fbpx
Shadow Shadow

بۆچی وردەکاریی قەرزەکانی هەرێم ئاشکرا ناکرێن؟

22:14 سێ شه‌ممه‌ 23 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم چەندینجار لە بۆنە جیاوازەکاندا باسیان لە قەرزەکانی حکومەتی هەرێم کردووە بێ ئەوەی باس لە وردەکاری ئەو قەرزانە بکەن کە بۆچی و لە کێ قەرزکراون په‌رله‌مانتارێكی هەرێمیش دەڵێت: ئاشكرا نه‌كردنى شێواز و ژماره‌ى قه‌رزه‌كان بۆ شاردنه‌وه‌ى ڕاستیه‌كانه‌.

.

چەند ڕۆژێکە پرسی قەرزەکانی هەرێم لە میدیا عێراقیەکانەوە چەند جارێک باسکراوە، ئەو پرسە لە ناو هەرێمدا هێشتا تەم و مژاوییەو گومان لە بوونی ئەو قەرزانە دەکرێت، بەوپێیەی ڕەوانە کردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە بەستراوەتەوە بە دانەوەی ئەو قەرزانەوە.

.

کادرێکی پێشکەوتووی پارتی بە میدیا عێراقیەکانی ڕاگەیاندووە، حکومەتی هه‌رێم 30 ملیار دۆلارى كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان قه‌رزاره‌ و ده‌بێت حكومه‌تى فیدراڵ ئه‌و قه‌رزه‌ بداته‌وه‌.

.

ڕێبین سه‌لام كادێرى پێشكه‌وتووى پارتى و مامۆستاى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین  به‌میدیاى عێراقیه‌كانى وتووە،  هه‌رێم 30 ملیار دۆلار پاره‌ى كۆمپانیاكانى نه‌وت قه‌رزاره‌، “به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ساڵى 2014 ەوە به‌غداد به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى بڕیوه‌ و ئه‌ویش ناچار به‌فرۆشتنى نه‌وت كراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌تى فیدراڵ ئه‌و قه‌رزه‌ بداته‌وه‌.”

.

له‌و بارەوە شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانى کوردستان به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند:”ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك، ورده‌كارى ئه‌و قه‌رزه‌ى كه‌باسده‌كرێت و شێوازى پابه‌ندبوونه‌كانى  حكومه‌تى هه‌رێم بهێنرێته‌ په‌رله‌مان و په‌رله‌مانیش ئیجرائاتى پێویستى بۆ بكات.”

.

ئەو پەرلەمانتارەی هەرێم دەڵێت: “ئێستا كه‌س نازانێت قه‌رزه‌كه‌ چۆنه‌ و چۆن كراوه‌، بۆیە ده‌بێت سه‌ره‌تا قه‌ناعه‌ت به‌په‌رله‌مانه‌كه‌ى خۆیان بكه‌ن دواتر داوا له‌خه‌ڵكى تربكرێت بیبژێریت”.

.

له‌سه‌ر ژماره‌ جیاواز و دژبه‌یه‌كه‌كان كه‌ له‌باره‌ى قه‌رزه‌كانى هه‌رێمه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، شێركۆ جه‌وت وتیشى”  خۆ به‌گۆتره‌كارى نابێت هه‌ر كه‌سه‌ و بۆخۆى ژماره‌یه‌ك بڵێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌فه‌رمى بخرێته‌ ڕوو، حكومه‌ت هه‌یه‌ و په‌رله‌مان هه‌یه‌ و دیوانى چاودێرى دارایى هه‌یه‌ ده‌بێت له‌وێوه‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌.”

.

لەبارەی ئاشكرا نه‌كردنى ژماره‌ و شێوازى قه‌رزه‌كان بۆ په‌رله‌مان، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد، نه‌ناردنى ئه‌و پرسه‌ بۆ په‌رله‌مان و ده‌زگا فه‌رمییه‌كان به‌مه‌به‌ستى شاردنه‌وه‌یه‌تى، “به‌پێچه‌وانى هه‌ندێك وڵاته‌وه‌ گه‌ر ساڵیك بودجه‌ و ورده‌كارییه‌كانى نه‌برێته‌ په‌رله‌مان ئه‌وا ئه‌و حكومه‌ته‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.”

.

لەبەرانبەر داوای قەرەبووکردنەوەی هەرێم لەوقەرزانەدا، حه‌سه‌ن فه‌دعه‌م په‌رله‌مانتارى كوتله‌ى ڕە‌وتى حیكمه‌ له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌میدیاكانى عێراقی ڕاگه‌یاندووه‌، “حكومه‌تى هه‌رێم له‌ فرۆشتنى نه‌وتى كێلگه‌ى كه‌ركوك و ناوچه‌كانى تر له‌و ماوه‌یه‌دا یه‌ك دینارى ڕاده‌ستى حكومه‌تى فیدراڵ نه‌كردووه‌ و هه‌مووى چونه‌ته‌ گیرفانى به‌رپرسانى هه‌رێمه‌وه‌ و چه‌ندین مانگیش پاره‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى لێنه‌دراوه‌.”

.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى ڕە‌وتى حیكمه‌ سه‌رسوڕمانى خۆیشى له‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌، “چۆن ده‌بێت له‌و پرسه‌دا حكومه‌تى فیدراڵ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات له‌كاتێكدا ئه‌وان یاسا و ده‌ستوریان پێشیل كردووه‌ و پابه‌ندى بڕیاره‌كان نه‌بوون.”

.

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، موختار موسه‌وى په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى فه‌تح ڕایگه‌یاندووه‌، “حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌ندى یاساى بودجه‌ى ئه‌م ساڵ نه‌بووه‌ و عادل عه‌بدولمه‌هه‌دیش له‌و كاره‌دا به‌رپرسیاره‌ و ئه‌وه‌  چه‌ندینجاره‌ هه‌رێم پابه‌ند نابێت.”

.

پێشتریش په‌رله‌مانتارێكى كوتله‌ى سادیقون فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى به‌خیانه‌ت وه‌سفكردبوو داواشى له‌ سه‌رۆك وه‌زیران كردبوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى داهاتى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم گه‌ر پێویستى كرد هێز به‌كاربهێنیت.

.

ئەوەندەی میدیاکان زانیاری لەبارەوە بزانن، حکومەتی هەرێم لە ماوەی ساڵانی قەیرانی داراییدا بڕی 500 ملیۆن دۆلاری وەک قەرزی درێژخایەن لە حکومەتی تورکیا وەرگرتووە، جگە لەوە ملیارێک دۆلاری لە کۆمپانیای رووزنەفتی ڕووسی وەک پێشەکی دەستپێکردنی کارەکان وەرگرتووە کە بەوتەی بەرپرسان ئەو پارانە لە پێدانی مووچەدا بەکارهاتوون.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل