Shadow Shadow

بەڵای یەكێتی چییە؟

17:40 دوو شه‌ممه‌ 18 ئادار 2019
article image

دوای هەڵبژاردنی (19) ی ئایاری ساڵی (1991)، لە گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دانانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، پارتیی جەختی لەوە دەكردەوە، كە پێویستە سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتیی بێت و سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ پارتیی بێت، چونكە ئەو كاتە لەوە تێنەدەگەیشت، كە حكومەت دەروازەیەكی باشە بۆ خۆقەبەكردن و دەستگرتن بەسەر داهاتی هەرێمدا.

بەڵام دوای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرگیز پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتیی گرنگ نەبووەو تەنها ماوەی دوو ساڵ ئەو پۆستە بە دەست پارتییەوە بووە، ئەو دوو ساڵەیش لەبەر ئەوە بوو، بە پێی ڕێكەوتنی نێوان یەكێتیی و پارتیی، سەرۆكی حكومەت لای یەكێتیی نیشتمانیی بوو. هۆكاری سەرەكیی ئەو جۆرە تێڕوانینەی پارتیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو حیزبە هەمیشە لە پەرلەمانی كوردستاندا بە هۆی كورسیی كۆتاو پاشكۆكانیەوە هەمیشە زۆرینە بووەو توانیویەتی بڕیار و یاساكان بەپێی ویستی خۆی تێبپەڕێنێت، دەستی چەوریش بە سەر سەرۆك پەرلەمانەكانی یەكێتییدا بسڕێت. تەنها لە خولی پێشوودا پەرلەمانی كوردستان لە كۆنترۆڵی پارتیی دەرچوو، بەپێی بەرنامەی سیاسیی ئەو مامەڵەینەكرد، لە ئەنجامی ئەوەیشدا كودەتا شوومەكەی (15) ی ئۆكتۆبەری بەسەر پەرلەماندا هێنا.

ڕەنگە كاتێك ئەم وتارە دەخوێنیتەوە، یەكێتیی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتبێت و كار لە كار ترازابێت. هەرچەندە ئاگاداری ئەوە نیم، كە كام ئاراستەو باڵەی ناو یەكێتیی پێشنیازی ئەوەی كردووە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرنەگرن، بەڵام لە ڕاستیدا ڕاستترین بۆچوونەو دوورخستنەوەی ئەو حیزبەیە لە گێژاوێكی سیاسیی قووڵ لە ئایندەدا، چونكە لە هیچ خولێكی پەرلەماندا پارتیی هێندەی ئەم خولە باڵادەست نیە، هەم بە هۆی زۆریی كورسییەكانی خۆی و پاشكۆو كۆتاكانەوە، هەم بە هۆی ئەوەوە، كە لە ئێستادا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەلایەن كەسە نزیكەكانی مەسروور بارزانییەوە قۆرخكراوە، لە بارودۆخێكی لەو جۆرەدا هیچ سەرۆك پەرلەمانێك ناتوانێت پڕۆژە یاسایەك تێبپەڕێنێت، یاخود بیخاتە دەنگدانەوە بەبێ ڕەزامەندیی پارتیی.

واتا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە هەر حیزبێك بێت، جگە لە دەستكەوتی كەسیی بۆ خودی سەرۆك، دەبێتە بەڵایەكی گەورە بۆ حیزبەكەی، بە تایبەتیی لەم خولەدا، كە خولی داڕشتنەوەو تێپەڕاندنی دەستووری هەرێمی كوردستان و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە. ئەگەر یەكێتیی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان قبوڵبكات، لە ئێستاوە دەبێت خۆی ئامادەبكات بۆ چەندین (30) ی حوزەیرانی تر لە بەرژەوەندیی بارزانیی و حیزبەكەیدا. 

تەنانەت هەندێك كادری پارتیی باس لەوە دەكەن، كە پێش ئەوەی یەكێتیی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، پێویستە یاسای سەرۆكایەتیی هەمواربكرێتەوەو چەند پڕۆژە یاسایەكی گرنگ بەپەلە تێبپەڕێنێت. واتا پارتیی پەرلەمان تەنها وەك دەستگایەك بۆ شەرعیەتدان بە كارەكانی خۆی دادەنێت و كاری سەرۆك پەرلەمانیش دەبێت تەنها ئارایشكردنی كارە نایاساییەكانی پارتیی بێت، دەنا لە بازگەی پردێ تووشی كێشەو دەردیسەریی دێت. 

پێشتر وتبوومان، ئەگەر لەم خولەی پەرلەماندا پارتیی هەر شتێك بخاتە پەرلەمانەوە، یاخود بیەوێت ڕەتیبكاتەوە، بێ هیچ كۆسپ و لەمپەرێك دەتوانێت ئەنجامیبدات، بۆیە لۆژیكیترین بۆچوونی سیاسیی ئەوەیە، كە یەكێتیی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەك خەڵاتێك ببەخشێتەوە بە پارتیی.

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل