fbpx
Shadow Shadow

دواى نزیکەى دوو ساڵ لە تەقاندنەوەى

بۆچى هیچ پڕۆژەیەک لە شوێنى سایلۆکەى سلێمانى دروستنەکرا؟

08:46 دوو شه‌ممه‌ 02 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر، سایلۆکەی سلێمانی تەقێندرایەوە، بەمەبەستی دروستکردنی پڕۆژەیەکی بازرگانی و گەشتیاری لە شوێنیدا، بەڵام هیچ پڕۆژەیەک لە جێگەکەیدا دروستنەکراوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، کۆمپانیای جێبەجێکار بیانوو بۆ دروستکردنی پڕۆژەکە دەهێنێتەوە.

.

لەسەر ئەو پرسە دوێنێ یەکشەممە، لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ چەند لایەنێکی پەیوەندیدار و کۆمپانیای هیوا ڕەوف، کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە و کۆمپانیایەکی دیکەدا کۆبوونەوە.

.

ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەشدار لە کۆبوونەوەکەدا بەناس کوردی ڕاگەیاند “بەگوێرەی ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا باس کرا، کۆمپانیای هیوا ڕەوف بە هەندێک بیانووی زۆر لاواز تائێستا دەستی بە پڕۆژەکە نەکردووە، لەگەڵ بوونی هەندێک کێشەی دیکە لەلایەن چەند لایەنێکی دیکەوە”.

.

وتیشی، بیانووەکانی ئەو کۆمپانیایە ئەوەیە کە بۆرییەکی ئاو بەناو پڕۆژەکەدا ڕۆشتووە، هەروەها کارگەیەکی ئارد دەکەوێتە سنوری پڕۆژەکەوە، کە بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش لە کۆبوونەوەکەدا وتی، ئەو بۆرییە هیچ کێشەیەک دروست ناکات و ئەوان بەرپرسیارییەتی هەڵدەگرن.

.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆنوسێک داوایانکردووە، کە شارەوانی سلێمانی زەوییەک بە ڕوبەڕی 25 دۆنم بەو کارگەی ئاردە بدات، بۆ ئەوەی کارگەکەیان بگوازنەوە، هەروەها بە زووترین کات ئەو کارگەیە دەستبکات بە لادانی کارگەکەی بۆ ئەوەی بیانووی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە نەهێڵن.

.

ڕەمەزان نامیق ئەوەشی خستەڕوو، هاوکات داوایان لە کۆمپانیای هیوا ڕەوف کردووە، بە زوترین کات دەستبکەن بە دروستکردنی دیزاینی پڕۆژەکە و جێبەجێکردنی، کە بە وتەی خۆیان دروستکردنی دیزاینەکەی شەش مانگ دەخایەنێت.

.

جەختیشیکردەوە، لە حاڵەتی ئەوەی ئەو دوو کۆمپانیایە پابەند نەبن بە بڕیارەکانەوە، داوا لە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنان دەکەن، ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەرییان بگرنەبەر و مۆڵەتی کارکردن لە کۆمپانیای هیوا ڕەوف وەربگرنەوە.

.

ناس کورد هەوڵیدا لەبارەی ئەو پرسەوە بۆچوونی کۆمپانیای هیوا ڕەوف وەربگرێت، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدەن.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل