fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ترەمپ و راوێژکارەکەی: لە ئەمریکا هەناسەمان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیوە

21:16 چوار شه‌ممه‌ 26 شوبات 2020
article image

ناس كورد-

 

سەرەڕای ئەوەی تا رۆژی 25/2 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ بایەخێکی ئەوتۆی بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدابوو، بەڵام دوای ئەوەی کە وتەبێژی رێکخراوی تەندروسیی جیهانی هۆشداریی دا لەوەی کە نەخۆشییەکە خەریکە لە پەتایەکی سنوردارەوە دەبێت بە پەتای جیهانی و دوابەدوای ئەوەش لە ماوەی دوو رۆژدا پێوەری داو جۆنز بۆ نرخی پشکی کۆمپانیا سەرەکییەکانی ئەمریکا دوو هەزار پۆینت دابەزی و زیانی نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلاری بە بازاڕی ئەمریکا گەیاند، ترەمپ خۆیی و راوێژکاری ئابوریی، لاری کەدڵۆو، بۆ ئەوەی کاری هەواڵە خراپەکانی کۆرۆنا لەسەر نرخی پشکەکان کەم بکەنەوە، بە بێ ئەوەی راوێژ بە پسپۆڕە پزیشکییەکانی دەزگا فێدراڵییەکانی ئەمریکا بکەن، دەستیان کرد بە باسکردنی ئەوەی کە لە ئەمریکادا ڤایرۆسەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و هیچ کێشەیەک نییە. لاری کەدڵۆو تەنانەت وتی “هەوامان لە نەخۆشییەکە بڕیوە لە ئەمریکادا”. 

.

هەمان رۆژ ( 25/2) و لە هەمان کاتدا کە لاری کەدڵۆو ئەو لێدوانەیدا، دکتۆر نانسی مێسۆنیێر، پسپۆڕی سەنتەری نیشتمانی بۆ کوتان و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی حکومەتی ئەمریکی رایگەیاند کە گەیشتنی پەتاکە بە ئەمریکا شتێکی حەتمییە و ئەو رێوشوێنانەی کە ناچاردەبن بیگرنە بەر کاری نەرێنی دەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.

.

ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان ترەمپ و راوێژکارە ئابورییەکەی لەلایەک و پسپۆڕانی پزیشکی و دەسەڵاتە پزیشکییەکانی حکومەتەکەی لە لایەکی دیکە، رادەی بێئاگایی و نەشارەزایی کەسانی نزیک بە ترەمپی خستە روو و دڵەراوکێی زیاتری لە بازاڕەکاندا دروستکرد.

.

سەرباری ئەوە، کێنیث کووچینێللی کە جێگری کاربەڕێکەری وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تویتێکدا دەپرسێت بۆ ناتوانێت سایتی زانکۆی (جۆن هۆپکینز) بۆ رێپۆرتدان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا ببینێت، ئایا بۆ هەموو کەس وایە یان تەنها بۆ ئەو؟ ئەم تویتە بووە مایەی گاڵتەجاڕی لە دەزگاکانی هەواڵ لە ئەمریکا و لە سەر لاپەڕەکانی نیویۆرک تایمز بڵاوکرایەوە.

ترەمپ و راوێژکارەکەی: لە ئەمریکا هەناسەمان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیوە

.

سەرەڕای “بڕینی هەوا” لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا، حکومەتەکەی ترەمپ لە رێی ئۆفیسی بودجە لە کۆشکی سپییەوە داوای 1.25 بلیۆن دۆلاری بەپەلەی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە و هەروەها داوای کردووە رێی پێبدرێت 1.25 بلیۆنی تریش لە پرۆگرامی دیکەوە بگوێزێتەوە بۆ ئامادەباشی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

.

لەناو ئەو پارانەی داوای کردووە کە لە پرۆگرامی دیکە بگوێزرێنەوە، 535 ملیۆن دۆلارە کە پێشتر تەرخانکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ئەفریقیا و لەناوخۆی ئەمریکادا.

.

ئەم داواکارییە ناڕەزاییەکی زۆری لە لایەن دێمۆکراتەکان لێکەوتەوە کەوا ئۆفیسی بودجەی ترەمپ لە پەتایەک دەگرێتەوە بۆ پەتایەکی دیکە.

.

ئەم سەرلێشێواویەی ئیدارەی ترەمپ بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی رابوردو کە بەپێی وتارێکی لۆری گاررێت لە بڵاوکراوەی فۆرن پۆلەسیدا بڵاوی کردۆتەوە بە ناونیشانی “ترەمپ توانای ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ناوەوە تێکداوە” هاتووە کە هەر هەموو لێپرسراو و کادێرانی حکومەت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتا، بە ئۆفیسی تایبەتی کۆشکی سپیشەوەی لە ساڵی 2018 دا دەرکردووە و جێگرەوەی بۆ دانەناون.

.

ئۆفیسی ئاسایشی تەندروستی جیهانی هەردوو وەزارەتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیشی کۆتایی پێهێناوە. هەر لە هەمان ساڵیشدا بۆ مەبەستی پەیداکردنی پارە بۆ دیوارەکەی کە دەیەوێت بە درێژایی سنووری ئەریکا لەگەڵ مەکسیک دروستی بکات، داوای لە کۆنگرێس کردووە، کە ئەم پارە تەرخانکراوانە ببڕێت:

.

252 ملیۆن دۆلار بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی دەزگا تەندروستییەکانی وڵاتە ئەفریقییەکان کە دووچاری پەتای ئیبۆلا هاتوون.

.

15 بلیۆن دۆلار لە پارەی تەرخانکراو بۆ کەرتی تەندروستی لە خودی ئەمریکادا.

.

30 ملیۆن دۆلار لە بودجەی هەڵسوڕانی تەرخانکراو بۆ بەرەنگاریی نەخۆشییەکان لە جیهاندا.

.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا لە سەردەمی ئۆبامادا ڤایرۆسی ئیبۆلای بوو بە پەتایەکی جیهانی و ئۆباما لەو کاتەوە ژێرخانی ئیداری و توانای ئابووریی حکومەتی ئەمریکای خستەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە و وەک مەترسی لەسەر ئەمنی نیشتمانیی ئەمریکا مامه‌ڵەی لەگەڵ کرد. 

.

ئەو دەزگایانەی ئۆباما دروستی کردبوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتا جیهانییەکان، ئەوانەن کە لە 2018 ەوە ترەمپ خەریکی بنکۆڵکردنیانە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل