fbpx
Shadow Shadow

كارگە نێوخۆییەكان مەترسی داخستنیان لەسەرە

بەرهەمە دەرەكییەكان سەری بەرهەمە ناوخۆییەكان دەخوات

14:19 سێ شه‌ممه‌ 09 نیسان 2019
article image

ناس كورد- شەهرام عەزیز

كارگەكانی بەرهەمی شیرەمەنی خۆماڵی لە شاری سلێمانی بەهۆی هاوردەكردنی بەرهەم لە دەرەوەی وڵات مەترسی داخستنیان لەسەرە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیش، دەڵێت “ئەو كۆمپانیایانەی بەرهەمی دەرەوە هاوردە دەكەن، ڕێكەوتنی گەورەیان هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا و پێویستە حكومەت ڕێگە چارە بدۆزێتەوە”.

دیار جەبار، جێگری بەڕێوەبەری كارگەی چیاو بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەكان، تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند”كارگەی بەرهەمە شیرەمەنییەكانی سلێمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییمان ئەنجامدا، دژی هاوردەكردنی بەرهەمی شیرەمەنی دەرەكی، كە بەهۆیەوە فڕۆشی بەرهەمەكانمان بەشێوەیەك دابەزیوە كە بگاتە حاڵەتی داخستنی كارگەكانمان، لەگەڵ ئەوەی كوالێتی بەرهەمەكانمان لە لیژنەكانی تەندروستی بەشێوەیەكی زۆر باش دەرچووە”.

بەپێی بەدواداچوونەكانی ناس كورد، ئەم كێشەیە تەنها بەرۆكی خاوەن كارگەكانی نەگرتۆتەوە بەڵكو بەهۆیەوە چەندین كەس بێكار بوون و لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە.

بە وتەی دیار جەبار، لەو چەند كارگەیەی شاری سلێمانی بە هەزاران كەس كاریان كردووە و ئێستا بەهۆی كەمبوونەوەی كار لەكارەكانیان دوورخراونەتەوە و چوونەتەوە ماڵەوە و بێكارن.
چاودێری بازرگانی سلێمانی پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ دەكات، بەڵام ناشتوانێت قەدەغەی هاوردەی بەرهەمی دەرەكی بكات، سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە ناس كورد-ی وت “ئێمە بەهەموو شێوەیەك پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ دەكەین و پێمانوایە پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت، بەڵام قەدەغەكردنی هاوردەكردنی دەرەكی پێویستی بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیە، چونكە ئەمە تەنها تایبەت نییە بە شاری سلێمانی بەڵكو بۆ هەموو هەرێمە”.

بە وتەی سۆران عەبدولغەفور، چەندین كۆمپانیای گەورە گرێبەستیان لەگەڵ كارگەكانی وڵاتانی ئێران و توركیا كردووە بۆ هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە و پێویستە حكومەت ڕێگەی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ قەدەغەكردنی.

سەبارەت بە جیاوازی كوالێتی بەرهەمی ناوخۆ و دەرەكی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوە دەكات، ئەو كارگانەی لە وڵاتی ئێران هەیە لە هەرێمی كوردستانیش هەن و جیاوازی كوالێتیان نییە.

لە ئێستادا بەهۆی دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی، بازرگانان بەرهەمێكی زۆر لەو وڵاتەوە هاوردە دەكەن و ئەمەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆ.
هاوكات ئەمڕۆ (سێشەممە) دەیان خاوەن كارگەی نێوخۆیی لەگۆڕەپانی تەحریر لەشاری بەغدا گردبوونەوە و داوایان لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە یاسایەكی تایبەت كارا بكات بەمەبەستی پاراستنی بەروبوومی نێوخۆیی و راگرتنی هەواردەی بیانی.
خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر، جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە بەردەوامیدان بە هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی لەباربردنی بژێوییانە و لەو بارەیەوە داوایان لە حكومەت كر كە “پیشەسازی نێوخۆی عێراق لەدار نەدات”.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل