Shadow Shadow

پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەدا دەپچڕێنێت

بەغدا کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم سزا دەدات

21:08 چوار شه‌ممه‌ 20 ئادار 2019
article image

 

 

ناس کورد-

 

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق بڕیاری سزادانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیکۆم دەدات و ماوەی پێنج ڕۆژیش بە سەرجەم كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردنی دیکە دەدات بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ كۆمپانیای ناوبراو.

 

بەپێی راگەیاندراوێكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق، كە بەرواری ئەمڕۆ 20ی 3ی 2019ی لەسەرە ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی پابەند نەبوونی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بە جێبەجێكردنی بەندەكانی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی كاركردن، بڕیاردراوە بە پچڕاندنی پەیوەندیی سەرجەم كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن بە كۆمپانیای ناوبراو.

 

لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، هەردوو وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ئاگاداركراونەتەوە لەرۆژی 24ی ئەم مانگەوە، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بپچڕێنن.

 

 

لەو بارەیەوە ئومێد محەمەد، وتەبیژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم تایبەت بە ناس کورد رایگەیاند، “بەوپێیەی ئەمڕۆ پشوو بوو لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم ئاگادار نین لە نوسراوێکی لەو شێوەیە و تاوەکو ئێستا پێمان نەگەیشتووە”.

 

 

وتیشی “هەرسێ کۆمپانیای پەیوەندیکردنی کۆڕەک تلیکۆم و ئاسیاسێڵ و زەین سەربە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقن و هەر بڕیارێک کە لەوێوە دەربچێت پێویستە پێوەی پابەندبن”.

 

 

سەبارەت بەوەی دەکرێت لەو وادەیەی دیاریکراوە پەیوەندی هەردوو کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم و ئاسیاسێڵ ببچڕێندرێت، وتەبێژی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، ڕەتیکردەوە هیچ شتێک بڵێت لەوبارەیەوە تاوەکو ئەوکاتەی نوسراوەکەیان پێدەگات.

 

ناس کورد چەند جارێک هەوڵی دا پەیوەندی بکات بەبەشی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل