fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

کورد چەند وەزارەتى بەردەکەوێت؟

“بەهێزترین ئەگەر” بۆ دیاریکردنى پشکى کورد لە کابینەکەى عەلاوى

11:08 شه‌ممه‌ 08 شوبات 2020
article image

ناس کورد-
کورد چاوى بڕیوەتە پشکەکەى لە کابینەى چاوەڕوانکراوى حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى محەمەد عەلاوى، بەوتەى پەرلەمانتارێکى کورد ئەگەرى بەهێز ئەوەیە، دوو وەزیر بە پێشنیازى پارتى و یەکێتى و وەزیرێک بە پێشنیازى گروپى 15 دابنرێت.

.
لەدواى ڕاسپاردنى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت لە ڕۆژى یەکى ئەم مانگە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوى جموجۆڵەکانى بۆ پێکهێنانى کابینەکەى دەستپێکردووە و دەیەوێت لەکەسانى سەربەخۆ کابینەکەى پێکبهێنێت.

.
تا ئێستا دیار نییە عەلاوى چۆن کابینەکەى پێکدەهێنێت و پشکى کورد لەو کابینەیە چۆن دەبێت، کە لە کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى خاوەنى سێ وەزارەتە.

.
ئەحمەدى حاجى رەشید ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند “پشکى کورد لە حکومەت پەیوەندى بەوەوە هەیە ئایا کورد بە یەک لیست بەشدارى دەکات یاخود نا، ئەگەر بەیەک لیست نەبێت کاتێک هاتینە سەر بابەتى بەشداریکردن ئەوە پەیوەندى بەوەوە هەیە ئایا بە وەزیر بەشدارى دەکەین یاخود نا”.

.
وتیشى “دەکرێت وەزیرەکان مۆرکى حزبایەتیان پێوە بێت، دەکرێت وەزیرێک بە پێشنیارى یەکێتى و وەزیرێک بە پێشنیارى پارتى بێت و وەزیرێکیش بە پێشنیارى گروپى 15 بێت کە ئەمەیان ئەگەرى زۆرترە، ئەوەش ئەگەر بڕیار بێت وەزیرەکان سەربەخۆ بن و سەر بەهیچ پارتێکى سیاسى نەبن و پارتەکان تەنها پشتگیریان بکەن”.

.
لەکابینەى ئێستاى حکومەتى عێراقدا بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى کورد خاوەنى سێ وەزارەتە، کە پێکهاتوون لە وەزارەتەکانى دارایی و ئاوەدانکردنەوە کە لە پشکى پارتى دانراون، لەگەڵ وەزارەتى داد کە بەر یەکێتى کەوتووە، کە دواى ناکۆکى و مشتومڕێکى زۆر لەنێوان یەکێتى و پارتیدا یەکلاییکرانەوە.

.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند “هێشتا محەمەد عەلاوى دانوستانى لەگەڵ کورد و سوننەکان دەستپێنەکردووە، ئەوەى هەیە تەنها لەگەڵ لایەنە شیعییەکان قسەیکردووە لەو بارەیەوە”.

.
وتیشى “تا گفتوگۆکان دەستپێنەکات نازانرێت عەلاوى چۆن پێکهاتەى کابینەکەى دروستدەکات، دیاریش نییە بەهۆى کێشەکانى ئەمدواییەوە ئەویش دەکشێتەوە یاخود نا”.

.
محەمەد عەلاوى کە ئێستا 26 ڕۆژى لەبەردەمدا ماوە بۆ پێکهێنانى کابینەکەى لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا هەڕەشەى کشانەوەیکرد لە ئەرکى پێکهێنانى حکومەت، ئەگەربێت و هەڵمەتەکانى سەرکوتکردنى خۆپیشاندەران بەردەوامبێت.

.
بەهۆى ئەوەى کورد لەم خولەى پەرلەماندا پەرت و بڵاوە و خاوەنى فراکسیۆنێکى یەکگرتوو نییە، پێدەچێت عەلاوى ناچاربێت بەجیا لەگەڵ لایەنە کوردییەکان دانوستان بکات، کە دیارترینیان بریتین لە پارتى و یەکێتى و گروپى 15 کە پێکهاتوون لەسەرجەم پەرلەمانتارانى (یەکگرتوو، گۆڕان، کۆمەڵ، فراکسیۆنى ئایندە و هاوپەپمانى) و باس لەوەدەکرێت کە داواى وەزیریان لە کابینەکەى عەلاوى کردووە.

.
ئەحمەدى حاجى رەشید ئەندامى گروپى 15 وتى “هیچ بەڵێنێک نەدراوە بۆ پێدانى وەزارەت بە گروپى 15 بەڵام پێش راسپاردنى محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ پێکهێنانى حکومەت کۆبونەوەمان لەگەڵ کردوەو باسى وەزارەت و پشک نەکراوە”.

.
ڕونیشیکردەوە “پێش راسپاردن و دواى راسپاردنیش نامەگۆڕینەوە و تەلەفۆنکردنمان لەنێوانماندا هەبووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسى وەزارەت نەکراوە و باسى چەند بابەتێکى سەرەکیمان کردوە وەک شایستە داراییەکانى هەرێم”.

.
باسى لەوەشکرد، یەکێتى و پارتى محەمەد تۆفیق عەلاویان بینیوە و ئەوانیش بینیویانە، “ناوبراو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوان بکات کە گروپى 25 کەسى و 18 کەسین ئەم گروپەش 15 کەسیەو دەبێت بەهەمان شێوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت، بەشداریکردن لە حکومەت واتاى ئەوەیە بە وەزیرێک بێت”.

.
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیکردەوە، تائێستا داواى وەزیریان نەکردوە و باسى ئەوەیان نەکردوە کە بە وەزارەت بەشدارى دەکەن یاخود نا.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل