fbpx
Shadow Shadow

کێشەی 12 سەربازەکە!

09:01 چوار شه‌ممه‌ 20 تشرینی دووه‌م 2019
article image

بیروڕا – محەمەد ئەمین پێنجوێنى

لە یەکێک لە شەڕە قورسەکانی نێوان گەریلاکان و سوپای تورکیا ، لە ساڵی 2006-2007دا، 12 سەربازی تورک بە دیلی کەوتنە دەست گەریلاکانی پەکەکە.

.
ئەوسا لە تورکیادا تا ڕادەیەک ئازادیی ڕۆژنامەگەری هەبوو و وەکو ئێستا سانسۆر لەسەر رۆژنامەکان نەبوو . دووای ئەو ڕیسواییەی لەشکری تورکان، دوو ڕا ، دەرکەوتنە هۆڵێ، هەندێکیان داوای شەڕ وەستاندنی نێوان پ،ک،ک و دەوڵەتیان دەکرد، یاخود دەنگ هەبوون داوای چارەسەری پرسی کوردیان لە بێخەوە دەکرد، لە هەمبەریشدا میدیای نەژادپەرست ڕەخنەی زبریان لە دەوڵەت دەگرت و لەشکری تورکیایان بە بێکارە و بوودەڵە ناو دەبرد. ئەوانە ھەموویان ڕەوشی ئاڵۆز و نائارامییان لە تورکیا خوڵقاند بوو. لە لایەکی تریشەوە میدیاکانی سەر بە پەکەکە و زوو زوو ئەو سەربازانەیان دەھێنانە سەر شاشەو گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکردن…!

.
پرسی سەربازە دیل کراوەکان، ئاکپارتی و دەوڵەتی خستبووە ژێر پاڵەپەستۆیەکی گرانەوە.!

.
ھەراسان بووبوون، بە ھەموو لایەکدا پەلیان دەھاویشت، لە چەند کەناڵ و ڕێگەوە پێوەندییان لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە دەکرد و ھەوڵیان بۆ ئازاد کردنی ئەو ١٢ سەربازە دەدا. لەڕێگەی ھەولێر و (سەرکردایەتی پارتی) یەوە، لە رێگەی جەنابی (مام جلال) ەوە کە ئەو کات سەرکۆماری عێراق بوو، هەتا پێوەندییان بە باڵێۆزخانەی ئەمریکا وە لە بغداد کردبوو. لەم کەناڵانەوە پێوەندییان لەگەل مندا کرد، خواست و داوای هەموویان ھەوڵ دان بوو، بۆ ئازاد کردنی سەربازەکان. کاک (مەلا بەختیار) پێوەندی پێوە کردم و گوتی: (مام جەلال بە جددی داوا لە تۆ دەکات، ھەوڵی تایبەتی خۆت بخیتە گەڕ بۆ ئەنجام دانی ئەم کارە). چووم بۆ (قەندیل) ھەڤاڵ جەمال (موراد قەرەیڵان) م، بینی سڵاو و پەیامی (مام جەلال)م، پێ گەیاند.

.

زیاتر لە مانگێک ھاتووچۆی (ھەولێر، سلێمانی، بغداد و قەندیل)م کرد. لە سەر داوای (مام جەلال) لە دوو دیداری جیاوازدا لە بەغدا، جارێکیان بەرپرسێکی بڵندی ئەمریکاو جارەکەی تریش باڵێۆزی ئەمریکا بەشداری دیدارەکەمان بوون،لە هەردوو جارەکەدا ئاراستەی داوا و قسەکان بەوە دەشکانەوە کە بە زووترین کات بچمە قەندیل و بە سەرکردەکانی پەکەکە بڵێم (ئەگەر ئەو سەربازانە ئازاد نەکەن، تورکیا ھێرشی باشوور دەکات ولە پێش ھەموو شتێکدا فرۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی بۆمبباران دەکات)باڵوێزەکەی ئەمریکا ڕووی کردە من و گوتی ( مستر پێنجوێنی ئەمە قسەی وەزیری بەرگری و ئەرکانی تورکیایە کە بەنامەی فەرمی و بە تەلەفۆن من و سەرکۆمار وکاک مسعود یان ئاگەدار کردۆتەوە) منیش ئەمانەم لای خۆم تۆمار کرد، دووای ئەوەی ڕوخسەتم لە مام جلال وەرگرت، ڕووم کردە کابرای ئەمریکی وتم ئەی ھەڵوێستی ئەمەریکا چی دەبێت ؟ چونکە ئاسمانی کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا دایە. لە وەڵامدا گوتی (ئێمە ناتوانین شەڕی ئەندامێکی ناتۆ بکەین لە بەر ئێوە). (مام جەلال) گوتی: سبەی زوو بگەڕێوە، بچۆ بۆ قەندیل بەناوی من وە پێیان بڵی (ئەو سەربازانە بەربدەن و بیکەن بە “عەرەبوون” بۆ شەر وەستاندن و پرۆسەی ئاشتی).

.
چوومەوە قەندیل پەیامی ئەوانم گەیاندە سەرکردایەتی پەکەکە. ھەر لەو سەروبەندەدا کاک (ھەڵۆی ئیبراھیم ئەحمەد) ھاتە لام، گوتی: دوو پەرپرسی ئەمریکا میوانی منن ،دەیانەوێ بتبینن. منیش چووم ،زۆر پرسیاریان لێکردم وتیان بە ناوی ئێمەوە ئەم پەیامە بگەیەنە بە قەندیل(ئێمە لە واشنتۆنەوە ھاتووین، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت پرۆسەی سیاسیی باشوور دەکەوێتە خەتەرەوە، ئێمە ئاگەدارین تورکەکان دەیانەویت کێشەیەک بۆ ئێمە لەم ناوچەیە دا دروست بکەن و ڕەوشە سیاسییەکە لە باشوور ئالۆز بکەن). ھەر لەو ڕۆژانەشدا بەرپرسێکی پەکەکە بە ناوی “ئەسەد ” بۆ ئەم کێشەیە ھات بۆلای من، ھەموو شتەکانـم بۆ باسکرد، ئەویش ھەندێ تێبینی خۆی پێ گوتم، دیدارم لەگەڵ کاک ھەڵۆدا بۆ ڕەخساند، گفتوگۆی زۆر لە نێوانیادا هەبوو . شەوێک بەرپرسێکی ئەمریکی بە خۆی و دەستەیەک “مارێنز” ەوەخۆیان کرد بە ماڵی ئێمەدا حەوشەو سەربان و دەر و دەرگایان کۆنترۆڵ کرد. من دڵم داخورپا وام زانی بۆ گرتنی ھەڤاڵ ئەسەد ھاتوون. ئیتر کاک ھەڵۆ و کابرای درێژی ئەمەریکی بە پێکەنین و ھەلەو ھەلەو خۆیان کرد بە ژووردا. بە ھەڤاڵ ئەسەد م گوت ئەوە دەرفەتی چاکە و قسەی خۆتان بکەن. ھەڤاڵ ئەسەد وتی من ڕێگەپێدراو نیم لەگەڵ ئەمریکی دا دابنیشم. کابرای ئەمریکیش دەیگوت من نامەوێ لەگەل پەرپرسی پەکەکە دابنیشم چونکە ئەوان لە لیستی تیرۆر دان. ئیتر من و کاک ھەڵۆ لە بەینی دوو ژووردا زیاتر لە ٢ کاتژمێرلە هاتۆچۆی نێوانیاندا بووین . من بە ھەر دووکیانم وت ئێستە ئێوە دیوارێکتان لە نێوان دایە بۆچی یەکتری نابینن؟. ئەمرکیەکە دەیگوت: ئەبێت پرس بە واشنتۆن بکەم، ئەسەدیش دەیگوت: دەبێت قەندیل ڕازی بێت ئینجا. ئەم بێنە و بەردەیە زیاد لە چەند مانگێکی خایاند.

.
هەڤاڵانی پەکەکە ئاگەداریان کردمەوە کە بڕیاری ئازاد کردنی سەربازەکانیان داوە. ھەندێ لە برادەرانی یەکێتی پێیان لەسەر ئەوە دا دەگرت کە لە دەڤەری سلێمانییەوە ڕادەستی تورکەکان بکرێنەوە. منیش پێم گوتن: بەڕێزان جەنابی مام جەلال ھەموو رۆژێک دەڵێ پەکەکە لە سنوری ئێمە دا نییە، من چۆن دەتوانم لە سنووری زاخۆ-باکوورەوە بیان ھێنم بۆ سلێمانی . ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە کە مام جەلال شتێکی تر دەڵێ ؟ .

.
هەموو لایەنەکانی گفتوگۆ لە سەر ئەوە ڕێکەوتین لە گوندێکی سەر سنووری باشوور و باکوور لە ژێر چاودێری خاچی سووری نێودەوڵەتیدا بە ئاگاداری یەکێتی و پارتی بە پرۆتۆکۆل، نوێنەری پەکەکە و تورکیا ئیمزای بکەن ئینجا سەربازەکان ئازاد بکرێن. ئەوە بوو لە سلێمانی وە (عوسمانی حاجی مەحموود، لە ھەولێرەوە کەریم سنجاری) لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوون. پێش ئەمە کێشەیەکی تر ڕووی دا، دوو لە سەربازە دیلەکان کورد بوون، حەزیان دەکرد لە شاخ بمێننەوە،ئەوەشمان چارەسەر کرد. دووای ئازاد کردنی سەربازە تورکەکان ، (مام جەلال) ناردی بە شوێنمدا بۆ بغداد، گوتی( بڕۆ بە موراد قەرەیلان بڵێ نامەیەک بنوسێ بۆ ئەردۆگان چونکە لەم ماوەیەدا ئۆردۆگان بۆ پیرۆز بایی دێت بۆ لام. ھەروەھا نامەیەکیش بۆ “ئۆباما” بنوسێ. لە ھەردوو نامەکەدا باسی ئاگری بەستی دوو لایەنە بکەن وئامادەیی نیشان بدەن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی کورد لە تورکیادا). من چوومەوە بۆ شاخ، ھەڤاڵانم بینی پێشنیارەکانی (مامم )پێ گوتن، شەوێک لە گوندێکی بناری قەندیل مامەوە، ڕۆژی دوواتر نامەکانیان هەر بە خۆمدا ناردەو بۆ مام جەلال.نامەی ئەردۆگان بە تورکی و هی ئۆبامایش بە ئینگللیزی بوو، نامەکەی ئۆبامام دا بە کاک هەڵۆ، کۆپییەکی لەبەر هەڵگرتەوە بۆ ئەوانەی سلێمانی. منیش هەردوو نامەکەم گەیاندە دەستی مام جەلال، لە شوێنێکی تردا،باسی ئەو نامانەم بە درێژی کردووە.

.
چەپکێک گوڵ و چەپکێک نێرگز بۆ ئێوە، منیش لە بەڕێز (مام جەلال)ەوە نازناوی پیاوی ڕۆژی تەنگانەم وەرگرت.وەکو یادەوەری ماندوو بوونی ئەو ڕۆژانە پێنووسێکی نایاب لە باڵێۆزی ئەمریکا و کاتژمێرێکی دەستی لە هەڤاڵ جەمالەوە پێشکەشم کرا، لای خۆم پاراستوومن .

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل