Shadow Shadow

بـــڕیارەکــەی یـەکێتی پێـچـەوانـەی دەستــــورەکــەیـــەتــــــی

10:45 دوو شه‌ممه‌ 09 ئه‌یلول 2019
article image

ناس بیروڕا – حەبیب محەمەد جاف

.

لەرۆژی (۲۰۱۹/۹/۸) جێگری سکرتێری گشتی بەبڕیاری ژمارە(۹۸۲) بڕیاریدا بەدانانی (٥) کادیری پێشکەوتوی یەکێتی بە ئەندامانی سەرکردایەتی کە من بۆخۆم زۆربەیان دەناسم خەڵکی بەتوانان و تێکۆشەر ولەبنەماڵەی خاوەن شەهیدن .
بەڵام لێرەدا تێڕوانینێکی یاسایی دەکەین بۆ بڕیارەکە بە پێی دەستوری حیزبەکە کە (بەرنامە وپەیڕەوی ناوخۆی ی.ن.ک) ،بڕیارەکە پاڵپشت بە بڕگەی (٥) لە مادەی (۲۷) ومادە (۲۹)ی پەیڕەوی ناخۆ. دەرچووە.

.

۱- لە مادەی (٥/۲۷ )لە دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتیدا هاتووە(فەرمانی دانانی ئەندامانی کومیتەی سەرکردایەتی ولێپرسراوانی دەزگاکان لەپۆستەکانیان دەردەکات) ئەم دەقە زۆر روونە بە مانای ئەوە نایە کە سکرتێری گشتی دەسەڵاتی دانانی ئەندامی نوێی هەیە بۆ سەرکردایەتی ، بەڵکو بەو مانایە دێت کە (سکرتێری گشتی فرمانی دانانیان لە پۆستەکانیان دەردەکات) واتە کاتێک کەسێک دەبێت بە ئەندامی سەرکردایەتی ئەرکێکی بۆ دیاریدەکرێت بۆنمونە دەکرێت بە لێپرسراوی یەکێک لە مەڵبەندەکان یان مەکتەبەکان یان هەر دەزگایەکیتری حیزبەکە ، سکرتێری گشتی کە ئێستا دسەڵاتەکانی جێگرەکەی مومارسەی دەکات فرمانی دانانیان لەو پۆستانە دەردەکات.

.
۲- مادەی (۲۹) کە بڕیارەکە پشتی پێبەستووە دەڵێت(کۆنگرە ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی کە پێکدێت لە (٥۰) ئەندام هەڵدەبژێرێت ،لەوانە (٤٥) ئەندام بەسکرتێری گشتیەوە هەڵدەبژێرێت و (٥)ئەندامیان لەسەر داوای سکرتێری گشتی کۆمیتەی سەرکردایەتی دیارییان دەکات) واتە سکرتێری گشتی داوا دەکات لە سەرکردایەتی (٥)ئەندام بۆ سەرکردایەتی دیاری بکرێت ، واتە دەسەڵاتی دانانەکە هی سەرکردایەتیە وسکرتێری گشتی پێشنیار دەکات ،بەڵام لەبڕیارەکە ئاماژە بەوە نەدراوە سەرکردایەتی رەزامەندبووە ودەنگی لەسەرداوە ،بەڵکو ئاماژەی بەکۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی داوە کە لە (۲۰۱۹/۹/۷) کراوە. لە کاتێکدا مەکتەبی سیاسی خۆی شەرعیەتی لەسەرکردایەتی وەرگرتووە چۆن دەتوانێت کەسێک دابنێت لە خۆی باڵاتربێت.

.
۳-بەپێی مەنتوقی دەقەکەی پەیڕەو سەرکردایەتی پەنجا کەسە نەک (٤٥) واتە دەبوایە دوابەدوای کۆنگرە تەکمیلەی سەرکردایەتی بکرایە . بەپێی زانیاری منیش هەر( ٥) ئەندامەکە پێشتر دانراوە کە لەو ئەندامانەی حیزبی (ئایندە-زحمەتکێشان)بوون ئەم بەڕێزانە بوون(قادرعزیز، نسراللە سورچی ، ئاسۆس ناوی باوکی نازانم ، یاسین ئامێدی) پێشتریش (شێرکۆ میروەیس) ، کەواتە دانانی (٥) کەسیتر جارێکیتر شکاندنی دەستورە و بڕیارەکە دەبێت بە بڕیارێکی مەعدوم.

.
٤-بەپێی مادەی (۱۸) ی پەیڕەو (لە بەر هەر هۆیەک بێت کۆنگرە لەکاتی خۆی نەکرا ببەسترێت تەنها پلنیۆم دەتوانێت بۆ ماوی (۳-٦)مانگ بۆ یەک جار کۆنگرەکە دوابخات ،لەکاتی نەبەستنی کۆنگرە لەو ماوەیەدا سەرکردایەتی شەرعییەتی لەدەست دەدات) بەپێی مادەی (۱٤)ی پەیڕەویش کۆنگرە دەبێت (۳)ساڵ جارێک ببەسترێت وکۆگرەی داهاتوو پێویستە لە مانگی (۲۰۱۳/۳)دا ببەسترێت) واتە ئەم سەرکردایەتیە لەسەر تا خوار دەمێکە شەرعیەتی نەماوە ودەسەڵاتی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی نیە چونکە مادەکە دەڵێت لەبەر هۆیەک بێت ، کەواتە دەزگایەک شەرعیەتی نامابێت چۆن دەبێت شەرعیەت بە خەڵکیتر بدات .ئەگەر سەرکردایەتی شەرعیەتی نامابێت مەکتەبی سیاسی دەسەڵاتێکی تەنفیزی کار بەڕێکەرە وسەرکردایەتی دایناوە چۆن دەتوانێت شەرعیەت بدات بە خەڵکیتر.

.
٥- یەکێتی رۆژێک پێش دەرچونی ئەم بڕیارە رۆژی کۆنگرەی دیاریکرد (۲۰۱۹/۱۲/۷) واتە ئامادەکاری دەکرێت بۆ کۆنگرەی تازەو سەرکردایەتی تازە وتەشکیلاتی نوێ ،واتە لەسەر وبەندی کۆنگرەدایە ئیتر چۆن دەبێت لەو ئان ساتەدا ئەندامی سەرکردایەتی دیاری بکرێت ، کە دەبوایە ئەو مادەیەی دەستورەکە لەسەرەتاوەبوایە نەک لە کۆتاییەوە.

.
کەواتە بەپێی ئەو مادە وبڕگانە بێت کە بڕیارەکە پشتی پێبەستووە ،بڕیارەکە پێچەوانەی دەستوری ناوخۆی حیزبەکەیە وتەعبیریشە لە ئیشکالیەتێک لە ئیدارەی حیزبدا ئەگینا هیچ مەعنایەکی نیە حیزبێک لەلایەک رۆژی کۆنگرە دیاری دەکات و لە لایەکیتر ئەندام بۆ سەرکردایەتیە کۆنەکەی زیاد دەکات وگومانی جیددیش دروست دەکات لەئەگەری بەستنی کۆنگرە. ئایندی.

وشە كلیلەكان:

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل