Shadow Shadow

"خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و پۆستى ڕێكخه‌رى گشتى نوێ ناكرێنه‌وه"

جارێكى تر عومه‌رى سه‌ید عه‌لى له‌پۆسته‌كه‌یدا ده‌مێنیته‌وه‌ [تایبەت]

19:30 یه‌ك شه‌ممه‌ 14 ته‌موز 2019
article image

ناس كورد- خالید عه‌بدولكه‌ریم

 

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌كاتى دیاریكراوى خۆیدا، پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆ خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتى ئه‌نجام نادات و بۆ كاتێكى نادیار دوایده‌خات، ڕێكخه‌رى گشتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیه‌ هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى و كۆنفڕانس له‌ئێستادا ببه‌سترێت و جارێكى تر هه‌وڵى مانه‌وه‌ى له‌سه‌ر خواستى كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا له‌پۆسته‌كه‌ى ده‌دات.

.

 

 

25ى ته‌مموزى ساڵى 2017، له‌دواى کۆچى دوایى نه‌وشیروان مسته‌فا رێکخەرى گشتى گۆڕان بۆ یه‌كه‌مجار جڤاتى نیشتیمانى كۆبوویه‌وه‌ و ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌كه‌ى هه‌ڵبژارد.

.

25 ى تەمموزى ئەم مانگەش به‌پێى ده‌ستورى ناوخۆیى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دوو ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و به‌رواره‌دا تێپه‌ڕده‌بێت، هه‌ر یه‌كه‌ له‌خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتى شه‌رعیه‌تى هه‌ڵبژاردنیان نامێنێت، چونكه‌ یانزه‌ ڕۆژى تر هه‌ریه‌كه‌ له‌و دوو ده‌زگایه‌ ماوه‌ى یاسایى و ڕێكخراوەیى خۆیان به‌پێى ده‌ستوره‌كه‌یان كۆتایى دێت، به‌ڵام به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست (ناس كورد) كه‌وتووه‌، له‌كاتى دیاریكراوى خۆیدا هه‌ڵبژاردن بۆ هیچ یه‌كێك له‌و دوو ده‌زگایه‌ ئه‌نجامنادرێت و تا ئێستاش ئاماده‌كارى بۆ پڕۆسه‌كه‌ نه‌كراوه‌.

 

.

به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەى کە ناس كورد، ‌له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ئێستادا ڕێكخستنه‌وه‌ى گۆڕان و ئه‌نجامدانى كۆنفڕانس و هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى گۆڕانى كردووه‌ته‌ سێ گروپى جیاواز‌ كه‌پێشتر له‌چه‌ند پڕۆسه‌یه‌كى سیاسى ئه‌و حزبه‌دا له‌یه‌ك تیمدا كاریان ده‌كرد، به‌تایبه‌تى له‌كاتى تاپۆكردنى گرده‌كه‌ و كێشه‌كانى میدیاى گۆڕان و كێشه‌ى سه‌رچاوه‌كانى بڕیار و داهاتى بزوتنه‌وه‌كه‌، به‌ڵام ئێستا جیاوازتر ده‌رده‌كەو‌ن، ئه‌وانیش گروپى ماڵى نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ كه‌ چیاى كوڕى سه‌رپه‌رشتى ده‌كات، گروپى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى‌ كه‌ به‌شێك له‌به‌رپرسه‌ كۆنه‌كانى ناو یه‌كێتى له‌گه‌ڵدایه‌، گروپى یوسف محەمەده‌ كه‌ ئه‌ویش به‌وه‌ ناسراوه‌ نزیكه‌ له‌كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا و ڕاسپارده‌كانى ئه‌و ماڵه‌ جێبه‌جێ ده‌كات، ئێستا ئه‌م سێ گروپه‌ ڕاى ناكۆكیان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى و گرێدانى كۆنفڕانس هه‌یه‌.

.

بۆ دانانى ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك به‌پێى ده‌ستورى بزوتنه‌وه‌كه‌ و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى و ده‌رچوون له‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ كه‌ گۆڕانى گیرۆده‌ كردووه، ڕۆژى 20ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى2018، جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى چه‌ند كاتژمێرى له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا لایه‌نگران و خه‌ڵكى كوردستانى له‌وه‌ دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ له‌كاتێكى دیاریكراودا، كۆنفڕانس ده‌به‌ستێت و بۆ دووباره‌ خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ش هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى ئه‌نجام ده‌دات.

.

ده‌ستكاریكردنى ناوه‌ڕۆكى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى جڤات پێش بڵاوكردنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن عومه‌رى سه‌ید عه‌لییه‌وه‌ ئاماژه‌كانى دواكه‌وتن و پابه‌ند نه‌بوون به‌و به‌ڵینه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وانى تر زوو ده‌ركه‌وت.

.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادارى نێو ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ى جڤاتى نیشتیمانى به‌ناس كوردى وت، له‌كۆبونه‌وه‌ى جڤاتدا بڕیاردرا سێ مانگى تر له‌دواى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یە‌، هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى ئه‌نجامبدرێت و كۆنفڕانسیش ببه‌سترێت به‌ڵام عومه‌رى سه‌ید عه‌لى فشارى كردوه‌ له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى جڤاتدا هیچ كاتێك بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و كۆنفڕانس دیاری نه‌كرێت و ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ش له‌ژێر فشارى ئه‌ودا بەو شێوه‌یه‌ى لێكرا و به‌وه‌ش یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسانه‌ به‌تایبه‌تى هه‌ڵبژاردنى خانه‌ و ڕێكخه‌رى گشتى خسته‌ ده‌ستى قه‌ده‌ره‌وه‌.

.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند، له‌كاتى دیاریكراوى خۆیدا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ناتوانێت هه‌ڵبژاردن بۆ خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتى ئه‌نجام بدات، پێده‌چێ به‌پاساوى ئه‌وه‌ى جڤاتى نیشتیمانى خۆى كاته‌كه‌ى به‌سه‌ر چووه‌ و ناتوانێت هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و دوو ده‌زگایه‌ ئه‌نجام بدات هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوا ده‌خه‌ن بۆ كاتێكى نادیار.

 

.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌و گروپانه‌ كه‌ى بیانه‌وێت جڤات ده‌كه‌ن به‌ به‌رده‌ باز و كه‌ى نه‌شیانه‌وێت ده‌ڵین جڤاتیش شه‌رعیه‌تى نه‌ماوه‌، به‌ڵام ڕاستیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ جڤات به‌رده‌وامه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كانى، ئه‌وه‌تا چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا بڕیارى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى سیڤى كاندیده‌ وه‌زارییه‌كانى خسته‌ ده‌ستى ڕێكخه‌رى گشتى، ئیدى بۆچى ناتوانێت هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجام بدات..؟!

.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ناس كورد، جگه‌ له‌دواخستنى هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتى، له‌ئێستاشدا گۆڕان ناتوانێت هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیش (له‌ئاكامى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و له‌پڕۆسه‌یه‌كى تردا له‌سه‌ر ئاستى مه‌كۆكانه‌وه‌، ئه‌ندامانى جڤاتى نیشتیمانى هه‌ڵده‌بژێردرێن) ئه‌نجام بدات و له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ له‌قه‌یرانێكى قوڵى ڕێكخراوه‌یدایه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاكان و ڕایه‌ڵه‌ و بازنه‌كان به‌ستاف یاخود به‌گروپ ده‌ستیانله‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ و له‌هه‌ندێ مه‌كۆشدا به‌رپرسه‌كانیشیان وازیان هێناوه‌ و له‌ئه‌گه‌رى ده‌ستبردن بۆ هه‌ڵبژاردنى گشتیش به‌هۆى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ئێستا گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتیدا گرتویه‌تیه‌ به‌ر بووه‌ته‌ جێى توڕه‌یى و ناڕه‌زایه‌تى ده‌نگده‌ران و ئه‌ندامانى، زۆربه‌ى ڕێكخستنه‌كانیشى ئه‌وانه‌ى كه‌ ماون هه‌ره‌س بهێنێت و وازهێنانى یه‌كجاره‌كى خۆیان ڕابگه‌یه‌نن،به‌تایبه‌تى له‌ناوچه‌ى گه‌رمیان و ناو شارى سلێمانی.

.

 

هه‌ر به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ناس كورد، له‌ئێستادا عومه‌رى سه‌ید عه‌لى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن ئه‌نجام بدرێت تا ئه‌و كاته‌ى ده‌رفه‌تێكى باشترى بۆ ده‌ڕخسێت، چونكه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت بۆ خولێكى تر له‌پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كوڕانى نه‌وشیروان مستەفا پشتیوانى ده‌كه‌ن و به‌كه‌سێكى نزیكى خۆیانى ده‌زانن كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ماڵى نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌دات.

 

.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست ناس كورد كه‌وتووه‌، عومه‌رى سه‌ید عه‌لى پێیخۆش نیه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ جه‌مال محمد و جه‌لال جه‌وهه‌ر ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن پۆستى حكومى وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ى له‌خانه‌دا له‌گه‌ڵى بمێننه‌وه‌ وه‌كو یه‌ك تیم كه‌ پێشتریش له‌یه‌كێتى پێكه‌وه ‌بوون و له‌ناو گۆڕانیشدا چاره‌نوسیان پێكه‌وه‌ ببه‌سترێت و به‌دوركه‌وتنه‌وه‌یان له‌كاتى وه‌رگرتنى پۆستى حكومیدا سه‌ید عه‌لى به‌ته‌نها به‌جێ نه‌هێڵێن.

 

.

 

سه‌رچاوه‌كانى ناس كورد، ئه‌وه‌شیان دركاندووه‌، دواى ته‌واوبوونى یه‌كجاره‌كى پرۆسه‌ى به‌شداریكردنى گۆڕان له‌حكومه‌تدا، بۆ ڕاكێشانى سه‌ر‌نجى ڕاى گشتى و ئه‌ندامانى، كۆنگره‌یه‌كى شكڵى ده‌به‌ستن و له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه‌به‌پێى ده‌ستورى گۆڕان هه‌ڵبژاردنى تێدا ئه‌نجام نادرێت، ته‌نها  په‌یڕه‌وى ناوخۆ هه‌موار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌روازه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م گروپه‌ ناكۆكه‌كانى ناو گۆڕاندا بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چۆن خۆیانى پێ ده‌رباز بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى و دواتر داڕشتنه‌وه‌ى هه‌یكه‌لێكى نوێ بۆ جڤات، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن بۆخانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتیدا، چاره‌نوسى سیاسى كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا و گروپه‌ ناكۆكه‌كانى تر فه‌راهه‌م بكرێت.

.

زانیارییه‌كانى ناس كورد ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌منزیكانه‌ و بۆ لادانى ته‌ركیزى خه‌ڵك و هه‌وادارانیان، پێده‌چێى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌پاساوى نه‌بونى كات و ده‌رفه‌ت و تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ ناوخۆییه‌كه‌ى، ماوه‌ى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتى درێژ بكاتەوە‌، یاخود سیناریۆى پێدانى ده‌سه‌ڵات به‌ڕێكخه‌رى گشتى كه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كان كردى دووباره‌ بكاته‌وه‌.

.

زانیارییه‌كانى ناس كورد ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه‌، گروپه‌ جیاوازه‌كانى ناو گۆڕان، ته‌نها له‌سه‌ر ناونیشان و ئاینده‌ى سیاسیان ناكۆكن، ئه‌گینا له‌سه‌ر پرسه‌ ستراتیژى و بڕیاره‌ چاره‌نوسسازه‌كان به‌تایبه‌ت له‌باره‌ى پرۆژه‌ یاساكان له‌په‌رله‌مان و بڕیاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانى گۆڕان بۆ به‌شدارى له‌ده‌سه‌ڵات و قه‌یرانى به‌بنه‌ماڵه‌بوونى گۆڕان، كۆك و ته‌با و بێ گرفتن.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل