fbpx
Shadow Shadow

"لایەنەکان چەند ناوێکیان پێشنیازکردووە"

بەرهەم ساڵح دەسەڵاتەکانى سەرۆک وەزیران وەردەگرێت؟

18:31 یه‌ك شه‌ممه‌ 08 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

ماوەی یەک هەفتە لەبەردەم سەرۆک کۆماری عێراقدا ماوە بۆ ئەوەی کاندیدی نوێی سەرۆک وەزیران پێشکەشی پەرلەمان بکات، هاوپەیمانی سائیرونیش ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر تا ئەو وادەیە کەسێک دیاری نەکرێت،  دەبێت سەرۆک کۆمار دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران وەربگرێت.

.

یەکى ئەم مانگە پەرلەمانى عێراق دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى لە پۆستى سەرۆک وەزیران پەسەندکرد و بۆ ڕۆژى دواتر محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان نوسراوێکى ئاڕاستەى سەرۆک کۆمار کرد بۆ ئەوەى لەماوەى 15 ڕۆژدا کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکات، بەپێی ماددەى 76 ى دەستور.

.

سالار مەحمود، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند “گفتوگۆ و کۆبوونەوە و هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لەگەڵ لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا بەردەوامە بۆ دیاریکردنی کەسێکی شیاو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق”.

.

وتیشی، سەرۆک کۆمار دەیەوێت جگە لە لایەنە سیاسییەکان، هەماهەنگی لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیشدا هەبێت و بە هەوڵی هەموو لایەک کەسێک دیاریبکەن کە بەدڵی شەقامی عیراقی بێت و بۆ ئەم بارودۆخەی عێراق گونجاو بێت و لە ئاست داواکارییەکانی خەڵکی عێراقدا بێت.

.

بەپێی دەستوری عێراق، دەبێت لە دوای 15 ڕۆژ لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران، کەسێکی دیکە بۆ جێگەکەی دیاریبکرێت، بەڵام ئێستا حەوت رۆژی ئەو ماوەیە ڕۆشتووە و هەشت ڕۆژی ماوە، تا ئێستاش هیچ کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران دیارینەکراوە.

.

هاوکات شەقام و بەشێک لە پەرلەمانتارانیش هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەى کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران دیاریبکرێت کە لەدواى ساڵى 2003 ەوە هیچ پۆستێکى لە حکومەتدا نەبووبێت و ئەندامى پەرلەمانیش نەبووبێت.

.

محەمەد غزی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی کانونی یەکەمی 2019 ڕایگەیاند، کوتلە سیاسییەکان چەندین ناویان پێشنیارکردووە بۆ سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەوان هەموو ناوەکانیان ڕەتکردووەتەوە.

.

وتیشى “ئەگەر لەدوای 15 ڕۆژیش لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار کەسی دیارینەکرد بۆ شوێنەکەی، ئەوا بەگوێرەی مادەی 81 لە دەستوری عیراق، سەرۆک کۆمار دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت”.

.

لەوبارەیەوە سالار مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆک کۆمار هەر لەسەرەتاوە هەوڵیداوە، کێشەکان چارەسەربکات و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەکاندا دەستپێکردووە، ئەو پارێزەری دەستورە و هەموو هەوڵێک دەدات، تا لەگەڵ لایەنەکان بەزوترین کات کەسێک بۆ ئەو پۆستە کاندیدبکەن.

.

دەربارەی ئەوەی ئەگەر لەو ماوەیەدا کەسێک دیارینەکرا، ئەوا بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، ئامادەیە دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران وەربگرێت، سالار مەحمود هەرچەندە ڕەتینەکردەوە کە سەرۆک کۆمار پۆستەکە وەربگرێت، بەڵام وتى بۆ هەموو ڕووداوێک قسەى خۆیان هەیە.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل