Shadow Shadow

توركیا لە بەردەم دووڕیانێكی تردا

12:31 شه‌ممه‌ 25 ئایار 2019
article image

بڕیارەكەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا سەبارەت بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ، مشتومڕێكی زۆری لە ناو توركیا ناوەتەوە و لە دەرەوەش زۆر رەخنەی لێ گیراوە. ئەمە یەكەم جارە لە توركیا، ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵدەوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە. دەنگدەرانی توركیا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی راگەیەندراوی هەڵبژاردن رانەهاتوون، بۆیە مشتومڕێكی گەرم و گوڕ شەقامی گرتۆتەوە و تا رادەیەكی زۆر نەسازانی كۆمەڵایەتیی لێ‌ كەوتۆتەوە.كەس ناتوانێ‌ ئەنجامی خولی دووەمی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئەستەمبوڵ پێشبینی بكات. تاكە خاڵ كە لەم بوارەدا هەموو هاووڵاتییەكان لەسەری یەكدەنگن، ئەوەیە كە هەڵبژاردنەكە لە 23 ی حوزەیراندا لە ئەستەمبوڵ بەرێوە دەچێ‌.
لە راستیدا دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ، بۆ پارتی داد و پەرەپێدان سەركێشییەكی گەورەیە، چونكە كەس ناتوانێ‌ گەرەنتیی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بكا. ئەگەر لە خولی یەكەمدا ئیمام ئۆغلو سەركەوتنی بەدەست هێنابێ‌، چی رێ‌ لەوە دەگرێ‌ كە لە خولی دووەمیش بیباتەوە؟ لە بەرامبەریشدا، ئەوەندەی مەسەلەكە پەیوەندیی بە پارتی داد و پەرەپێدانەوە هەیە، چی گەرەنتیی ئەوە دەكات كە كاندیدە دۆڕاوەكەی حزب بنیالی یەڵدرم لە خولی دووەمدا دەنگی زۆرتر بەدەست دێنێ‌؟ بەپێی یاسا، حزبەكان لە خولی دووەمدا ناتوانن كاندیدەكانیان بگۆڕن و دەنگدەرانی خولی یەكەم ئەوانەن كە بەشداریی لە خولی دووەمدا دەكەن. لە كۆتاییدا، ئەگەر ئیمام ئۆغلو بۆ جاری دووەم سەركەوتنی بەدەست هێنا، ئەوا ئەو كاتە بە كردەوە دەردەكەوێ‌ كە بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە بنەڕەتدا لە جێی خۆیدا نەبووە. ئەگەر یەڵدرمیش بردییەوە، سەركەوتنەكەی بە بێ‌ كێشە تێناپەڕێ‌.
پێشبینی دەكرێ‌ زۆربەی حزبە بچووكەكان، لەوانە پارتی سەعادە و پارتی چەپی دیموكرات، كاندیدەكانیان بكێشنەوە و رەنگە زۆربەشیان دەنگ بە ئیمام ئۆغلو بدەن، چونكە زۆربەی حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە بنەمادا دژی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنن.
ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلادەكاتەوە هاووڵاتیی ئاساییە، دەنگدانی هاووڵاتیی ئاسایی بە هەر كام لە دوو كاندیدەكە، دەوەستێتە سەر ئەندازەی باوەڕهێنانی بە پاساوەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە. ئەگەر باوەڕی تەواوی بەوە هەبێ‌ كە نەدەبووایە ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبووەشێنرێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەنگ بە ئیمام ئۆغلو دەدا، چونكە بە زوڵملێكراوی دادەنێ‌. ئەگەر باوەڕی بەوە هەبێ‌ كە پێشێلكارییەكی زۆر لە خولی یەكەمدا ئەنجام دراوە، ئەوا دەنگ بە بینالی یەڵدرم دەدا.
بەڵام لەم سەروبەندەدا گروپی تر هەیە كە كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێ‌، لەوانە كورد كە پێناچێ‌ هیچ گۆڕانێك بەسەر هەڵوێستی پێشوویاندا بێت. هەروەها پێدەچێ‌ زۆرینەی دەنگی لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ كاندیدی پارتی دەسەڵاتدار نەچێ‌.
بە بەراورد لەگەڵ پارتی داد و پەرەپێدان، جەهەپە لەم قۆناغەدا یەكڕیزتر خۆی دەنوێنێ‌، بە تایبەتی كە كاندیدەكەی لە ئەنكەرەش براوە بووە. بۆیە ئەم حزبە هیچ كێشەیەكی لە هاندانی ئەندام و لایەنگرەكانی بۆ دەنگدان بە كاندیدەكەی نییە. كێشەكە لە خودی پارتی داد و پەرەپێدان دایە كە لە ناوخۆدا بەدەم دوو كێشەوە دەتلێتەوە. یەكێكیان دەركەوتنی ئۆپۆزیسیۆنێكی ناوخۆییە كە دژی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە لە ئەستەمبوڵ. ئەم ئۆپۆزیسیۆنە زۆرتر خۆی لە سەرۆكی پێشووی كۆمار عەبدوڵڵا گوڵ و سەرۆك وەزیرانی پێشوو داود ئۆغلودا دەبینێتەوە كە هەردوكیان دژی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لێدوانیان داوە. هەرچەند نازانرێ‌ ئەم جۆرە لێدوانانە تا چ رادەیەك كاریگەرییان لەسەر لایەنگرانی پارتی داد و پەرەپێدان دەبێ‌ بەڵام ئەم دوو كەسە قورسایی خۆیان هێشتا لە ناو حزب پاراستووە و لانی كەم رێژەیەكی دیاریكراوی ئەندامان و لایەنگرانی حزب گوێیان لێ‌ دەگرن.
تاكە كارتی بەر دەستی ئەردۆغان سەركەوتنێتی لە بەگەڕخستنی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر بۆ دەنگدان بە كاندیدی حزب. ئەم كارە ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە. دەنگدەرانی حزب لە ژێر پاڵەپەستۆی شاڵاوێكی پرۆپاگەندەیی بەهێز دان، بەتایبەتی كە پارتی داد و پەرەپێدان لە مەسەلەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی ئەستەمبوڵدا لە پێگەیەكی بەهێزدا نییە. پرۆپاگەندەكانی ئۆپۆزیسیۆن و رەخنەكانی سەركردە دێرینەكانی ناو حزب و ناڕەزایی دەوڵەتانی ئەوروپا لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، كاریگەرییان لەسەر لایەنگرانی حزب هەیە و بوونەتە مایەی لەق كردنی باوەڕ بە دروستیی سیاسەتی پەیڕەوكراو. دیسان مەسەلەكە دەوەستێتە سەر توانا و بەهرەكانی ئەردۆغان، چونكە ئەزموونی خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكەی ئەستەمبوڵ نیشانی داوە كە بنیالی یەڵدرم پشتی پێ‌ نابەسترێ‌ و پێناچێ‌ ئەدای لە خولی دووەم لە هی خولی یەكەم باشتر بێ‌.
ئەگەر پارتی داد و پەرەپێدان بتوانێ‌ لە خولی دووەمدا، بە جیاوازییەكی زۆر، ئەستەمبوڵ بەدەست بهێنێتەوە، ئەوا چوار ساڵی ئاسوودەی لە بەردەمدا دەبێ‌ بۆ كاركردن بە شێنەیی بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی قۆناغی پێشوو و دەستەبەركردنی ئایندەیەكی گەشتر.
بەڵام ئەگەر نەبەردی بەدەستهێنانەوەی ئەستەمبوڵ بدۆڕێنێ‌، هەر ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە كە لەگەڵ دۆخی شكستدا بسازێ‌ و پێداچوونەوەیەكی ریشەیی بە سیاسەتە پەیڕەوكراوەكانیدا بكات.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل