fbpx
Shadow Shadow

بڕیارێکى ڕێکخەرى گشتى گۆڕانخوازانى هەولێرى توڕە کردووە

21:04 دوو شه‌ممه‌ 08 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد-

لە بەرامبەر کاندیدکردنەوەی کەمال موسلیم، بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، شەپۆلێکی ناڕەزایی توند لەناو گۆڕانخواز و هەڵسوڕاوانی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان سەریهەڵداوە، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکیشەوە داوا لە ڕێکخەر و جڤاتەکان کراوە لەو بڕیارە پەشیمان ببنەوە.

.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەیەکدا بەکۆی دەنگ، دەسەڵاتی دیاریکردنی کاندیدەکانی دایە دەست رێکخەری گشتی و دواتر کەسى یەکەمى ئەو حیزبە، ناوی کاندیدەکانی ڕاگەیاند، کە لە نێویاندا کەمال موسلیم هەیە، کە وەزیری ئەوقاف بوو لە کابینەی هەشتەم و بۆ ئەم کابینەیەش کاندیدکراوە بۆ پۆستی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی.

.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەو ناوانە، لە ئێستادا گۆڕانخوازانی هەولێر، دەنگی ناڕەزاییان لە بەرامبەر کاندیدێكی شارەکەیان بەرزکردووەتەوە، کە ئەویش کەمال موسلیمی وەزیری ئەوقافی کابینەی هەشتەمە.

.

چالاکی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بڕیار بوە پۆستەکە بەر ئەو بکەوێت و چانسی زیاتری هەبووە، بەڵام دواجار ڕێکخەری گشتی بڕیارەکەی یەکلا کردووەتەوە.

.

ئەو ئەندامەى جڤاتى نیشتیمانى نەیشاردەوە، کە نیگەرانی و توڕەیی دروستبووە لەسەر ئەو بڕیارە، بەڵام هەرچی بێت، ئەوان پابەندن بە بڕیاری حیزبەکەیان و رێکخەری گشتییەوە.

.

ناس کورد زانیویەتی نزیکەی 200 واژوو لە مەکۆی هەولێری ئەو بزوتنەوەیە دژی بڕیارەکەی ڕێکخەری گشتی کۆکراوەتەوە، پاشان ڕادەستی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی کراون، بەڵام بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەرپرسانی گۆڕانیشەوە لە گردەکە، نەتواندراوە کێشەکە چارەسەر بکرێت.

.

هەرچەندە دەنگۆی کشانەوەی کەمال موسلیم لە وەرگرتنی پۆستی وەزیری بازرگانی بڵاوکرایەوە، بەڵام کەمال موسلیم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و لە لێدوانێکدا بۆ ناس کورد جەختی لەوە کردەوە، پابەندی بڕیاری حیزبەکەی و ڕێکخەری گشتی دەبێت.

.

کەمال موسلیم، نیگەرانی هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەکەى دژ بە کاندیدکردنى بە ئاسایی ناوبرد، وتیشی: “بە بڕیاری حیزبەکەم بۆ ئەو پۆستە دیاریکراوم، هەروەها بە مافێکی سروشتی خۆمیشی دەزانم کە ئەو پۆستە وەرگرم”.

.

بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، چەند ئەندام و هەڵسوڕاوێکی گۆڕان لە هەولێر، بەرامبەر بڕیارەکەی ڕێکخەری گشتی و گوێ نەگرتن لە داواکاری و ڕەخنەکانیان، تۆراون و چوونەتە ماڵەوە، تا ئێستاش وەڵامى یاداشتەکەیان نەدراوەتەوە.

.

ڕەخنەکانی گۆڕانخوازانی هەولیر بەرامبەر کەمال موسلیم بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە، کە ناوبراو ماوەی دوو ساڵە ئامادەی هیچ کۆبوونەوەیەکی حزبی نەبووە و بەشدارى چالاکییەکانى ئەو حیزبەى نەکردووە، لە بەرامبەردا کەمال موسلیم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوەو وتی: “بەردەوامم لە کاری حزبی و بۆ ساتێکیش دانەبڕاوم”.

.

لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 30/9/2018دا بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان توانی 12 کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت و لەکۆی ئەو کورسیانەش، توانی تەنها یەک کورسی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەدەست بهێنێتەوە، لەکاتێکدا خولی پێشوو کە 24 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو، لەو ژمارەیە شەش کورسییان لە هەولیر بوون.

.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل