fbpx
Shadow Shadow

نزیکەى سێ مانگە حکومەت پێکهێنراوە

 بەشێکى زۆرى رێککەوتنەکانى پارتى و گۆڕان جێبەجێنەکراوە [تایبەت]

19:21 یه‌ك شه‌ممه‌ 29 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

نزیکەى سێ مانگ بەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا تێدەپەرێت و هێشتا زۆرێک لە بڕگەى رێککەوتنەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان کە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت واژووکران، جێبەجێنەکراون و بەرمەبناى لێدوانێکى پێشترى سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رێککەوتنەکەى پارتى و گۆڕان “فەشەلى” هێناوە.

.

عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە لێدوانێکى پێشووى تەلەفزیۆنیدا لەبارەى رێککەوتنى حزبەکەیى و پارتى داواى لە هاووڵاتیان کرد مۆڵەتیان بدەنێ و تۆزێک چاوەڕوان بن تا بەڵێن و رێککەوتنەکەیان دەکەنە کردار.

.

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رایگەیاند “ئەگەر دوای دوو مانگ لە پێکهێنانی حکومەت پڕۆژە یاسای چاکسازی جێبەجێنەکرا، ئەوا ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان “فەشەلی” هێناوە”.

.

پڕۆژە یاساى چاکسازی لەلایەن کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی پەرلەمان کرا، وێڕاى پەسەندکردنى چەند بڕگە و مادەیەکى، بەڵام دواتر بەهۆى ناڕەزایەتییەوە بۆ حکومەت گەڕێندرایەوە.

.

چالاک موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” ڕاستە نزیکەى سێ مانگ بەسەر دەستبەکاربوونی حکومەتدا تێپەڕیوە، بەڵام ناکرێت بە سێ مانگ هەموو شتێک تێکبدرێت بەتایبەتی کە ئێستا حکومەت سەرقاڵی پڕۆژە یاسای چاکسازییە، بۆیە  ئێمە شەش مانگمان داوە بە حکومەت تا بزانین چی دەکەن”.

.

وتیشی، دوای ئەوە ئەگەر کارەکانیان بە باشی نەکرد، لەگەڵ برادەرانی پارتی دادەنیشین و ئاگاداریان دەکەینەوە و شەش مانگی دیکەیان وەک مۆڵەت پێدەدەین تا ئەو کارانەی ڕێککەوتووین لەسەری جێبەجێبکرێن.

.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان روونیکردەوە ئەگەر دوای ئەو ماوەیە بزانن پارتی نایەوێت ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێککەوتوون جێبەجێ بکات، ئەوا قسە و هەڵوێستی جددیان دەبێت بەرامبەر پارتی، بەڵام بەدووریزانى بگاتە ئەوەی لە حکومەت بکشێنەوە.

.

چالاک موهەندیس ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست دەکاتەوە کە گۆڕان لە دیاریکردنى چەند یاریدەدەرێک بۆ سەرۆکى حکومەت نیگەرانە و ئەوانە بەدەر لە ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان کراوون و بەوتەى ئەو ئەندامەى جڤاتى نیشتیمانى “بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەى پارتى و گۆڕان سەرۆکى حکومەت تەنها یەک یاریدەدەری هەبوو، ئەویش لە پشکی گۆڕان بوو، بەڵام ئێستا تەنها ئەوەی گۆڕان دەسبەکار نەبووە”.

.

هاوکات گۆڕان دانانى یاریدەدەرێک بەتایبەت بۆ کاروبارى ئابورى بە کەمکردنەوەى دەسەڵاتەکانى وەزیرى دارایى دەزانێت و وەک چالاک موهەندیس بە ناس کوردى وت ” هەر لە سەرەتاوە نیگەرانی خۆیان لەو بارەیەوە گەیاندووەتە پارتی، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە”.

.

رۆژى 10ى تەموزى 2019، پەرلەمانی کوردستان، لە گەڵ متمانەدان به مەسرور بارزانی وەک سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، متمانەی به وه زیرەکانی کابینەی نۆیەمیشدا.

.

پارتى دیموکراتى کوردستان رەتیدەکاتەوە هەتا ئێستا لەلایەن گۆڕانەوە بەشێوەیەکى فەرمى هیچ ناڕەزایەتى و نیگەرانییەکیان بەدەستگەیشتبێت و ئەو رەخنە و گلەییانەش وەک هەوڵێک بۆ تێکدانى رێککەوتنەکەى نێوان پارتى و گۆڕان تەماشا دەکەن.

.

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی بە ناس کوردی وت :”ئەوانەی ڕەخنە دەگرن دەیانەوێ ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان تێکبدەن و تەنها ناڕەزایی شەخسی کۆمەڵێک کەسن، بەپێچەوانەوە تائێستا هیچ ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکی فەرمیمان لە گۆڕانەوە پێنەگەیشتووە”.

.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەی چاکسازی، پڕۆژەیەکی بەردەوام و درێژخایەنە، نەوەک جێبەجێ بکرێت و تەواو بێت، بەڵکو پێویستە بەردەوام کاری تێدا بکرێت.

.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل