Shadow Shadow

تەنها لە دوو مانگدا.. نۆ کەس بە دەستى کەسانى پلە یەکی خۆیان لە هەرێم کوژراون [تایبەت]

15:50 پێنج شه‌ممه‌ 01 ئاب 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ڕووداوەکانی کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن کەسانی پلە یەکی خێزانەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاد بووە، بەپێی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، لە ماوەی دوو مانگدا نۆ حاڵەتی لەو شێوەیە ڕوویانداوە و توێژەرێکی دەرونیش چاوچنۆکی و لاوازی سیستمی پەروەردە بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت.

.

ناس کورد چەندین جاڵەتى دیکەى کوشتن و بریندارکردنی پلەى دووی خێزانەکانى دەستکەوتووە، بەڵام لەم ڕاپۆرتەدا باس لە کوشتن لەلایەن کەسانى پلە یەکەوە دەکەین، کوشتنی برایە بە دەستی براکەی، یاخود دایک و باوک بە دەستی کوڕ، وە یان خوشک بە دەستی برا و چەند جۆری دیکەش.

.

تەنها لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، دایکێک و دوو باوک و دایکێک بە دەستى ڕۆڵەکانیان کوژراون، سێ کەسیش برای خۆیان کوشتووە و هەروەها کەسێک خوشکێکی خۆی کوشتووە و کەسێکی دیکەش هاوسەرەکەی.

لە بەشی خوارەوەى ئەم ڕاپۆرتەدا، وردەکاری سەرجەم ڕووداوەکان باسکراوە کە نوێترینیان ئەمڕۆیە کە پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سنوری‌ قەزای‌ چەمچەماڵ، کەسێک براکەی‌ خۆی‌ کوشت‌ و پاش تێپەڕبونی‌ چەند کاتژمێریک بەسەر ڕوداوەکە، مەفرەزەکانی‌ بنکەی‌ پۆلیسی‌ قەرەناو بکوژەکەیان دەستگیرکرد.

.تەنها لە دوو مانگدا.. نۆ کەس بە دەستى کەسانى پلە یەکی خۆیان لە هەرێم کوژراون [تایبەت]

بەپێی لێدوانی فەرمی پۆلیس، بەشێک لە هۆکارەکان دەگەڕێنەوە بۆ کێشەى ماڵ و دارایی و هەندێکی دیکەشیان پەیوەندییان بە لایەنی دەرونی کەسەکانەوە هەیە، هەندێکیشیان بە هۆکاری جیاواز.

لەبارەى هۆکارەکانى زیادبوونی ئەو حاڵەتانە، سەیران عەبدوڵا، توێژەری دەروونی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایان لە تاکەکانی خێزان کردووە ئەو ڕێزگرتن و خۆشەویستییەی لە ڕابردوودا لە نێوانیاندا هەبوو لەئێستادا نەماوە و هەموو کەس دەیەوێت سەربەخۆیی خۆی هەبێت و پەیوەست نەبێت بە خێزانەوە، ئەوەش شتێکی نوێیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا و زۆرجار دەبێتەهۆی دروستبوونی کێشە لەنێوان ئەندامانی خێزاندا و کەوتنەوەی ئەو ڕووداوانە”.

.تەنها لە دوو مانگدا.. نۆ کەس بە دەستى کەسانى پلە یەکی خۆیان لە هەرێم کوژراون [تایبەت]

وتیشی، هۆکارێکی دیکە سیستمی پەروەردەیە، پەروەردە لە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە زۆر و خێرایەی لە کۆمەڵگادا دروستبووە پێشبکەوێت، هەربۆیە لە سیستمی پەروەردە لە ئاست کۆمەڵگادا نییە و هەروەک ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو وایە.

“پەروەردەیەکی لاوازمان هەیە، هەر لە پەروەردەی خێزان، تا پەروەدەی قوتابخانەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانیش، تائێستا لە قوتابخانەکاندا، وانەیەکی بەهێزی پەروەردەیی بوونی نییە کە لە سیستمی پەروەردەدا جێگەی کرابێتەوە و وەک وانەیەکی گرنگ بخوێندرێت”، سەیران عەبدوڵڵا وای وت.

.تەنها لە دوو مانگدا.. نۆ کەس بە دەستى کەسانى پلە یەکی خۆیان لە هەرێم کوژراون [تایبەت]

ئەو توێژەرە دەروونییە هۆکاری دارایی و باری ئابوری خەڵکیشی بە هۆکارێکی گرنگ زانی و ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی زۆریش لەو ڕووداوانە بەهۆی کێشەی دارایی و پارەیە لەنێوان ئەندامانی خێزاندا، کە لە سەردەمی ئێستادا پارە بووەتە بەشێکی زۆر گرنگ لە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا و زۆرجار دەخرێتەپێش پەیوەندییە خێزانییەکانەوە و کێشەی گەورەی لەسەر دروست دەبێت.

.

هاوکات سەیران عەبدوڵا پێیوایە، دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕن لەو پرسەدا و پێویست نییە بۆ زیادکردنی خوێنەری خۆیان، بەتەواوی و وردی چۆنێتی ڕووداوەکە و تاوانەکە بۆ هاوڵاتیان باس بکەن، کە ئەوەش وادەکات، کەسانی دیکە لاسایی ئەو جۆرە لە کوشتن و تاوان بکەنەوە، بەڵکو پێویستە لەڕێگەی هۆشیارکردنەوەوە ئەو تاوانە لای تاکەکان قێزەون بکەن و بە هاوکاری ڕێکخراوەکان تاکەکانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی تەندروست پەروەردە بکەن.

.

پانۆرامای ئەو ڕووداوانە لە دوو مانگی ڕابردوودا

.

9ی حوزەیرانی 2019 لە  لەگەڕەکی عەباسی، لە سەنتەری قەزای زاخۆ پیاوێکی 42 ساڵی ژنە 34 ساڵانەکەی خۆی خنکاند، کە بەگوێرەی زانیارییەکان پیاوەکە نەخۆشی دەروونی هەبووە.

.

12ی حوزەیرانی 2019 لە ڕەواندوز کوڕێکی تەمەن 22 ساڵ دایکە 65 ساڵانەکەی خۆی بەهۆی دروستبوونی  دەمەقاڵییەکەوە کوشت و دواتر جەستەشی شێواندبوو.

.

هاوکات لە 13ی حوزەیرانی 2019 لە لەیلان کوڕێکی تەمەن 17 ساڵ بە چەکی کڵاشینکۆف باوکی خۆی کوشت، کە تەمەنی 42 ساڵ بوو، “لەکاتی لێکۆڵینەوەدا کوڕەکە وتوویەتى پێشتر لەگەڵ باوکیدا دەماقاڵێی هەبووە و باوکی لێیداوە”.

.

هەروەها 22ی حوزەیرانی 2019 لە کۆیە بەهۆی کێشەى زەوییەوە، دەماقەڵە لەنێوان دوو برادا دروست بووە و  دواتر یەکێکیان تەقەی لەوی دیکە کردووە.

.

لە لایەکی ترەوە، 28ی حوزەیرانی 2019 لە ناحیەی وارماوا کەسێک براکەی خۆی کوشت.

.

هەروەها 19ی تەموزی 2019 لە دهۆک بنەماڵەیەک کچێکی تەمەن 18 ساڵی خۆیان لەگەڵ کوڕێکی 30 ساڵدا کوشت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کچەکەیان لەگەڵ کوڕەکەدا پێکەوە بینیبوو.

.

ڕۆژی 28ی تەموزی 2019، دوو کوڕ لە دهۆک باوکی خۆیان کوشتووە و لەسەر ڕێگای موسڵ تەرمەکەیان فڕێداوە.

.

هاوکات دوێنێ چوارشەممە 31ی تەموزی 2019 لە کەرکوک کوڕێک خوشکێکی خۆی کوشت و دواتر خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد.

.

لە نوێترین ڕووداوی لەوشێوەیەشدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئابی 2019 لە چەمچەماڵ کەسێک برایەکی خۆی کوشت.

تەنها لە دوو مانگدا.. نۆ کەس بە دەستى کەسانى پلە یەکی خۆیان لە هەرێم کوژراون [تایبەت]

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل