fbpx
Shadow Shadow

بۆ یەکەمجار دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا و سوریا کۆبوونەوە.. کورد تەوەرێکی سەرەکییە

22:00 سێ شه‌ممه‌ 14 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی و دوژمنایەتی، بۆ یەکەمجار و بە ئاشکرا دەزگای هەواڵگریی تورکیا و سوریا کۆبونەوەیەکیان لە ئاستی باڵادا ئەنجامدا و لە پاش کۆبوونەوەکەش بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات لێدوانی دژ بەیەکیان دا.

.

شەوی ڕابردوو، 13ی کانونی دووەمی 2020، هەریەکە لە عه‌لی مه‌ملوك، سه‌رۆكی نوسینگه‌ی ئاسایشی نیشتمانیی سوریا و هاكان فیدان، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی توركیا و ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسانی باڵای هەردوو دەزگاکە له‌ مۆسكۆ و به‌ سه‌رپه‌رشتی و بەشداری چەند بەرپرسێکی ڕوسی كۆبونەوە.

.

لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، خوڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگریی توركیا بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی وتووە: “توركیا ده‌یه‌وێت ئاشتی و سه‌قامگیریی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌دیبهێنێت و لەنێو ئەو کۆبونەوەیەشدا نوێنەرانی تورکیا باسیان لەوە کردوە کە بەرپرسان و دەزگاکانی هەردوولا کار بکەن بۆ ئەوەی دۆخی سوریا ئارام بکەنەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کار بۆ سەقامگریکردنی ئاسایشی سوریا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکەن”.

بۆ یەکەمجار دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا و سوریا کۆبوونەوە.. کورد تەوەرێکی سەرەکییە

.

لە بەرامبەردا، عه‌لی مه‌ملوك، سه‌رۆكی نوسینگه‌ی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی سوریا بە ئاژانسی سانای سەر بەحکومەتی سوریای ڕاگەیاندوە: “دەبێت سەرجەم هێزە بیانییەکان لە تەواوی سوریا بکشێنەوە و ئێمە دەمانەوێت سەروەری تەواوی خاکی سوریا پارێزراو بێت و هیچ هێزیکی تێدا نەبێت کە لەسەر داوای ئێمە نەهاتبێت، هەروەها ئاشتی لە وڵاتەکەمان هەبێت و هیچ بەشێکی خاکەکەشمان هێرشی نەکرێتەسەر”.

.

عه‌لی مه‌ملوك باسی لەوەشکردووە: “زۆر بەگرنگی دەزانین کە تورکیا پابەند بێت بەو ڕێککەوتنەی سوتچی کە 17ی کانونی یەکەمی 2018 دەربارەی ئیدلب و ناوچەکانی دیکە واژووکراوە بۆ بردنە دەرەوەی هەموو  چەکە قورسەکانی دەست گروپە تیرۆستییەکانی سوریای ئازاد لەو شارانەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سوریای ئازادەوە داگیرکراوە”.

.

“ناکرێت بابەتى کورد لە دەرەوەى کۆبوونەوەکان بوو بێت”

.

بەپێی ڕای چاودێرانی سیاسی، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەو شێوەیە ناکرێت باس کورد و ڕۆژئاوای تێدا نەکرابێت.

.

بەرپرسێکی تورکی بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى بە ڕۆیتەرزی وتووە لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەواڵگری هەردوو وڵات باسیان لە “کارکردنی پێکەوەیی کردووە لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات.”

.

لەلایەکی ترەوە، بورهان غلیون، شیکەرەوەی سیاسیی و نوسەری سوری بە کەناڵی حوڕەی ئەمریکی وتووە کە “کۆبوونەوەکە دەستپێشخەرییەکی ڕوسییە بۆ ئاساییکردنەوە و بەستنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕژێمی سوریا لە چوارچێوەى هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ مانەوەى ڕژێمی ئەسەد تاوەکو بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی دانی پێدا بنرێت و مامەڵەى لەگەڵ بکرێت.”

.

غلیون دەشڵێت، “بەڵام تەنانەت ئەگەر هەموو جیهانیش دانی پێدابنێت جارێکی دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ داواوە وەک ئەوەى هیچ ڕووینەدابێت، بەشار ئەسەد ناتوانێت وەک سەرۆک بەردەوام بێت، بۆیە هەوڵەکەى ڕوسیا هەنگاوێکی سەرنەکەوتووە.”

.

غلیون ڕاشیگەیاند کە “ستراتیژی تورکیا ڕوبەڕوبوونەوە و نەهێشتنی هێزە چەکدارییە کوردییەکانە لە سوریا، بەڵام ڕژێمی سوریا دەیەوێت فشار بخاتە سەریان لەپێناو قبوڵکردنی مەرجەکانی.”

.

دەشڵێت، “پێم وایە هەماهەنگی ئەو دوو دەزگایە هەواڵگری دەبێت و لەوە زیاتر هیچی لێ سەوز نابێت.”

.

ئەوە لەکاتێکدا ڕوسیا و تورکیا ڕێککەوتنی سوچییان واژۆ کرد و ڕێککەوتنی لەسەر ناردنی هێزی ڕوسی و تورکی بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ دەرکردنی هێزە کوردییەکان و داماڵینی چەک لە ناوچە سنورییەکان تورکیا-سوریا.

 

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل