fbpx
Shadow Shadow

تلیاككێشه‌كانی مزگه‌وت !!!

10:04 دوو شه‌ممه‌ 15 نیسان 2019
article image

زۆر خۆم ئه‌پارێزم له‌ پۆستی سیاسی ( مه‌به‌ستم پۆستی فه‌یسبوكه‌ به‌ هه‌ڵه‌ تێمه‌گه‌ن، هه‌رچی پۆستی سیاسی هه‌یه‌ بیكه‌م به‌ قوربانی ئه‌و تاكه‌ نه‌عله‌ی  ئه‌نفالكراوێك كه‌ له‌ نوگره‌ سه‌لمان به‌جێماوه‌، به‌ فیدای پرچه‌ سپیه‌كانی ژنه‌ ئه‌نفالێك بێت) .

حه‌ز ناكه‌م پۆستی سیاسی بكه‌م، به‌ڵام ناچارم ئه‌كه‌ن . حه‌زم له‌ نوسینه‌كانی خۆمه‌ (بابه‌تی فیكری وده‌رووونی و په‌روه‌رده‌یی) به‌ڵام ناهێڵن.

با ئاماژه‌ به‌ دوو رووداو بده‌م :

یه‌كه‌میان : هه‌فته‌ی رابردوو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌زگایه‌ك دیدارێكی رێكخستبوو سه‌باره‌ت به‌ ( عادیله‌خانم)  به‌نده‌ش بۆ نه‌گبه‌تی حوزورم هه‌بوو، له‌یه‌كێك له‌ پانێله‌كان به‌ حساب توێژه‌رێك ( تا سه‌ر ئێسقان ئایدۆلۆژی و توندڕه‌وی عه‌لمانی) باسی عادیله‌خانم و رۆڵ و پێگه‌ی كرد… جا چونكه‌ كه‌سێكی ئایدۆلۆژیه‌و دژایه‌تی دین به‌ ئه‌ركی نیشتمانی ئه‌زانێت!!! بابه‌ته‌كه‌ی به‌سته‌وه‌ به‌  به‌ ئیسلامی سیاسیه‌وه‌ ( كه‌ ئه‌مه‌ش بیدعه‌یه‌كی براده‌رانی سیكۆلاره‌ ) دواتر باسی دواكه‌وتووی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد  و توانجی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كان ( به‌تایبه‌ت كه‌سه‌ ئاینیه‌كان) ی گرت. له‌ ئه‌سنای قسه‌كردن باسی مزگه‌وت و مه‌ترسی مزگه‌وتی كرد!!!! جا ئه‌و براده‌وره‌ زۆر به‌شانازیه‌وه‌ ئه‌یوت : عادیله‌ مزگه‌وتێكی دروستكردووه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی جووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئیستا نه‌ماوه‌( ته‌بعه‌ن ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی میژووییه‌، مزگه‌وته‌كه‌ی عادیله‌ ماوه‌  به‌ كوێرایی چاوی نه‌یارانی مزگه‌وت وعادیله‌) .جا كاتێ ئه‌م ( توێژه‌ره‌ ؟؟؟؟؟؟؟؟) باسی مزگه‌وت و عادیله‌ی كرد، كه‌سێك له‌ ته‌نیشت منه‌وه به‌ ته‌سنیحێكی 101 دانه‌ییه‌وه‌ به‌ پێوه‌ ڕاوه‌ستابوو‌ چه‌ند قسه‌یه‌كی ناشیرینی به‌ عادیله‌و مزگه‌وت وت كه‌ لێره‌دا پێم جوان نیه‌ قسه‌كان بنوسم . _ دواتر بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌م كه‌سه‌ به‌رپرسی ئه‌و ده‌زگایه‌یه‌ كه‌ دیداره‌كه‌ی رێكخستووه‌_  ‌.

له‌ ئه‌سنای به‌ڕێوه‌ردنی پانێله‌كه‌ی عادیله‌ – سوپاس بۆ خوا  قسه‌ی خۆمان هه‌بوو- ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ بیڵێم: كاكی برا ..!! ئه‌و ئارامی و ئاسایشه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌م هه‌رێمه‌، به‌رهه‌می په‌روه‌رده‌ی مزگه‌وته‌ نه‌ك ئه‌و شوێنانه‌ی ( كه‌رامه‌ت و شكۆی تاكی كوردیان تێدا هه‌ڕاجفرۆش ده‌كرێت) ..!!

  ئه‌وه‌ مزگه‌ته‌كانن تاكی ده‌ستپاك و داوێنپاك و نیازپاك به‌رهه‌م ده‌هێنن..!! مزگه‌وته‌كان تلیاككێش و شه‌لاتی و جه‌للاد به‌رهه‌مناهێنن، خاكفرۆش وناپاك و  پێناگه‌یه‌نن ..!! ئه‌نفالچی و مه‌له‌فدار داڵده‌ناده‌ن ..!! دز و داوێنپیس و خوێنمژ به‌رهه‌م ناهێنن ، شه‌رعیه‌ت به‌بازرگانی له‌گه‌ڵ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك داعش ناده‌ن ..!!

 تا مه‌ناره‌یه‌كی مزگه‌وت له‌م كوردستانه‌ ما بێت ( شكۆ و كه‌رامه‌تی مرۆڤ) به‌رده‌وام بوونیان ده‌بێت . بهێڵن با مزگه‌وته‌كان بمێنن چونكه‌ ( شاگرده‌‌كانی مزگه‌وت) پارێزه‌ری ئابڕوی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ن، بهێڵن و نه‌كه‌ن هۆنراوه‌كه‌ی ( په‌شێو) دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌: ( مزگه‌وته‌كان بڕوخێنن سیماتانی داپۆشیوه‌..!!) .

دووه‌م: دوای ئه‌وه‌ی موسڵمانان له‌ پێشه‌وه‌ی كڕیارانی كتێب بوون له‌ پیشه‌نگای هه‌ولێر 2019، براده‌رێك ‌، نوسیبووی : ( ده‌بێ چاوه‌ڕێ بین پایته‌ختی هه‌رێم له‌ داهاتوودا ببێته‌ ( كابول) یان ( ره‌ققه‌  ) له‌ باشترین حاڵه‌تدا ..!!) .

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ بێڵێم: كاكی برا .. ئه‌زبه‌نی .. ده‌بوو شوكوری خوات بكردایه‌ و مه‌منونی پێڵاوه‌كانی یه‌كبه‌یه‌كی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئاینیه‌ بیت، كه‌ په‌روه‌رده‌ی كتێبی ئیسلامی و قورئان و فه‌رمووده‌ن، ئه‌بێ جه‌نابت و ئه‌وگروپه‌ توندڕه‌وه‌ی هانی ئیوه‌ومانان ده‌ده‌ن به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئاینی ئیسلام قسه‌ ده‌كه‌ن، سوپاسی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئاینیه‌تان كردبایه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌روه‌رده‌ی ئه‌وان نه‌بوایه‌ ئیستا ده‌بوو خه‌ڵكانی وه‌ك جه‌نابت ده‌یان پاسه‌وانت دابنایه‌ بۆ هاوژین و مناڵه‌كانت، تا مافیاكان و مرۆڤفرۆشه‌كان نه‌یانڕفێنن..!!

  وه‌ك شوكوری خوا  نازانن، شوكوری مرۆیی بزانن، چونكه‌ دواجار هه‌ر هه‌موتان به‌ناچاری ده‌هێنرێنه‌وه‌ ناو مزگه‌وت تا نوێژتان له‌سه‌ر بكرێت و ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئاینی و ئه‌هلی كتێبه‌ نویژتان له‌سه‌ر بكه‌ن و نزاتان بۆ بكه‌ن .

  ئه‌گه‌ر هێنده‌ بێزارن به‌ خوای مزگه‌وت وكتێبی ئاینی و خه‌ڵكانی ئاینی ، ده‌ فه‌رموون بوێر بن و له‌ وه‌سیه‌تنامه‌كه‌تان بنوسن : ( خزمان ، دۆستان !! .. ده‌خیلتان بین نه‌مان به‌نه‌ مزگه‌وت، چونكه‌ ئه‌وه‌ شوێنی ئیمه‌ومانانی پرۆفیشناڵ و خوێنه‌وار نیه‌ !!!) ..

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم:

یه‌كه‌م: براده‌رانی نه‌یاری خواو مزگه‌وت و قورئان  و موسڵمانانی ده‌ست به‌ ده‌ستنویژ!!.. سوپاسی مزگه‌وت بكه‌ن كه‌ ئه‌و هه‌موو گه‌نجه‌ پاكه‌ی به‌رهه‌مێناوه‌ و گه‌ر مزگه‌وت و كتێبه‌ ئیسلامیه‌كان نه‌ب‌وایه‌ ، ئێستا ئه‌و هه‌موو گه‌نجه‌ تلیاككیش و هه‌تیومچه‌ و باندی كوشتن و رفاندنیان دروست ده‌كرد، ئیستا ئیوه‌ومانان خه‌و له‌چاوه‌كاتن تۆرابوو ..( لێره‌وه‌ ناوچاوانی یه‌كبه‌یه‌كی ئه‌هلی مزگه‌وت ماچ ده‌كه‌م وپێیان ده‌ڵێم: خاكی ژێر پاتانم قوتابیه‌كانی قوتابخانه‌كه‌ی یوسفی زیندانی و موسای رزگاربووی ده‌ستی تێرۆر و موحه‌مه‌دی كۆچپێكراو- درودی خوایان له‌سه‌ر بێت-)  

دووه‌م: پاراستنی ئارامی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌ركی ئاینی و مرۆیی هه‌موومانه‌، ئه‌هلی مزگه‌وت  و په‌روه‌رده‌ كراوانی كتێبه‌ ئیسلامیه‌كانیش له‌ پێشه‌نگی پارێزه‌رانی ئه‌و ئاسایش و ئاشتتیه‌وه‌ن و به‌رده‌وامیش ده‌بن سه‌رباری ره‌فتاره‌كانی توندڕه‌وانی به‌ره‌ی سیكۆلار. چ كه‌سێكیش ئه‌و ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكات ، پایه‌داری دونیا و رووسوری لای خودا ده‌بێت” چ كه‌سێكیش دژایه‌تی مزگه‌وت( سه‌رچاوه‌ی مرۆڤدۆستی و به‌هاو ئاكار، به‌رهه‌مهێنه‌ر و بونیادنه‌ری مرۆڤ) و ئه‌هلی مزگه‌وت و په‌روه‌رده‌ی مزگه‌وت بكات، با بێ گومان بێت چاره‌نوسی له‌ چاره‌نوسی له‌ ( ستالین) و( ئه‌تاتورك) شاگرده‌كانیان باشتر نابێت ..!!

تێبینی:

ده‌سته‌واژه‌ی ( سیكۆلاری توندڕه‌و) ئاماژه‌یه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م باڵه‌ توندڕه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكانێك كه‌ سیكۆلارن و ده‌كرێ له‌ گروپی سیكۆلاره‌ میانڕه‌وه‌كان پۆلێنیان بكه‌ین. 

 

د. ناسیح مەلا کەریم

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل