fbpx
Shadow Shadow

"یەکێتى لە بادینان وەک ئۆپۆزسیۆنە"

بەرپرسێکی یەکێتی لە دهۆک: ئاسایشی پارتی فۆڕمی زانیاری بە کادرەکانمان پڕدەکاتەوە

21:14 هه‌ینی 30 ئاب 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بەوتەى بەرپرسێکى یەکێتى، کادرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سنوری بادینان لەژێر فشاری ئاسایشی پارتیدا فۆڕمیان پێپڕکراوەتەوە و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیش لە دهۆک دەڵێت، لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئاسایش ئەگەر لەم چەند ڕۆژەدا نەگەنە ڕێککەوتن ئەوا سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کێشەکە ئاگادار دەکەنەوە، دەشڵێت، یەکێتی لە بادینان وەک ئۆپۆزسیۆنە.

,

بەرپرسی کۆمیتەیەکی یەکێتی لە سنوری بادینان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە، ئاسایشی پارتی، کادرانی یەکێتی لە سنوری بادینان هەراسان کردووە و زۆرێک لە کادرەکانمان سێ بۆ چوار جار بردراونەتە ئاسایش”.

,

ئەو بەرپرسەى یەکێتى لە بادینان وتیشی: “ئاسایشی پارتی بە بیانوی گومانی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ پەکەکە بانگهێشتمان دەکات و هەرکەسێکیش کە بانگدەکرێت، فۆڕمێکی پێپڕدەکرێتەوە و هەموو زانیارییەکی ئەو کەسەی لەسەرە بە ژمارەی مۆبایل و ناو و ئیمەیڵی و فەیسبووکیشەوە”.

,

بە وتەى ئەو بەرپرسەى کۆمیتە، پارتی دەیەوێت بەو بیانووە، کادرانی یەکێتی لە ناوچەکە لاواز بکات و ڕێگای ئەنجامدانی چالاکیان لێبگرێت، بەڵام مەڵبەندەکانیان لەو کێشەیە ئاگادارکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردن.

 

لەوبارەیەوە عەبدولباری زێباری، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆک سەرجەم وتەکانی ئەو بەرپرسی کۆمیتەیەی یەکێتی پشتڕاستکردەوە و  بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەلایەن زۆرێک لە کادرەکانمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە ئاسایشی پارتی ڕێگایان پێدەگرێت و بانگهێشتی ئاسایشیان دەکات و فۆڕمیان پێپڕ دەکرێتەوە، ئێمەش لەئێستادا لەگەڵ لایەنی ئەمنی و حزبی پارتی لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە”.

,

زێبارى ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو کارەی ئاسایشی پارتی پێچەوانەی یاسایە، چونکە بێ هیچ بەڵگەیەک ئەو کادرانە بانگ دەکەن و هیچ شتێکیان لەسەر نییە، ئەگەر لە دادگا سکاڵایان لەسەرە، یاخود کارێکی نایاساییان کردووە، ئەوا هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام ڕێگە نادەن بەوشێوە سیاسی و حزبیانە کادرەکانیان ببرێنە ئاسایش و ڕێگەی کاریان لێبگیرێت.

,

بەرپرسى مەڵبەندى دهۆکى یەکێتى، هۆشداری بە پارتی دا، ئەگەر لەم چەند ڕۆژەدا کێشەکە چارەسەر نەکەن و واز لە کادرانیان نەهێنن، ئەوا سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کێشەکە ئاگادار دەکەنەوە.

,

بەرپرسەکەی یەکێتی لە دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی لەو سنورە لە ڕووی سیاسییەوە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنە، بۆیە پارتی دەیەوێت ڕێگای ئازادی ڕادەربڕین لە کادرەکانی بگرێت.

 

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل