fbpx
Shadow Shadow

بۆچى ڕێگا بە کەریم شەریف قەرەچەتانى نەدراوە کلینیک بکاتەوە؟

22:19 چوار شه‌ممه‌ 28 ئاب 2019
article image

ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت

پسپۆڕێکى دیارى زانستى دەرونى لە سلێمانى باس لەوە دەکات چەند ساڵە داواى لە وەزارەتى تەندروستى هەرێم کردووە ڕێگاى پێبدات کلینیکێکى دەرونى بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا ڕەزامەندى نەرداوەتێ، لەبەرامبەریشدا وەزارەتى تەندروستیش دەڵێت ئەو کەسە بڕوانامەى بوارەکەى نییە.

,

چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ئەوە بڵاو بوەتەوە کە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەریمی کوردستان ڕێگا بە کەریم شەریف قەرەچەتانی نادات بۆ کردنەوەی کلینیکی تایبەت بە نەخۆشییە دەرونییەکان، بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکەش ناس کورد بەدواداچونێکی بۆ بابەتەکە کرد.

,

کەریم شەریف قەرەچەتانی، پسپۆڕی لە زانستی دەرونی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ماوەی شەش ساڵی تەواوە بە نوسراوی فەرمی داوام لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە ڕێگام پێبدەن کلینیکێکی تایبەت بەو کەسانە دابنێم کە نەخۆشی دەرونیان هەیە و پێویستیان بە ڕاوێژکردن و گفتوگۆکردنە لەگەڵ دەرونناسێکدا، تا لەڕێی چارەسەری دەرونییەوە چارەسەر وەربگرن، لەو کاتەوە بەبیانوی جیاواز جیاواز ڕێگریان کردووە لە کردنەوەی ئەو کلینیکە”.

,

لەبارەى هۆکارى ڕێگەپێنەدانەکەى، قەرەچەتانى وتى، بەتایبەت پێیان وتوە کە بڕوانامەکەی ڕێگە پێنەدراوە بۆ کردنەوەی کلینیکێکی لەو شێوەیە و بەپێی یاساکانی حکومەتی عیراق و هەرێم ناگونجێت.

,

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو پسپۆڕە دەرونیە، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە شاشەی تیڤییەکانەوە بەرنامەی ڕاستەوخۆی هەیە و کەسێکى ناسراوە لەو بوارەدا.

,

“وەزارەتی تەندروستی ڕێگای بە هەندێک کەس داوە کە بەناوی چارەسەری دورنییەوە لە نەخۆش بدەن و میز و کلێنس بەناوی چارەسەرەوە دەرخواردی نەخۆش بدەن، بەڵام ڕێگا بە ئێمە نادەن کە پسپۆڕین لە بوارەکەدا و ماوەی چەندین ساڵ ئەزمونمان هەیە لە بوارەکەدا”، کەریم شەریف قەرەچەتانى واى وت.

 

وتیشی، بڕوانامەکەى لە بواری زانستی دەرونناسیدایە، بڕوانامەى دکتۆراکەشى لەبواری تێستی زیرەکیدایە، دەشڵێت، بەهۆی ئەو بڕوانامەیەوە دەتوانێت نەخۆشی منداڵان و کێشەکانی منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان چارەسەر بکات، هەروەها ماوەی حەوت ساڵیشە بەخۆبەخشى کاردەکات.

,

لەبارەى سوربوونى لەسەر کردنەوەى کلینیکە دەرونییەکە، قەرەچەتانى وتى، بۆیە دەیەوێت کلینیک بکاتەوە چونکە زۆر کەس هەیە کە منداڵەکانیان کێشەی دواکەوتنی ژیری و بیرکردنەوەیان هەیە، هەروەها زۆر کەسی دیکەش هەیە کە کێشەی دیکەی دەرونیان هەیە ئە وتەى خۆى دەیەوێت یارمەتی ئەوانە بدات.

,

وەزارەتى تەندروستى لەبارەى ئەو کەیسەوە چی دەڵێت؟

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی ڕێگرییەکانی وەزارەتەکەى لە کردنەوەى کلینیکەکەى قەرەچەتانى بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “هۆکاری ڕێگەنەدان بە کردنەوەی کلینیکی دەرونی بە دکتۆر کەریم قەرەچەتانی ئەوەیە، ئەو بەڕێزە بڕوانامەی تایبەتى نییە بە پسپۆڕی کلینیکە دەرونییەکان، بۆیە تا ئێستا مۆڵەتی پێنەدراوە و ئەگەر نا هیچ هۆکارێکی تایبەتی و کەسی بوونی نییە”.

,

وتەبێژەکەى وەزارەتى تەندروستى وتیشی: “لە کوردستان و عیراق ڕێگا بە دوو جۆر کەس دەدرێت بۆ کردنەوەی کلینیکە دەرونییەکان، یەکەمیان دەبێت ئەو کەسە دەرچوی کۆلیژی پزیشکی گشتی بێت و دووەمیان دەرچوی بەشی (کلینیکاڵ سایکۆلۆجیست) بێت، کە ئەو بەشەش تەنها زانکۆی کۆیە هەیەتی و تەنها دەرچوانی ئەو بەشە و دەرچوانی بەشی پزیشکی گشتی دەتوانن کلینکی دەرونی بکەنەوە”.

,

بەگوێرەى وتەکانى محەمەد قادر، دەبێت ئەو کەسانەی کلینیکی پزیشکی دەکەنەوە لەڕوی ئەکادیمیەوە توانای جێبەجێکردنی زانستی پزیشکیان هەبێت، چونکە ئەوان دەبیت بە وردی لە نەخۆشیە دەرونییەکانی وەکو (ترس و شیزۆفێرینیا و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و نەخۆشی دوجەمسەری و نەخۆشییە دەرونییەکانی دیکە) شارەزا بن.

,

لەبارەى بڕوانامەکەى کەریم شەریف قەرەچەتانییەوە وتەبێژەکەى وەزارەتى تەندروستى وتی: “ئەو بەشەی کە دکتۆر کەریم قەرەچەتانی پسۆڕی هەیە تیایدا، تایبەت نییە بە پسپۆڕی دەرونناسی، بەڵکو ئەو کەسانە دەبێت وەکو توێژەری دەرونی یاخود وەک مامۆستای زانکۆ کار بکەن، بەپێی یاسا تەندروستییەکانی عیراق و هەرێم بۆیان نییە کلینیکی دەرونی دابنێن”.

 

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل