Shadow Shadow

بۆ یەكەم جار لە بابل بەجلی كوردییەوە گۆرانی دەوترێت

15:03 شه‌ممه‌ 30 ئادار 2019
article image

ناس كورد-

گروپی موزیكی لوڕ لەفێستیڤاڵی بابل بۆ رۆشنبیری جیهانی بەشداری دەكەن و لەنێو هاووڵاتیانی عەرەبی عێراقیدا گۆرانی و ئاوازی كوردی پێشكەش دەكەن.

نزار زێوێی هونەرمەندی موزیسیان و سەرپەرشتی گروپی هونەری لوڕ تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند “وەك گروپی موزیكی لوڕ لەرۆژی 2ی ئادار بانگهێشت كراین بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵی بابل بۆ ڕۆشنبیری جیهانی”.
فێستیڤاڵەكە خولی هەشتەمی بووە كە لەو شارە بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی وەك (میسڕ، ئوردن، دوبەی و قەتەر) و هەندێك لەوڵاتانی ئەوروپی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەنجام دەدرێت.

بەوتەی سەرپەرشتیاری گروپی لوڕ، ئەوە یەكەم جار بووە كە لەسەر ئاستی عێراق گروپێكی كوردی بەشداری لەو فێستیڤاڵەدا بكات و شانازی ئەوەیان پێبەخشراوە كە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی بكات و شانۆی رۆمانی لەو شارە بكاتەوە.

لەرۆژی 21ی ئاداری 2019ەوە فێستیڤاڵەكە دەستی پێكرد و هەتا 1ی نیسانی 2019 بەردەوام دەبێت و لە پێنج رۆژی یەكەمدا چالاكییەكان لەناو هۆڵی بچوك پێشكەش دەكرێت و دواتر چالاكییەكان دەبرێتە ناو شانۆی ڕۆمانی و یەكەم گروپ كە شانۆ ڕۆمانیەكەی كردەوە گروپی لوڕ بوو.

گروپی لوڕ بەجلی كوردی چالاكییەكانیان لەو شارە عەرەبییەی عێراق پێشكەش كرد، سەرپەرشتیاری گروپەكە نایشارێتەوە پێشتر دوودڵ بوون لەوەی كە جلی كوردی بپۆشن یان نا، بیریان لەوە دەكردەوە كە داخۆ ئەگەر جلی كوردی لەبەر بكەن پێشوازییان لێدەكرێت؟ بەڵام ترسەكەیان لەجێی خۆیدا نەبوو و شتەكان پێچەوانە كەوتنەوە.

نزار زێویی روونیدەكاتەوە كە ئەوەی جێگەی سەرنج بووە لەلایان پێشوازی گەرمی خەڵكی بەغدا و بابل بووە و بەڕوویەكی خۆشەوە پێشوازییان لێكراوە.

دەشڵێت “ئەو پێشوازییە گەرمەی هاووڵاتیانی عەرەب لەئێمە ئەوەی نیشاندا كە ئەوان كوردیان خۆشدەوێت و دان بەوەدا دەنێن كە كورد پێكهاتەیەكە لەعێراقدا و هەرێمی كوردستان بەشێكە لەعێراق، ئێمەش وەكو كورد و وەك هەرێمی كوردستان پەیامی ئاشتی و برایەتیمان لەگەڵ خۆماندا بردبوو”.

گروپەكەی زێوێی یەكەمین جاریان بوو لەشارێكی عەرەبی عێراقی ئاهەنگ ئەنجام بدەن و وەك خۆیان دەڵێن سەرەتا دوو دڵ بوون لەچونیان بۆ ئەوێ‌، سەرپەرشتیاری گروپەكە گلەیی لە میدیاكان دەكات كە بەجۆرێكی تر باس لەپەیوەندی كورد و عەرەب دەكەن و ئەو پەیوەندییە (گەرمەی) نێوانیان دەشێوێنن، دەشڵێت “جۆرە بیركردنەوەیەكیان دروستكردوە كە ڕقمان لەیەك بێت، بەڵام كاتێك دەچیتە ناو واقیعەكەوە و خەڵكەكە دەبینیت، شتێكی ترە”.

“عەرەبەكان لەیەكەم گۆرانیەوە بەچەپڵە و دڵخۆشی پێشوازیان لێكردین” نزار زێوێی وای وت.

سەرپەرشتیاری گروپی لوڕ ئاماژەش بەوە دەكات كە وەزیری رۆشنبیری عێراق لەوتارەكەیدا باسی لەگروپەكەی ئەوانی كردووە و وەك شانازییەك بۆ هەموو پێكهاتەكانی عێراق ناوی بردوون.

نزار زێوێی هەنگاو و پڕۆژە هونەرییەكان بەگرنگتر لەهەنگاوی سیاسیەكان دەبینێت و وتی “ئەو هەنگاوانەی كە هونەرمەند و ڕۆشنبیر دەینێت زۆر گرنگترە لە هەنگاوەكانی سیاسییەك چونكە سیاسیەكان هەر هەنگاوێك كە دەینێن بۆ بەرژەوەندیەكە، بەڵام رۆشنبیر و هونەرمەند بۆ میللەتە و بۆ مرۆڤایەتییە بۆیە دڵنیام هانگاوێكی گرنگ دەبێت لەنێوان كورد و عەرەبدا و سەرەتایەكی تازەیە”.

لەبەردەم ئامادەبوونی زیاتر لە 2000 كەس و كەناڵ و میدیا عێراقییەكان، گروپی لوڕ لەرێگەی چەند بەرهەمێكەوە سەرجەم دیالێكت و زاراوەكانی كوردستانی هەر چوار پارچەی كوردستانی كۆكردەوە.

نزار زێوێی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، بڕیارە بەمنزیكانە سەردانی شارە عەرەبیەكانی عێراق و وڵاتە عەرەبیەكانی دراوسێی عێراق بكەن و بە هونەری كوردی و جلی كوردی و ئاڵای كوردستانەوە پەیامی هەرێمی كوردستان بگەیەننە نەتەوەكانی دیكە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل