبێت زەفەر بە ئەمریکا دەبەن. ئەمەش بنەمای ناکۆکی بوو لە گەڵ ترەمپدا، کاتێک ترەمپ بۆ خۆ نواندن دانوستان دەکات . ترەمپ بروای وەهایە کە ئەو نوسەری کتێبی هونەری رێککەوتنە، کەس نیە لە دونیادا ئەو نەتوانێت لە گەڵیدا ڕێک نەکەوێت . ئەمە یەکێکە لە وەهمە ناکۆتاکانی ترەمپ دەربارەی خۆی و دونیا و ئەمریکا. بۆڵتن گاڵتەی بەم هەڵسوکەوتانەی ترەمپ دێت. ئەوەی بۆڵتن و ترەمپی کۆکردوە دروشمی پێشینەیی ئەمریکایە. وەک لە دێرەکانی سەرەوەدا باسمکرد، کە ئامانجی بۆڵتن باڵادەستی ئەمریکایە، ئەمەش هەماهەنگە لە گەڵ دروشمی پێشینەیی ئەمریکا. هەرچەندە دروشمی ئەمریکا فێرست، بنەمایەکی ڕەگەزپەرستی هەیە، کە ترەمپ کێشەی نیە لە گەڵیدا.

.
دەکرێت بوترێت کە بۆڵتن سەروەریستە، یان سۆڤرینیست: ئەمەش بەمانای ئەوەی کە بروای بە سەروەری ئەمریکایە و دژ بە هەمو ئەو کەس و وڵات و ڕێکخراو و هێزانەیە کە ڕێگرن لە سەروەری ئەمریکا.

.
بۆڵتن بۆ کورد باش بو. یەکێک بو لەو کەسانەی کە ڕێگربو لە فەراهەمکردنی پلانەکەی ترەمپ بە کشانەوە لە سوریا. هەروەها پشتیوانی دەوڵەتی کوردییە. هەمو ئەوانەی لە بۆڵتنەوە نزیکن چاوەڕوانی ئەوەن کە بزانن هەنگاوی داهاتوی ئەو چیە. چونکە ئەو کەسێک نیە ملکەچ بێت و وەڵام نەداتەوە، وەک ماکماستەر و ئەوانی تر.

.
ئیدارەی ترەمپ یان ترەمپ سەرەتا هەستی بە لاوازی دەکرد بۆیە خۆی بە جەنەڕاڵە کۆنەکانی سوپا دەورەدابو. بەڵام هەمویان توشی کێشەبون لە گەڵیدا. بۆڵتنی لە ناچاری هێنا هەرچەند لەیەکترەوە نزیکن بەهۆی ئەوەی کە بۆڵتن لە فۆکس نیوز، چاودێری سیاسی بوو. ئێستا ترەمپ پەنا دەباتە کەسانی لاوی بێ ئەزمون هەتا ملکەچی مسوۆگەر بکات. یەکێک لەو کەسانەی کە کراوە بە بەرپرسی مەلەفی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ماوەیەک لەمەوپێش چایچی بوو، مەبەستم ئەوەیە کە قاوەی دادەنا بۆ میوانان

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل