fbpx
Shadow Shadow

بنەماڵەی لانە محەمەد: کەیسی کچەکەمان شێوێنراوە

21:20 هه‌ینی 18 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد –

بنه‌ماڵه‌ی لانه‌ محه‌مه‌د هاوسەرى رۆژنامەنووس ئامانج بابانى، کەناڵیکی میدیایی بەچەواشەکردنی کەیسی کوژرانی کچەکەیان تۆمەتبار دەکەن و دەڵین “کەیسی کوژرانی کچەکەیان شێوێندراوە”.

.

ئەمڕۆ (هەینی، 18ی تشرینی یەکەمی 2019)،  بنه‌ماڵه‌ی لانه‌ محه‌مه‌د، هاوسه‌ری ئامانج بابانی، کە شەوی چوارشەممە لەڕوداوێکدا لە بەردەم تێرمیناڵی سلێمانی لەگەڵ منداڵەکەیان کوژران، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و سوپاسی ئه‌وانه‌ ده‌که‌ن هاوسۆز بوونه‌ له‌گه‌ڵیان و بە بەرپرسیاریەتی بەرزی خۆیان لە ئازاری ئه‌وانیان کەمکردەوە و سوپاسی تایبه‌تی دامودەزگا ئەمنییەکانیش ده‌که‌ن کە رۆڵی پیشەییانەیان بینی و بێلایەنانە لەگەڵ کەیسەکە مامەڵەیان کرد.

.

بنەماڵەی لانە محەمەد لە راگەیەندراوەکەدا روونیدەکەنەوە :”کێشەی کچە نازدارەکەمان کێشەیەکی خێزانی بووە، نەک کێشەی سیاسی و پەیوەندیدار بە ئازادی رۆژنامەوانییەوە، وەک ئەوەی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بەردەوامە لەسەر چەواشەکردنی ڕای گشتی و دەیەوێت‌ لەسەر حسابی ژان و ئازاری ئێمە “وەبەرهێنانێکی پۆخڵ” لەم کەیسەدا بکات، کە ئەمە جگە لەوەی بەقوڵی ئێمە بریندار دەکات لەهەمانکاتدا دژی بەهای بەرگریکردنە لە راستی و ئازادی و دادپەروەریش”.

.

ئەو بنەماڵەیە ئاماژە بەوە دەکەن، بڕیاری جیابوونه‌وه‌ی لانه‌ له‌ هاوسه‌ره‌که‌ی، به‌ ڕاوێژکردن بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی و له‌لایه‌ن دوو پارێزه‌ره‌وه‌ به‌ره‌و یه‌کلابوونه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت، ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ روو، که‌ ساڵانێکه‌ لانه‌ ژیانێکی نەخوازراوی خێزانی بەڕێدەکرد.

.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئەوەش هاتوە :”له‌ دوو رۆژی رابردوودا هه‌وڵیان داوه‌، چه‌واشه‌کارییه‌کان رابگیرێن له‌ باره‌ی که‌یسه‌که‌ و “که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی” هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کردبا کاتێک بینرا له‌ پزیشکی دادی “تەرمی جوانەمەرگ و مناڵەکەمان بەجیا وەرگرتەوە، لە گۆڕستانێکی جیاواز ناشتمانن و پرسەیەکی جیاوازمان بۆ دانان”.

.

راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات :”بەداخەوە ئێمە لەمکاتەدا کە هەر تەنیا باری کۆستی کچە بەناحەق کوژراو و منداڵەکەیمان بۆ هەڵدەگیرێت، ناچار کراین ئەم رونکردنەوەیە بنوسین و دەرگای بوختان و چەواشەکاری کڵۆم بدەین”، “لەکۆتایدا هیوادارین ئەو کارەساتە بەسەر هیچ خێزانێکدا نەیەت و هیچ هاونیشتمانییەکی کوردستان مەرگی ئازیزانی خۆیان نەبینن”.

.

ئێواره‌ی 16ی تشرینى یەکەمى 2019، ئامانج بابانی و لانه‌ محه‌مه‌د و منداڵەکەیان بەناوی هانۆ، له‌ناو ئۆتۆمبێلێک له‌ نزیک تێرمیناڵی سلێمانی لەڕوداوێکدا کوژران، به‌ گوێره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانی پۆلیس، ئامانج هاوسه‌ر و منداڵه‌که‌یان کوشتووه‌ و دواتریش کۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه و هەتا ئێستاش بەرپرسانى کەناڵى ئێن ئاڕتى و بنەماڵەى ئامانج بابانى ئەو ئەنجامەى لایەنە بەرپرسەکان بە کۆتایى وەرناگرن و داواى بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەى زیاتر لە رووداوەکە دەکەن‌.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل