fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

پشکى کورد لە کابینەى عەلاوى، لەنێوان سەربەخۆ و حزبیدا

بۆچى حزبە کوردییەکان لە وەزیرى سەربەخۆی کورد دەترسن؟

22:55 دوو شه‌ممه‌ 24 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

پشکى کورد لە کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى لەنێوان حزبى و سەربەخۆدا بە هەڵواسراویی ماوەتەوە، لایەنە کوردییەکان سورن لەسەر ڕەتکردنەوەى دیاریکردنى وەزیرى سەربەخۆ لەلایەن سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراوەوە، لەکاتێکدا عەلاوى داواى سیڤى لە کەسانى سەربەخۆى کورد کردووە بۆ پڕکردنەوەى پۆستە وەزارییەکان.

.

بەدرێژایی ساڵانى دواى ڕوخانى ڕژێمى سەدام حوسەین و پێکهێنانى کابینە جیاجیاکانى عێراق، پشکى هەرێم لە کابینە یەک لەدواى یەکەکان لەناو حزبە کوردییەکاندا بەشکراوە، بەتایبەتى پارتى و یەکێتى کە زۆربەى پۆستەکانیان بەرکەوتووە.

.

دواى 17 ساڵ، بۆیەکەمجارە ئەو لایەنانە ڕوبەڕووى هەوڵى پەراوێزخستن دەبنەوە لە پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ لە عێراق کە دواى چوار مانگ خۆپیشاندان و ئاڵۆزى خەریکە لەدایک دەبێت، بەسەرۆکایەتى محەمەد تۆفیق عەلاوى کە وەک کەسێکى سەربەخۆ خۆى ناساندووە و بەڵێنیداوە دەستى حزب لە پێکهێنانى کابینەکەیدا ببڕێت.

.

هەر لەسەرەتاوە حزبە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى دژى ئەو هەنگاوە وەستانەوە، دواتر بەبەشدارى زۆربەى لایەنەکان شاندێکى سیاسی ڕەوانەى بەغدا کرا کە هەمان هەڵویستی بە گوێی عەلاویدا چرپاند، بەڵام عەلاوى داواى شاندەکەى ڕەتکردەوە و سوربوونى خۆى لەسەر هەڵوێستەکەى نیشاندا.

.

بێئەنجام بوونى گفتوگۆکان، ئەمڕۆ (دوشەممە) سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەت و شاندى دانوستانکار و حزبەکانى لە هەولێر کۆکردەوە، کە تێیدا جەختیانکردەوە، هەنگاوەکانى عەلاوى جێگەى متمانە و دڵنیایی نین و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها لايه‌نى شه‌رعيى بڕيارده‌رن له‌ ده‌ستنيشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێم له‌ حكوومه‌تى فيدرالى.

بۆچى حزبە کوردییەکان لە وەزیرى سەربەخۆی کورد دەترسن؟

وادەردەکەوێت هەنگاوەکانى عەلاوى بەتەواوى ترسی لەلای لایەنە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى دروستکردووە، ترس لە لەدەستدانى هەژموون بەسەر ناوەندى بڕیار لە بەغدا، لەرێگەى نوێنەرەکانیانەوە لە حکومەتەکەى عەلاوى.

.

لەناو هەموو لایەنە کوردییەکاندا، دەنگى پارتى کە خاوەنى گەورەترین فراکسیۆنى کوردییە لە پەرلەمانى عێراق بۆ ڕەەتکردنەوەى هەنگاوەکانى عەلاوى زاڵترە. ئەو حزبە لەکابینەکەى عادل عەبدولمەهدیدا لەکۆى سێ پشکى وەزارى کورد، دوو پشکى بەرکەوتووە، کە بریتین لە وەزارەتەکانى دارایی کە وەزارەتێکى سیادییە، لەگەڵ وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە.

.

شێروان دوبەردانى، پەرلەمانتارى پارتى دیموکراتى کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ناس کورد وتى “لەپێش کاندیدى سەربەخۆ یەکدەنگى ماڵى کورد گرنگترە، هەرێمى کوردستان پارێزگایەک و قەزایەک نییە، دەبێت هەر کاندیدێک بۆ پۆستى وەزارەتەکان بە گفتوگۆى ڕاستەوخۆ بێت لەگەڵ سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان”.

.

پێشیوایە، تەنانەت لە لایەنى دەستورى و ئەخلاقیشەوە دەبێت ئەو پۆستانە بە ڕێکەوتنى ماڵى کورد دابنرێن، ئەو کاندیدەى دادەنرێت بێلایەن بێت یان نا گرنگ ئەوەیە کورد بێت.

.

سەرەڕاى سوربوونى لایەنەکانى هەرێم لە ڕەتکردنەوەى هەنگاوەکانى عەلاوى، ناوى سێ کاندیدى کورد دەهێنرێت کە گوایە لەلایەن عەلاوییەوە کاندیدەکرێن بۆ پشکەکانى هەرێم لە کابینەکەى، کە وەک کاندیدى سەربەخۆ ناویان دەهێنرێت.

.

ئەو سێ کاندیدە بریتین لە عادل کەریم بریكاری وەزیری پیشەسازی‌ و كانزاكانی عێراق بۆ پۆستی وەزارەتی بازرگانی، شوان ئیبراهیم تەها پسپۆڕى دارایی و ژمێریارى بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی، حاکم رزگار محەمەد ئەمین بۆ پۆستی وەزارەتی داد، کەیەکێکە لە دیارترین دادوەرەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و ساڵى 2006 وەک یەکەم کورد دادگایی سەدام حوسەینى کرد.

.

لەو بارەیەوە حاکم ڕزگار بە ناس کوردى وت، “لەلایەن گروپەکەى عەلاویەوە داوام لێکراوە کە CVى خۆم پێشکەش بکەم”.

.

سەبارەت بەوەى بۆچى هەندێک لەلایەن ناڕازین بەوەى کە کاندیدێکى سەربەخۆى وەک ئەو دابنرێت وتى “ئەوە لەو حزبانە خۆیان بپرسە، بۆچى ناڕازین هۆکارەکەى نازانم”.

.

لەناو فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراقدا کە پێکەوە خاوەنى 57 کورسین، دوو بۆچوونى جیا هەیە، پەرلەمانتارانى پارتى و یەکێتى جەخت لە ڕەتکردنەوەى هەنگاوەکانى عەلاوى دەکەنەوە، بەڵام گروپى 15 کە لە پەرلەمانتارانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى پێکهاتوون، مەیلییان بەلاى عەلاویدایە، هەرچەندە حزبەکانیان بەشداربوون لەسەرجەم کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتى و یەکێتى بۆ یەکخستنى دەنگى لایەنەکان لەو بارەیەوە.

.

بەهار مەحمود، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى وت “ئێمە لەگەڵ کاندیدى سەربەخۆین، بەڵام ئەوانەى دادەنرێن کاندیدى سەربەخۆ نین لە بنەڕەتدا محەمەد تۆفیق عەلاوى خۆشى سەربەخۆ نییە”.

.

بەهار مەحمود کە هاوکات ئەندامى گروپى 15 یە، وتیشى “من لەگەڵ کاندیدێکدام تەکنۆکرات بێت و شارەزایى هەبێت لە بوارەکەى خۆیدا و لە گەندەڵیەوە نەگلابێت، بەڵام لە دواجاردا حزبەکەم بڕیارى چى بدات ئێوە پێوەى پەیوەستین”.

.

سەبارەت بەوەى کورد چ ترسێکى لە کاندیدى سەربەخۆ هەیە و هۆکار چییە سورە لەسەر ئەوەى خۆى کاندید دیارى بکات، ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەکرد، “ترسەکە زۆرتر لەسەر کیانى هەرێمى کوردستانەو نابێت وەک حزبێک و پارێزگایەک مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت هەرێم کیانێکى دەستورى هەیە و پێویستە پارێزگارى لێ بکەین، هەست بەوە دەکەین کە ئاراستەیەک هەیە لەناوەندەوە بۆ ئەوەى کیانى هەرێمى کوردستان لاواز بکەن”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل