fbpx
Shadow Shadow

"سیخوڕەکانى ئێران لە بەغداوە عێراق بەڕێوەدەبەن"

“بەرپرسانی هەرێم گرێبەستی نەوتییان لەگەڵ فەیلەقی قودس واژۆکردووە”

15:33 دوو شه‌ممه‌ 18 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد –

 

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، قاسم سولەیمانی لەبەغداوە دەستی بەسەر عێراقدا گرتووە و لە هەرێمی کوردستانیش بازرگانی نەوتی لەگەڵدا کراوە.

.

ئەمڕۆ دووشەممە،  18ی تشرینی دووەمی 2019، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ژمارەیەکی زۆر دۆکیومێنت و بەڵگەنامەی دزەپێکراوی ئێرانییەکانی بڵاوکردووتەوە کە باس لە کاروبارە و سیخوڕی و هەوڵگرییەکانی ئێران دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاشکرایدەکات کە چۆن ئێران کۆنتڕۆڵی عێراقى کردووە و چۆن ململانێی ئەمریکا لە عێراقەوە دەکات.

.

“جەنگێکى سێبەر و نهێنی”

"بەرپرسانی هەرێم گرێبەستی نەوتییان لەگەڵ فەیلەقی قودس واژۆکردووە"

بەپێی ڕۆژنامەکە، لەناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لەکاتی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراقدا، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران کە ناوی فەیلەق و سوپاکەی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، بەشێوەیەکی نهێنی چووەتە بەغدا و چەندین کۆبونەوەی ئەمنى بەڕێبردووە و سەرپەرشتی چەند کۆبونەوەیەکی کردووە لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دواى ئەوەی خۆپیشاندەران هێرشیانکردووەتە سەر کونسوڵخانەکانی ئێران لەنەجەف و کەربەلا و بەسرە و دروشمیان دژی ئێران وتووەتەوە.

.

ڕۆژنامەکە نزیکەی 700 بەڵگەی دەستکەوتووە کە دەیسەلمێنێت چەندین سیخوڕ و هەواڵگری ئێرانی بەناوی نێوەندگیر و ئاشتیپارێز و ڕاوێژکارەوە، چۆن هەژمونگەرى تارانیان بردووەتە ناو حکومەتی عێراقەوە و لەو ڕێگەیەوە “جەنگێکى سێبەر و نهێنییان” بەڕێوە بردووە، لەسەر هەژمونگەریی ئێران لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و عێراقیان کردووەتە مەیدانی شەڕ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی وڵاتان و چاندنی تۆڕی سیخوڕی لێیەوە دژی وڵاتان.

.

“نێچیرڤان بارزانی نزیکە لە ئێران”

"بەرپرسانی هەرێم گرێبەستی نەوتییان لەگەڵ فەیلەقی قودس واژۆکردووە"

بەپێی بەڵگەنامەکان، “نێچیرڤان بارزانی یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی ئێران و پێشتر کە سەرۆکی حکومەت بوە لە مانگی دیسەمبەری 2014 بەشداریکردووە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا، کە بەرپرسە هەرە باڵاکانی ئەمریکا و بەریتانیا و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات تێیدا بەشداربوون و دواتر یەکسەر بەرپرسێکی ئێرانی بینیوە و هەمو وشتێکی ئەو کۆبونەوەیەی پێوتووە”، بەڵام ئەو زانیارییانە لەلایەن ئۆفیسی نێچیرڤان بارزانییەوە ڕەتکراونەتەوە.

.

بەڵگەنامەکان دەریدەخەن، فەیلەقی قودسی ئێران لە هەرێمی کوردستان گرێبەستی نەوتی لەگەڵ بەرپرسانی کورد ئەنجامداوە و لەبەرامبەر نەوتدا سوپای قودس چەک و هەندێک پێداویستی سەربازی داوە بە بەرپرسە کوردەکان.

.

نیۆیۆک تایمز ئەوەشى خستووەتەڕوو، سەدان بەڵگەیان دەستکەوتووە کە بەشێوەیەکی ئاشکرا ڕونیدەکاتەوە چۆن تاران لەڕێی چەند فەرماندەیەکی باڵایەوە دەستی وەردەداتە کاروباری عێراق کە ئەویش قاسم سولەیمانییە، هەروەها ئەرشیفی چەندین کەسی دیکەشیان دەستکەوتووە کە لەپێشتردا وەکو سیخوڕی ئێران لە چەندین دامودەزگای حکومەتی و سەربازی و ئابوری و بازاڕی عێراقدا کاریانکردووە.

.

ئاشکراشیکردووە “بەشێک لە سیخوڕە ئێرانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بون و چاودێری  جموجوڵ و هاتوچۆی سەربازانی ئەمریکی و سەربازانی دیکەی وڵاتانی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووە و زانیارییان لەسەر کۆکردووەتەوە”.

 

پەیوەندییە نهێنییەکان

 

بەپێی ڕۆژنامەکە، هەریەکە لە باڵیۆزەکانی ئێران لە وڵاتانی لوبنان و سوریا و عێراق، پلەی بەرزییان هەبووە لەنێو فەرماندەیی سوپای پاسداران و لەڕێگای کاری باڵیۆزییەوە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی حزبی و حکومی ئەو وڵاتانە دروستکردووە کە کاری لێدەکەن، هەروەها چەندین پەیوەندی نهێنیان لەنێوان بەرپرسانی دەزگا هەواڵگری و حکومییەکانی ئێران و ئەو بەرپرسە حزبی و حکومیانەی وڵاتەکانیان دروستکردوە و  کارێکی وەهایان کردوە کە ئەو بەرپرسانە لەبەرژەوەدی ئێران کار بکەن.

.

بەپێی بەڵگەنامەکان، یەکێک لەو بەرپرسانە بەیان جەبر وەزیری پێشوی ناوخۆی عێراق بووە، ئەو باڵیۆزانە ڕۆڵیشیان هەبوە لە دامەزراندنی بەرپرسانی حکومی تەنانەت بەپلەی وەزیریش لەو وڵاتانەی کە کاریان لێکردوون بەهۆی بەهێزی هەژمونی ئێران لەو وڵاتانە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل