fbpx
Shadow Shadow

تاکە کاندید بۆ پۆستەکە رەتکرایەوە

بۆ دانانى سەرۆکوەزیرانى نوێى عێراق “دەستێوەردانى دەرەکى” دەکرێت [تایبەت]

14:44 یه‌ك شه‌ممه‌ 08 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، لە پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق تێدەپەڕێت و هێشتا لایەنە سیاسیەکان نەیانتوانیوە کۆدەنگییەک دروست بکەن بۆ دانانى کەسێک بە سەرۆکوەزیرانى نوێى عێراق و لێرە و لەوێش باس لە دەستوەردانى دەرەکى دەکرێت لەو دۆسیەدا.

.

بەوتەى راوێژکارێکى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، هەر هەوڵدانێکى لایەنى دەرەکى بۆ سەپاندنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، لەسەر دیواری ڕەتکردنەوەی خۆپیشاندەران دەشکێت و پوچەڵ دەبێتەوە.

.

شوان داودی، ڕاوێژکاری سەرۆکى پەرلەمانی عێراق، بە ناس کوردی ڕاگەیاند :”عێراق لە ئێستادا بووە بە دوو بەرەوە، بەرەیەکیان خۆپیشاندەران نوێنەرایەتی دەکەن بەرەکەی دیکەشیان لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەرجەستەی دەکەن”.

.

وتیشی، تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە کێ توانای ئەوەی هەیە لەداهاتوودا سەرۆکوەزیرانى عێراق دابنێت.

.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ناتوانرێت بە ئاسانی سەرۆک وەزیران دابنرێت، بەوپێیەى خۆپیشاندەران ڕۆڵی باڵایان دەبێت لە ڕەتکردنەوەی هەر سەرۆکوەزیرانێک بە دڵی ئەوان نەبێت.

.

لایەنە سیاسیەکانى عێراق نکۆڵى لە دەستوەردانى دەرەکى ناکەن بۆ دەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیرانى دڵخوازى خۆیان، بەڵام روونیدەکەنەوە ئەو کارە بەبێ تەوافوقى سیاسى و کۆدەنگى لایەنە سیاسیەکان، ناچێتە سەر.

.

جەمال محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بۆ ناس کوردی روونکردەوە “ئەگەر لایەنی دەرەکی کەسایەتییەکی گونجاو پێشنیازبکات بۆ لایەنە سیاسییەکان بەمەرجێک ئەو کەسایەتییە ئەو خاڵبەندییانەی تێدا بێت کە خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت، کارێکی خراپ نییە”.

.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، تائێستا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کەسایەتی “محەمەد بەحرعلوم” خراوەتە بەرباس کە لە دەرەوەی وڵاتە، بەڵام ئەویش لەلایەن بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانەوە ڕەتکراوەتەوە.

.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوه‌ تا ئێستا خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بەڕێودەچێت و بەگوێرەى دواین ئامار که‌ کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بوونەتە قوربانی، زیاتره‌ لە 500کوژراو و 20 هەزار بریندار.

.

لەئاکامی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانیش، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە 29ى تشرینی دووەمی، 2019  نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق کرد و پەرلەمانیش لە ١ی کانوونی یەکەم بە کۆی دەنگ دەستلەکارکێشانەوەکەیان پەسەند کرد.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل