fbpx
Shadow Shadow

ته‌ندروستى سلێمانى: نه‌خۆشخانه‌ى شار بۆ فریاكه‌وتن گونجاوتره‌

14:02 چوار شه‌ممه‌ 25 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-

 

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى ڕایگه‌یاند، نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى سلێمانى داناخه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك به‌شى ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شار، ئه‌وه‌ش به‌پاساوى گونجاوى شوێنى نه‌خۆشخانه‌كه‌ و كردنى به‌نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتن.

.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 25ى ئه‌یلولى 2019، له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانییدا سه‌باح نه‌سره‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى گشتى سلێمانى  ڕایگه‌یاند “نه‌خۆشخانه‌ى شار له‌سلێمانى شوێنه‌كه‌ى گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بكرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتن چونكه‌ خه‌ڵكى به‌ئاسانتر ده‌توانن بگه‌نه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ و له‌سه‌ر شه‌قامى شه‌ست مه‌ترى و به‌ نه‌خشه‌ى فریاكه‌وتن دروستكراوه‌”.

.

وتیشى “ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ى شار پێشكه‌ش ده‌كرێن فریاكه‌وتنى سلێمانى ناتوانێت پێشكه‌شى بكات، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ته‌نها نه‌خۆشخانه‌یه‌ له‌ عێراقدا كه‌ له‌یه‌كاتدا شه‌ش پزیشكى ئێشكگر ده‌وامى تێدا ده‌كه‌ن”.

.

له‌سه‌ر ده‌نگۆى داخستنى نه‌خۆشخانه‌كه‌ و گواستنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كانیشى بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شار، دكتۆر سه‌باح نه‌سره‌دین جه‌ختیشى كرده‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ داناخرێت به‌ڵكو هه‌ندێك به‌شى ترى ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شار.

.

له‌باره‌ى ئه‌و ڕه‌خنانه‌شى كه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌ و داخستنى له‌لایه‌ن هه‌ندێك پزیشكه‌وه‌ خرانه‌ ڕوو، به‌رێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانیى، هۆكارى ناڕه‌زایه‌تى به‌شێك له‌و پزیشكانه‌ى بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پزیشكانه‌ ناتوانن وه‌كو پێشتر كه‌رتى گشتى بۆ خزمه‌تكردنى كه‌رتى تایبه‌تى به‌كاربهێنن و به‌بیانوى نه‌بوونى مه‌واده‌وه‌ نه‌خۆشیان بردووه‌ته‌ كلینكه‌كانى خۆیان.

.

بەپێی بەدوادچوونێکى ناس کورد کە دوێنێ بڵاویکردەوە، پرسی داخستنى نەخۆشخانەکە، دوێنێ سێ شەممە 9ى ئەیلولى 2019، لەکۆبوونەوەیەکى نێوان بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى و پزیشکانى نەخۆشخانەکە تاوتوێکراوە، بەڵام هێشتا بڕیارى فەرمى لەو بارەیەوە نەدراوە.

.

ئەمڕۆش محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند “هیچ شتێک نییە بەناوی داخستنی نەخۆشخانە و بەهیچ شێوەیەک هیچ نەخۆشخانەیەک لە سنوری هیچ پارێزگایەک داناخرێت، چونکە کارنامەی کابینەی نوێ ئەوەیە کە نەخۆشخانەی دیکە بکاتەوە و نەخۆشخانەکان زیاد بکرێن، نە دابخرێن”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل