Shadow Shadow

دیاری قەرەداغی و میران عەلی وەڵام دەدەنەوە

بۆچی زۆرترین ڕەخنە لە گۆرانی هونەرمەندە نوێیەکان دەگیرێت لەکاتێدا زۆرترین هەواداریان هەیە؟

21:26 هه‌ینی 16 ئاب 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

لە هەرێمی کوردستان هەرچەندە بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان ڕەخنە لە گۆرانی و  هونەری، هونەرمەندە نوێیەکان دەگرن بەڵام زۆرترین هەواداریان هەیە.

.

هونەرمەندێکی جیلی ڕابردوو کە ئێستاش بەردەوامە لە کارکردن پێیوایە، ئەو ناوەندانەی پشتگیری لەو جۆرە بەرهەمانەی ئێستا دەکەن، پشتگیری کاری هونەرمەندە کۆنەکان ناکەن و نایانەوێت.

.

هونەرمەند، دیاری قەرەداغی کە لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە گۆرانی دەڵێت، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە ڕاستیدا ئەو چوونە دواوە و بەرهەم کەمییەی هونەرمەندانی جیلی ڕابردوو، بەراورد بە ئێستا بەهۆی ئەوەیە، ئەو کۆمپانیا و شوێنانەی ئەو جۆرە بەرهەمانەی ئێستا بەرهەم دەهێنن، ئامادەنین هاوکاری ئەو جۆرە بەرهەمانەی ئێمە بکەن و نایانەوێت “.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕاستیدا لە هەموو قۆناغێکدا بەرهەمی باش و بەرهەمی خراپ هەیە، لە قۆناغەکانی پێشتریشدا بەرهەمی زۆر خراپ هەبوون و بەرهەمی زۆر باشیش هەبوون، ئەم گەنجە خوێن گەرمانەی ئێستاش بەرهەمی زۆر باشیان هەیە و بەرهەمی خراپیشیان هەیە، واتە قۆناغی زێڕین لە هونەردا نییە و ناکرێت قۆناغەکان بەراورد بکەین بە یەکتر.

.

“بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە، چەند هۆکارێکی هەیە، یەکێک لەوانە دیاردەیەکی جیهانییە و لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشدا ئەو جۆرە بەرهەمانە بەرهەم دەهێنرێن، هەروەها هۆکارێکی دیکەی ئەوەیە کە بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی شوێنکەوتووە، کاتێک ڕەخنە لە بابەتێک دەگیرێت هەمووی ڕەخنەی لێدەگرێت، کاتێکیش قبوڵ دەکرێت هەمووان قبوڵی دەکەن، واتە کۆمەڵگەیەکی لاسایی کەرەوەمان هەیە”، دیاری قەرەداغی وای وت.

.

بەراورد بە هونەرمەندە نوێیەکان، کلیپ و گۆرانی هونەرمەندە کۆنەکان تاڕادەیەکی زۆر لە ڕووی بینەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە کەمبوونەوەدایە.

.

ئەوەتا پێنج ڕۆژ بەر لەئێستا دیاری قەرەداغی، گۆرانییەکی کۆنی خۆی بەناوی “زام” بەشێوازێکی تازە و بە کلیپێکی تازەوە بڵاوکردووەتەوە، ئەگەرچی قەرەداغی هونەرمەندێکی دیاری کوردە بەڵام لە ماوەی چوار ڕۆژدا تەنها پێنج هەزار و 200 کەس بینەری کلیپە نوێیەکەی ئەو هونەرمەندە بوون.

 

لەوبارەوە قەرداغی دەڵێت: ” کاری باش و بەپێز درەنگ دەچێتە ناو خەڵکەوە و درەنگیش کۆن دەبێت، بەڵام هەندێک کاری ئێستا کاتییە و زوو دەسڕدرێتەوە، مەرجیش نییە کاتێک کلیپێک بینەرێکی زۆری دەبێت، سەرکەوتووبێت، چونکە زۆرجار ئەگەر سەرنجی ئەو قسانە بدەین کە لەسەر کارەکە دەکرێت زۆرینەی ڕەخنەیە بۆیە مەرج نیە بینەری زۆر نیشانەی سەرکەوتن بێت”.

.

هاوکات هونەرمەندی لاو، میران عەلی پێیوایە ئێستا سەردەمی گەنجانە و بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” ئێمە هەرگیز ناتوانین شوێنی هونەرمەندە کۆنەکان بگرینەوە، بەڵام ئێستا سەردەمی ئێمەیە و بەتایبەتی گەنجان ئارەزوویان لەو ستایلە گۆرانییەی ئێمەیە، هونەرمەندانی کۆنیش خزمەتێکی زۆری هونەرییان کردووە و پێویستە ئیتر ساحەکە بۆ ئیمە چۆڵ بکەن و هاوکاری ئێمە بکەن بۆ کاری باشتر”.

.

ئەو هونەرمەندە لاوە سەبارەت بە شێوازی گۆرانی ئێستا ئاماژەی بەوەکرد، نوێگەری پێویستە لە هونەردا و ناکرێت بەردەوام بە یەک شێواز کار بکرێت، بەڵام پێویستە ئەو نوێگەرییەش نەریتە کۆمەڵایەتییەکان نەبەزێنێت و بەردەوام ڕەچاوی نەریتی کۆمەڵگا بکرێت، هەندێک جاریش هەندێک کار کە دەکرێت، ڕەچاوی ئەو پرەنسیپانەشی کردووە، بەڵام چونکە هەر شێوازێکی نوێیە، لە سەرەتادا ڕوبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە و دوای ماوەیەک ئاسایی دەبێتەوە و بەرهەمەکە قبوڵ دەکرێت لە کۆمەڵگادا.

.

هاوکات سەبارەت بە ژمارەی بینینی کلیپەکان، میران عەلی باسی لەوەکرد: “زۆر جار مەرج نییە ئەو گۆرانیانەی بینەرێکی زۆریان دەبێت، لەناو خەڵکدا بمێننەوە، چونکە ئەوە ئاسانە دەتوانیت بە شتێک یاخود بە کارێک دەنگدانەوەیەک دروست بکەیت لەسەر بەرهەمەکەت و بینەرێکی زۆری بۆ پەیدا بکەیت، بەڵام ئەگەر بەرهەمەکە جوان نەبێت ئەو بینەرە یەک جار سەیری دەکات و کۆتایی دێت و نامێنێتەوە، بۆیە ڕاستە ژمارەی بینەر گرنگە، بەڵام بەوشێوەیەش نا کە بکرێت بە پێوەری سەرکەوتنی کارێک”.

.

میران عەلی داواشیکرد، هەموو بەرهەمێکی نوێ تێکەڵ نەکرێت و پێیوایە، زۆرجار بەهۆی ئەوەی ڕەخنەیەکی زۆر لە بەرهەمێک دەگیرێت، دەبێتەهۆی زیادبوونی بینەر بۆی و لەو نێوەندەشدا بەرهەمە باشەکان دەبنە قوربانی.

.

لەلایەکی دیکەوە توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش جەختلەوەدەکاتەوە، کە مەرج نییە هەر شتێک کاردانەوەی لە کۆمەڵگادا دروستکرد، کۆمەڵگا قبوڵیکردبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، کۆمەڵگای کوردی سەری لێشێواوە لەنێو پێشکەوتن و دواکەوتندا.

.

لەتیف حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “کۆمەڵگای کوردی توشی سەرلێشێواوی بووە لە نێوان پێشکەوتن و دواکەوتندا، چونکە هەندێک کار دەکرێت، هەم لە گۆرانی هەم لە دراما، بەناوی پێشکەوتنەوە هەموو سنورە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵگایەی بەزاندووە، کە ئەوە بەهیچ شێوەیەک پێشکەوتن نییە”.

.

وتیشی، زۆرێک لەو بەرهەمانە کاریگەری خراپ دەکەنە سەر گەنجان و لاوان و بەلاڕێیاندا دەبەن و حاڵەت و دیاردە و خوی نەشیاو لە کۆمەڵگادا بڵاودەکەنەوە.

.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئاماژەی بەوەشكرد، جیلێک دروست بووە لە کۆمەڵگادا  زۆرجار شتەکانیش ڕەتدەکاتەوە، بەڵام سەیریشیان دەکات، واتە مەرج نییە ئەو کارەی بینەرێکی زۆری دەبێت لەکاتێکدا، ئەوە بەرهەمێکی سەرکەوتووبێت بەلای کۆمەڵگاوە، چونکە تایبەتمەندی مرۆڤ وایە، کاتێک شتێک کاردانەوە دروست دەکات لە کۆمەڵگادا، یاخود جیاوازە، حەز دەکات سەیری بکات و بزانێت چییە، بەڵام ڕەخنەشی لیدەگرێت.

.

 

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل