fbpx
Shadow Shadow

پارتی داوای لێکردوون بەشداری کابینەی نوێ بکەن

بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەت بزووتنەوە چاوی لە وەزارەتێکی پارتییە

23:25 هه‌ینی 05 نیسان 2019
article image

ناس كورد-شەهرام عەزیز

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێی سەرکردەکانییەوە داوا لە بزووتنەوەی ئیسلامی دەکات بەشداری حکومەت بکات و بزووتنەوەش مەرجی بەشداریکردنی بەستووەتەوە بە وەرگرتنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینییەوە.
ئاری عەبدولەتیف، کادری پێشکەوتووی بزووتنەوەی ئیسلامی و پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند:”داوایەک هەیە لەلایەن پارتییەوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەت بکات، بەڵام ئەو داوایانە بە سەردانی فەرمی نەبوون و لەڕێی سەرکردایەتییەکانی پارتییەوە بووە”.

ئاماژەی بەوەش كرد، هەرکات پارتی بە فەرمی سەردانی کردن و داوای بەشداریکردنی لە حکومەت لێکردن ئەو کات وەڵامیان دەدەنەوە و هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنن.

سەبارەت بە مەرجی بەشداریکردنیان لە حکومەت ئەو کادرەی بزووتنەوەی ئیسلامی روونیكردەوە، مەرجی ئەوان بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەت وەرگرتنی وەزارەتێکە بەتایبەتی وەزارەتی ئەوقاف، پارتیش لەم کابینەیەشدا ئەو وەزارەتەی بۆ خۆی داناوە، “بەڵام ئێمەش بە وەرگرتنی وەزارەتێک نەبێت بەشداری ناکەین”.

لەبارەی راگەیاندنی کۆتا بڕیاری خۆشیان سەبارەت بەپرسی بەشدارییان لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا، ئاری عەبدولەتیف ئاماژەی بەوە كرد “ئێمە لە ڕابردوودا زۆرینەی کات ئۆپۆزسیۆن بووین و پێویست بە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوون ناکات بیدەین، بەڵام ئەگەر پارتی داوای لێکردین و بە مەرجەکەمان ڕازی بوون بەشداری حکومەت دەکەین، داوای لێنەکردین ئەوا بە ئۆپۆزسیۆنی خۆمان دەمێنینەوە”.

لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا، هەریەك لە یەکێتی و گۆڕان بەرێككەوتن لەگەڵ پارتی بڕیاری بەشداریکردنیان داوە لە حکومەت و هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەر لە سەرەتاوە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیاندا، هەرچی بزووتنەوە و کۆمەڵی ئیسلامییە تا ئێستا یەکلانەبوونەتەوە بەشداری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەکەن یاخود نا؟.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل