Shadow Shadow

پارتی پڕۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە

“تاپۆکردنی زەوییە زیادەڕۆکان شەرعیەتدانە بە کاری نایاسایی”

17:09 چوار شه‌ممه‌ 10 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژە یاسایەکی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕەوەکان ئامادەکردووە و پارێزەرێکیش پێیوایە، ئەو پڕۆژەیە شەرعیەتدانە بە کاری نایاسایی و لە بەرژەوەندی هەندێک “باندە”.

.

لە هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی یاسای تایبەت بە ڕێگریکردن لە دروستکردنی خانوی زیادەڕەو هەبووە، بەڵام بەردەوامی ئەو حاڵەتە لە زیادبووندا بووە، بەپێی ئامارێک زیاتر لە 300 هەزار خانوو و پڕۆژەی بازرگانی زیادەڕەو بوونیان هەیە.

.

پرۆژە یاساکە هی فراکسیۆنی پارتییە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بڕیارە لە وەرزی پایزەی گرێدانی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

.

شوان کەریم زراری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: ئامانجی پڕۆژەکە بۆ نەهێشتنی خانووی زیادەڕەوە و هاوڵاتیانیش سودمەند دەبن لێی، ئەو خانوانەش ناگرێتەوە کە لە دوای 18ی کانونی دووەمی 2019ەوە دروستکراون.

.

لە بەرامبەردا کارزان عەلی، پارێزەر و ئەندامی سەندیکای پاڕێزەران پێیوایە، پڕۆژەکە شەرعیەتدانە بە کاری نایاسایی.

.

لەوبارەوە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “پێم سەیرە لە پەرلەمانەوە شەرعیەت بە کاری نایاسایی دەدرێت، ئەوە نەک شەرعیەتدانە بە کاری نایاسایی، بەڵکو شەرعیەتدانە بە کاری ناشارستانی و تێکدانی نەخشەی شارەکان.”

.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرۆژەیە وا نیشاندەدرێت، پڕۆژەیەکی باشە و بۆ بەرژەوەندی خەڵکە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ بەرژەوەندی کەسانی نزیک لە بەرپرسەکانە، کە دەیان پڕۆژەی بازرگانی و خانویان بە زیادەڕۆیی دروستکردووە.

.

هاوکات سیپان ئامێدی، کە ئەندامی لیژنەی شارەوانی گەشتوگوزارە لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، لە پڕۆژە یاساکەدا شوێنی نیشتەجێبوون و پڕۆژەی بازرگانیش بە یەک شێواز مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە کە پێویستە جیابکرێنەوە، چونکە ناکرێت پڕۆژەیەکی بازرگانی کە پارەی تێدا پەیدا دەکرێت بەهەمان نرخی خانوویەکی  نیشتەجێبوون تاپۆ بکرێت.

.

بە وتەی شوان کەریم زراری، ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی، پڕۆژە یاساکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە  پێشتر سودمەند نەبوون لە حکومەت و لە یەک خانوو زیاتر تاپۆ ناکرێت لەسەر هیچ کەسێک، هەروەها لە سەنتەری شارەکان لە ڕووبەری 200 مەتر زیاتر تاپۆ ناکرێت، لە قەزاکانیش لە 250 مەتر زیاتر و لە ناحیەکانیش لە 300 مەتر زیاتر تاپۆ ناکرێت.

.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ هەر مەترێک زەوی لە سەنتەری شارەکان بڕی 60 هەزار وەردەگیرێت و لە قەزاکان بۆ هەر مەترێک 40 هەزار و لە ناحیەکانیش بۆ هەر مەترێک 30 هەزار دینار وەردەگیرێت.

.

هاوکات خامۆش کەریم، ڕاوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، پێیوایە گرەنتی نییە کە ئەو پڕۆژە یاسایە جێبەجێ دەکرێت یاخود نا، یاخود دەبێتەهۆی نەمانی پڕۆژەی زیادەڕەوە.

.

ئەو ڕاوێژکارە یاساییەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان زۆر کێشەی نەبوونی یاسا و پڕۆژە یاسا نییە، بەڵکو زۆر جار پڕۆژە یاسا و بڕیار هەبووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەتایبەت خانووی زیادەڕەو، بەڵام بەهۆی لاوازی لایەنی جێبەجێکار کە حکومەتە، بەهۆی دەستێوەردانی حزب و بەرپرسەوە لە کارەکان، جێبەجێنەکراون.

.

لەئێستادا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم زیاتر لە 300 هەزار خانووی زیادەڕەوە هەیە و بەردەوامیش ژمارەکە زیاد دەکات.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل