fbpx
Shadow Shadow

تەنها ئەبوبەکر هەڵەدنی دەنگی بە ڕاسپاردەکانى پەرلەمان بۆ ڕۆژئاوا نەدا.. “چەند هۆکارێک هەبوون”

13:21 سێ شه‌ممه‌ 15 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی شەڕ و لەشکرکێشییەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد و 15 ڕاسپاردەی لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەرکرد کە بە 96 دەنگ لە کۆی 97 پەرلەمانتاری ئامادەبوو پەسەندکرا.

.

لە ڕاسپاردەکاندا، پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بە زووترین کات هەوڵبدەن ئەو هێرشانە بووەستێنن.

.

هاوکات داوای لە حکومەتی هەرێم کرد ئامادەکاری بکات بۆ پێشوازیکردن لە هاتنی ئاوارە بۆ هەرێم و دابینکردنی جێگای حەوانەوە بۆیان.

..

لە دانیشتنەکەدا تەنها ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەکگرتوو دەنگی لەسەر ڕاسپاردەکان نەدا، لەبارەى هۆکاری دەنگ نەدان بە ڕاسپاردەکان، هەڵەدنی بە ناس کوردی وت، بەهۆی چوار خاڵەوە دەنگی بە پڕۆژەکە نەداوە.

.

لەبارەى تێبینییەکانی، هەڵەدنی وتی، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دۆخی ڕۆژئاوا زۆر دواکەوتووە و زۆر درەنگوەخت بەستراوە.

.

وتیشی، “لە ڕاسپاردە و ئیدانەکردنی لەشکرکێشییەکەدا بە هیچ شێوەیەک ناوی تورکیا و سوپاکەى نەهاتووە و دەبوو بە ڕوونی ناو بهێنرێت.”

.

ڕاشیگەیاند، بە هیچ شێوەیەک باس لە بڕیاری ژمارەى 24ی ساڵی 2014 نەکراوە کە پەرلەمانی کوردستان حکومەتى هەرێم ئیلزام دەکات بە پشتگیریکردنی ڕۆژئاوا.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە پەرلەمانی تورکیا ڕێگە بە عوسمان بایدەمیر و پەرلەمانتارانى هەدەپە دەدرێت قسە بکەن بەڵام لە پەرلەمانی کوردستان ڕێگە بە پەرلەمانتاران نەدراوە قسەیان لەسەر بابەتەکە هەبێت کە ئەوە ناکرێت و مەعقول نییە.”

.

ڕاسپاردەکانی پەرلەمانی کوردستان

.

داوادەکەین شەڕ و لەشکرکێشی و ململانێی سەربازی کۆتایی بێت و لەجێگەی ئەوە پەنا ببرێتەسەر چارەسەری گفتوگۆ و دیالۆگ و لێکتێکگەیشتن.

.

ئیدانەی توندی هێرش و لەشکرکێشی بۆسەر هاوڵاتیان دەکەین و داوادەکەین سەروماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە حکومی و خزمەتگوزارییەکان پارێزراوبن.

.

پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و یەکێتی و ئەوروپا و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ کۆتایی هێنان بەو لەشکرکێشیانە.

.

حکومەت ئامادەکاری بکات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بۆ ئامادەکاریکردن بۆ پێشوازی لە هاتنی ئاوارە و هاوکاریکردنیان و حەواندنەوەیان لە جێگەی گونجاودا.

.

داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکەین وێرای هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەوڵە دیبلۆماسییەکانیشی چڕبکاتەوە بۆ دروستکردنی یەکهەڵویستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریکردن لە بژاردەی ئاشتیانە.

.

داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین هاوکاری حکومەتی هەرێم بکات بە دابینکردنی بەشێک لە بوجەی حاڵەتی لە ناکاو، بۆ ئامادەکاریکردن بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان و خزمەتکردنیان.

.

داوا لە سەرجەم کونسوڵگەرییەکانی وڵاتان لە هەریم دەکەین کە حکومەتەکانیان لەو دۆخەی ڕۆژئاوای کوردستانی تێکەوتووە ئاگادار بکەنەوە و هەوڵبدەن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و لەشکرکێشییەکان.

.

پەرلەمانی کوردستان هەڵمەتێکی نیشتیمانی هەڵمەتێکی هاوکاری نیشتیمانی بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەگەیەنێت و داوا لە هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکان دەکات هاوکار بن هەڵمەتەکەدا.

.

پەرلەمانی کوردستان دژی دوبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی عەفرین و کۆبانێیە لەلایەن هێزە چەکدارە توندڕەوەکانەوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان و تاڵانکردنی ماڵی هاوڵاتیان و پێویستە ڕێ لەو گروپە چەکدارانە بگیرێت.

..

گەلی کورد و گەلانی دیکەی سوریا مافی خۆیانە لە هەموو ڕێكکەوتنێکی دوای شەڕدا مافی یەکسانی و دادپەروەری و یەکسانی بەدەستبهێنن لە ئەرک و مافدا لە دەەستور نوێی سوریادا.

.

پەرلەمانی کوردستان داوا لە حزبە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات ئایدۆلۆژی و بیرکردنەوەی حزبی وەلا بنێن و کار بکەن بۆ هاوهەڵوێستی و پێکەوە کارکردن و یەکگرتووی نەتەوەیی.

.

پەرلەمانی کوردستان ئەو ڕاستییە دەخاتەڕوو کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دروستبوونی ئەو ڕوداوانە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشی دروستکردووە.

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل