fbpx
Shadow Shadow

"دیمه‌نەکە له‌قازانجى ئیسرائیلدا نییه‌"

به‌رپرسانى ئیسرائیل: كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌سوریا خیانه‌ته‌ له‌كورد

11:57 شه‌ممه‌ 19 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

 

بڕیارەکەى تڕه‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مریكا له‌باكورى سوریا به‌رپرسانى ئیسرائیلى نیگه‌ران كردووه‌ و مه‌ترسى ئه‌و كاره‌شیان بە واشنتن گه‌یاندووه‌، هه‌ر‌وه‌ها پێشیانوابووه‌ دواى پشتكردنه‌ كورد له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو بچوكبونه‌وه‌ى ئه‌و زلهێزه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ئیسرائیل ده‌كه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسی گه‌وره‌وە.

.

ڕۆژنامه‌ى شه‌رقلئه‌وسه‌ت بڵاویکردەوە، دواى بڕیارى كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مریكا له‌باكورى سوریا له‌لایه‌ن دۆناڵد تڕه‌مپه‌وه‌، به‌رپرسانى ئیسرائیل نیگه‌ران بوون له‌بڕیاره‌كه‌ و ئه‌و هه‌نگاوه‌یان به‌مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئاینده‌ى ناوچه‌كه‌ و زاڵبوونى ئێران و ئه‌گه‌رى هێرشكردن بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان زانیوه‌.

.

ڕۆژنامه‌كه‌ باسى له‌وه‌شكردووه‌، له‌سه‌ردانێكیدا كه‌ بۆ ئیسرائیل ئه‌نجامیداوه‌ پاش بڕیاره‌كه‌ى تڕه‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانیان له‌باكورى سوریا، به‌رپرسانى ئیسرائیل نیگه‌رانى و ترسیى خۆیان به‌ڕاسته‌وخۆ به‌مایك پێنسى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا گه‌یاندووه‌.

.

“نیگه‌رانى و دڕدۆنگى”

ڕۆژنامه‌كه‌  ئەوەى خستووەتەڕوو، كه‌شوهه‌واى كۆبونه‌وه‌كه‌ى مایك پێنس كه‌ به‌ئاماده‌بوونى بنیامین ناتانیاهۆ و چه‌ندین گه‌وره‌ به‌رپرسى ترى سیاسى و سه‌ربازى به‌رێوه‌چووه‌، پڕ بووه‌ له‌نیگه‌رانى و دڕدۆنگى، به‌رپرسانى سوپا و هه‌واڵگرى نیگه‌رانییه‌كانیان له‌پێشهاته‌كانى سوریا و كاریگه‌ریى بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕیوه‌، به‌ئاشكراش هه‌ڵویستى خۆیان بۆ میدیاى وڵاته‌كه‌یان و میدیا بیانیه‌كان ئاشكرا كردووه‌، هه‌موویان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ کە ڕوداوه‌كانى ناوچه‌کە به‌ره‌و ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئێران و ئیسرائیل هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆى پشتكردنه‌ كورد و كشانه‌وه‌ى له‌باكورى سوریا.

.

به‌رپرسانى ئیسرائیل له‌كۆبونه‌وه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ مایك پێنس ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، نزیكه‌ى 13 ساڵه‌ له‌سنوره‌كانى لوبنان جۆرێك له‌ئارامى هه‌یه‌، پێیانوابووه‌ ناسه‌قامیگریى بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌زاران چه‌كدارى حزبوڵاى لوبنانى له‌شه‌ڕه‌كانى سوریا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌توانن ده‌رفه‌تێكى باشتر وه‌ربگرن و له‌باشورى لوبناندا بڵاوببنه‌وه‌ و له‌و گۆشه‌یه‌وه‌ جارێكى تر سه‌یرى دوژمنه‌ كۆنه‌كه‌یان كه‌ ئیسرائیله ‌بكه‌ن.

.

“خیانه‌تى ئه‌مریكا له‌كورده‌كان”

ڕۆژنامه‌ى هارتسى ئیسرائیلیش له‌سه‌ر زارى به‌رپرسێكى  باڵاى سه‌ربازى وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌لاى ئیسرائیله‌وه‌  خیانه‌تى ئه‌مریكا له‌كورده‌كان ته‌نها پرسێكى ناوخۆیی نییه‌ به‌ڵكو به‌شێكە له‌شوێنه‌وارى سیاسه‌ته‌كانى ئه‌مریكا له‌به‌ره‌و پێشچوونه‌كانى ناوچه‌كه‌، دیمه‌نى ئه‌و ستراتیژه‌ش له‌قازانجى ئیسرائیلدا نییه‌،  دواى چه‌ند سالێك له‌كۆتایى شه‌ڕى داعشدا سه‌ركه‌وتنى هیلالى شیعه‌ به‌پاڵپشتى ڕوسیا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت، و خه‌ریكه‌ ڕووس ده‌بێته‌ فاكته‌رێكى دیارتر له‌ناوچه‌كه‌دا و ئه‌مریكیه‌كانیش ڕۆلێكى لاوازتر له‌ڕابردوو ده‌بینن، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تى به‌ئه‌ردۆغاندا به‌مدواییانه‌ هه‌ندێ “سوكایه‌تیان” پێ بكات.

.

به‌پێى زانیارى به‌رپرسانى ئیسرائیل، مه‌ترسیه‌كانى ئیسرائیل له‌دواى بڕیارى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكاوه‌یه‌ له‌باكورى سوریا، ئه‌وه‌ش وه‌كو به‌شێك له‌كشانه‌وه‌ى ستراتیژى ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌زانرێت، به‌تایبه‌تى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌بنكه‌ى ته‌نه‌ف له‌سنوره‌كانى سوریا كه‌ ئیسرائیل بۆ كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى هه‌واڵگرى و هێرشكردن به‌كارى ده‌هێنیت به‌مه‌ترسى بۆ سه‌ر خۆى ده‌زانێت، بۆیه‌ به‌رپرسانى ئیسرائیل به‌پێویستى ده‌زانن گۆڕانكاریى به‌سه‌ر پلانى سه‌ربازیان بهێنرێت و بودجه‌یه‌كى زیاتر و دانانى پلانێكى دورمه‌وداتر به‌گرنگ ده‌زانن، به‌تایبه‌ت له‌ڕووى گه‌شه‌دان به‌توانا سه‌ربازییه‌كان له‌ڕووى زه‌مینى و ئاسمانیه‌وه‌.

.

عاموس هه‌رئیل، شرۆڤه‌كارى سیاسى ئیسرائیلى ڕایگه‌یاندووه‌، ئه‌جینداى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌وه‌دا كورتده‌بێته‌وه‌ وا له‌ئه‌مریكا بكات جارێكى تر بچوك بێته‌وه‌، كشانه‌وه‌شى له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست واتا ڕاده‌ستكردنى كلیلى ناوچه‌كه‌یه‌ به‌ئێران.

.

لاى خۆشیه‌وه‌، ئه‌میر به‌حبوت شرۆڤه‌كارى سه‌ربازى ئیسرائیلى به‌ماڵپه‌ڕى وڵاتەکەى ڕاگه‌یاندووه‌، هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر كورد و چه‌ند ڕوداوێكى تر، ئه‌گه‌رى گۆڕانكارى دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه‌ى زیاتركردووه‌، سه‌ره‌ڕاى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشه‌ دیله‌كان و هه‌وڵه‌كانى ئێران بۆ قۆرخكردنى ڕوداوه‌ ناوچه‌یه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى هاوسه‌نگى هێز بگۆڕێت، ئه‌گه‌رى هێرشكردنیش بۆ سه‌ر ئیسرائیل زیاتر بووه‌.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل