Shadow Shadow

دواین لەسێدارەدان لە ساڵى 2007 جێبەجێکراوە

بۆچی سزاى لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێناکرێت؟

21:24 یه‌ك شه‌ممه‌ 09 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

سزای لەسێدارەدان ماوەى 12 ساڵە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت، لە ئێستاشدا دوو بۆچوون لەسەر ئەو پرسە هاتووەتە ئاراوە، هەندێک لەگەڵ ئەوەدان سزاى لە سێدارەدان هەبێت و جێبەجێبکرێت، هەندێکى دیکەش لەگەڵ ئەوەدان ئەو سزایە لە هەرێم جێبەجێنەکرێت.

.

لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2008وە، سزاى لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت، دواینجاریش کە ئەو سزایە بەسەر کەسێکدا جێبەجێکرابێت، ساڵى 2007 لە شارى دهۆک بووە.
.

لەوباریەوە حاکم لەتیف مستەفا، پسپۆڕێكی یاسا و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: “هاوشێوەى ھەردوو دەسەڵاتەکەی دیکە، ڕەوایە فشاری مەدەنی بکرێتە سەر دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان، بۆ ئەوەی یاسا وەک خۆی جێبەجێبکەن بە تایبەتی لەو دۆسێیانەى کە ڕای گشتی دەھەژێنن”.

.

ئەو پسپۆڕەى یاسا کە هاوکات ئەندامی نوسینەوەی ڕەشنوسی دەستوری عێراق بووە، دەشڵێت: “سزای لەسێدارەدان لە سلێمانی بە نایاسایی راگیراوە و کاری پێ ناکرێت، لابردنی یاسای لە سێدارەدان بە هیچ شێوەیەکی یاسایی نییە و بە یاسا نەکراوە، تەنها بڕیارێکی مام جلال بووە کە ئەو کات سەرۆکی کۆماری عێراق بوو، لەسەر بڕیاری ئەوە کە تا ئێستا ئەو یاسایە ڕاگیراوە لە هەرێمی کوردستان”.

.

“سزاى لەسێدارەدان لە عێراقدا جێبەجێدەکرێت، کوردستانیش بەشێکە لە عێراق و دەبێت جێبەجێى بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕگە و ماددەی تایبەت هەیە، ئەو تاوانانەش کە لەسێدارەدان دەیانگرێتەوە لە یاسای سزادانی عێراقی دیاری کراون، وەک کوشتنی بە ئەنقەست، تیرۆر و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان”، حاکم شێخ لەتیف واى وت.

.

بۆچی سزاى لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێناکرێت؟

.

چالاکوانان و ئەو ڕێکخراوانەى لە بوارى مافى مرۆڤدا کاردەکەن بۆچوونیان جیاوازە و لەگەڵ بوونى سزاى لەسێدارەدان نین، سەبارەت بە هۆکارەکانی جێبەجێ نەکردنی ئەو سزایەش لە هەرێم، محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤى هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەو وڵاتانەی کە لە ڕیزبەندی یەکەمدان لە چەسپاندنی  بنەماکانی مافی مرۆڤ، ئەوانەن کە سزای لە سێدارەدانیان هەڵگرتوە”.

 

.

وتەبێژى دەستەى مافى مرۆڤ ئاماژەى بەوشکر، سزاى لەسێدارەدان وەک یاسا لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی ڕاگیراوە، لەبارەى هۆکارى ڕاگرتنى وتى: “هەرێمی کوردستانیش بۆیە ئەو یاساییە  ڕاگرتووە دەیەوێت بەشێک بێت لەو وڵاتانەی کە لە ئاستێکی بەرزدان لە چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ”.

.

“ئەو وڵاتانەی کە یاسای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن وەک ئێران و سعودیە، بەپێى ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو سزایەیان بەکارهێناوە بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکانیان و کپکردنەوەی دەنگی ناڕازی سیاسی لە وڵاتەکانیان، کەمجار لەو وڵاتانە لەسێدارەدان بەکارهاتووە بۆ سزادانی تاوانبارە ڕاستەقینەکان”، محەمەد گۆمەشینى واى وت.

.

لەبارەى ئەو دەنگانەى کە داواى جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدان دەکەن لە هەرێم، وتی: “هاوتەریب لەگەڵ ئەوانی لە شەقامی کوردی داوای جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان دەکەن، بەشێکی زۆریش هەیە داوای ڕاگرتنی ئەو سزایە دەکەن”.

.

 

بۆچی سزاى لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێناکرێت؟

 

.

لە زۆر ڕوداودا کەسوکارى قوربانیان داوایان لە کاربەدەستانى هەرێم کردووە کە سزاى لەسێدارەدان بەسەر تاوانبارەکاندا جێبەجێبکەن، لە دوایین ڕوداویشدا باوکی کچە تەمەن 10 ساڵانەکەی دهۆک، دەڵێت، تا بکوژانی کچەکەی لەسێدارە نەدرێن ئامادە نییە تەرمی “ڕۆڵەکەی” بەخاک بسپێرێت.

.

لەوبارەوە وەلید ئەحمەد مەعروف باوکی دلین بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بنەماڵەکەیان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە نە پرسە دابنێن نە کچەکەیان بەخاک بسپێرن تا بکوژەکەی لەسێدارە دەدرێت.

.

 

بەگوێرەی ئامارەکانى رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ھەریەك لە وڵاتانی ئێران، سعودیە، پاكستان، لەسەر ئاستی جیھان زۆرترین سزای لە سێدارەدانیان بەسەر ھاووڵاتیانیاندا جێبەجێكردووە، ئەوەش خراوەتەڕوو كە وڵاتی چین لە پلەی یەكەمى ئەو ولاتانەیە کە سزاى لەسێدارەدان جێبەجێدەکەن، بەڵام بەڵگەكانی بە نھێنی ھێشتووەتەوە.

.

ئەو ڕێکخراوە ئاماژەى بەوشکردووە، ژمارەی لەسێدارەدان لە جیهاندا  بەراورد بە 25 ساڵی رابردوو زیادى کردووە، هەروەها 90%ی لەسێدارەكانیش لە وڵاتانی ئێران و سعودیه‌ و پاكستان جێبەجێكراون، چونکە چین لەسێدارەدانەکانى بە نهێنى هێشتووەتەوە.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل