fbpx
Shadow Shadow

"برا گه‌وره‌كه‌ی بڕیاریدا خوشکەکەی‌ لە ئازارێکى ئەبەدیدا بژێت"

براکانى لانەی ژیانیان شێواند

18:46 سێ شه‌ممه‌ 19 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

چیرۆکى ئایشە گوڵێ، گێرانەوەیەکى ڕۆژنامەوانى بەسەرهاتى ئافرەتێکە، کە ڕۆژنامەنوس ڕوناک لازیانى لە “پرۆژەی نوسین لەسەر کێشەکانی جێندەر لەرێگەی گێڕانەوەی چیرۆک و حیکایەتەوە” لە خولێکى ڕێکخراوی “Internews”، پەی پێبردووە و خستویەتییەڕو، لەبەر هەستیارى بابەتەکەى ڕۆژنامەنوس دەستى بۆ بردووە، تەواوى ناوەکانى نێو چیرۆکەکە بە ناوى خوازراو دانراون و ناوە ڕاستییەکان لاى ناس کورد پارێزراون.

,

ڕوناک لازیانى، ڕۆژنامەنوس-

هەر کە زانى ڕۆژنامەوانم و ئه‌مه‌وێت شتێك له‌ چیرۆكی ژیانی بزانم، پێی وتم “مەمکە بە پەندى ناو ڕۆژنامەکان و داواشت لێ ده‌كه‌م بڕۆیت و له‌م ناوه‌ نه‌مێنیت، گەر نەڕۆى بەخوا سوێند لە دایکیشت ئەخۆم کە چیتر قسەى لەگەڵ ناکەم و هاوڕێیەتیشى ناکەم، بێت بەم ناوەشا دەرى ئەکەم”. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئایشه‌ گوڵێ-ى تەمەن (٥٨ ساڵ) بو، بۆ دوووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ چیرۆكی قەیرەبوون و ته‌نهایی، به‌ڵام دوو پرسیار به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچینه‌ ناو به‌سه‌رهاتی ئایشه‌وه‌، كه‌ قوربانیی ده‌سه‌ڵاتێكی “پیاوانه‌ی ڕه‌هایه”‌.

,

ئه‌و لە خێزانێکى نەخوێندەواردا له‌دایكبوە و گه‌ورە بوە، لە هەشتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ئه‌م خێزانه‌ له‌ سلێمانى جێگیر ده‌بێت، دوو براى هەیە، یەکه‌میان لە خۆى بە دوو ساڵ گەورەتر و دووەمیشیان لە خۆى بە ساڵێك بچوکتر، برا گەورەكه‌ی له‌  تەمەنى 23 ساڵیدا هاوسه‌رگیری ده‌كات و لە ماڵی گه‌وره‌ جیا ئەبێتەوە، ساڵى 1985 باوکى توشى نەخۆشی شێرپه‌نجه‌ ده‌بێت و ئه‌و كات ئایشه‌ گوڵێ له‌ هه‌ڕه‌تی گه‌نجێتیدا ده‌بێت.

,

نه‌خۆشییه‌كه‌ی باوكی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئایشە گوڵێ ببێته‌ ئه‌سیری ماڵ و له‌ده‌ستدانی هه‌ر هه‌لێكی چونه‌ ده‌ره‌وه ‌و پێكه‌وه‌نانی خێزانی خۆی، چه‌ندان جار خوازبێنی كراوه‌، به‌ڵام برا گه‌وره‌كه‌ی بڕیاربه‌ده‌ست بوه ‌و به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی باوكی نه‌خۆشه ‌و پێویستی به‌ خزمه‌تكردنه‌ ڕێگه‌ی لێگرتوه‌ شو بكات.

,

دوای سێ ساڵ دوای نه‌خۆشییه‌كه‌ی باوكی، برا بچوكه‌كه‌شی هاوسه‌رگیری ده‌كات و ئه‌ویش له‌ ماڵ جیاده‌بێته‌وه‌، ته‌نها ئایشه‌ گوڵێ و دایكی به‌دیار نه‌خۆشه‌كه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌، له‌ چواره‌م ساڵدا باوکی به‌ته‌واوه‌تی په‌كی ده‌كه‌وێت و له‌سه‌ر جێگا ده‌کەوێت، له‌ ته‌مه‌نی بیست و حه‌وت ساڵیدا جارێكی دیکە هه‌مان ئه‌و پیاوه‌ی جاری یه‌كه‌م خوازبێنی كردووه‌، داوای ده‌كات، به‌ڵام بڕیاری برا گه‌وره‌ هه‌ر باڵا ده‌ست ده‌بێت و ڕێگه‌ی لێده‌گرێت، ئه‌م جاره‌یان بە بیانوی ئه‌وه‌ی گوایە خوشكه‌كه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌و پیاوه‌ی بینیوه‌ كه‌ داخوازی بوه‌، ئه‌مه‌ش به‌لای ئه‌وه‌وه‌ جێگه‌ی قبوڵكردن نه‌بوه ‌و “عه‌یبه” بوه‌، ئیتر ئه‌مه‌ی كردووه‌ته‌ بیانویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی خوشكه‌كه‌ی به‌دیار باوكییه‌وه‌ گڕێبدات و ژیانی تایبه‌تی لێ قه‌ده‌غه‌ بكات.

,

لێره‌وه‌ ژیانی له‌ خامۆشیدا ده‌گیرسێته‌وه ‌و نه‌خۆشییه‌كه‌ی باوكیشی تا ساڵی 1991 كه‌ تیایدا به‌یه‌كجاره‌كی ماڵئاواییان لێده‌كات، درێژه‌ ده‌كێشێت.

,

دوای 30 ساڵ ژیانی ژێرده‌سته‌یی برا گه‌وره‌، ئایشه‌ شو ده‌كات به‌ پیاوێك له‌ شاری كه‌ركوك كه‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ چوار خوشكدا له‌ خانوه‌یه‌كی بچوكدا له‌ كه‌ركوك ده‌ژی و جێگه‌ و ڕێگه‌یان زۆر كه‌مبوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ست ده‌كات به‌شێكی ژیانی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

,

دوای دوو مانگ ژیانی هاوسه‌رێتی له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا و ڕازیبوون به‌ دۆخێكی ئابوری خراپ و نه‌بوونی جێگه‌ و ڕێگه‌ی پێویست، سبه‌ینانێك برا گه‌وره‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ و داوا ده‌كات ئایشه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سلێمانی، چونكه‌ دایكیان نه‌خۆش كه‌وتوه ‌و پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌سێك خزمه‌تی بكات.

,

له‌گه‌ڵ بیستنی هه‌واڵی نه‌خۆشكه‌وتنی دایكییدا، ئایشە هەر زو خۆى کۆدەکاتەوە و بە ئەحمەدی هاوسه‌ری ده‌ڵێت، “ده‌ڕۆم بۆلاى دایکم پاش جەند ڕۆژێك وەرەوە بەدواما تا بگه‌ڕێمه‌وه‌”.

,

دایكى ئایشێ توشی ئفلیجبوون ده‌بێت و ئه‌مه‌ش وا له‌ برا گه‌وره‌ى ده‌كات جارێكی تر بڕیار له‌ چاره‌نوسی خوشكه‌كه‌ی بدات و ڕێگه‌ نادات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای ئه‌حمه‌دی هاوسه‌ری، ئایشه‌ به‌ براكه‌ى ده‌ڵێت، “ئاخر برا منیش لەوە زیاتر ناتوانم بمێنمەوە ئەى بۆ نایبەیتە لاى خۆت یان لاى کەریمی برامان با خێزانه‌كانتان خزمەتى بکەن، منیش مانگى پێنج ڕۆژێ دێم و خزمەتى ئەکەم”، لەكاتی ئه‌م قسانه‌دا سەرحەدی برا گه‌روه‌ بەهەمو هێزییه‌وه‌ زله‌یه‌كی پێدا ده‌كێشێت و ئازارێكی زۆری پێده‌گه‌یه‌نێت، تا ساڵێك براگه‌وره‌ ڕێگه‌ به‌ خوشكه‌كه‌ی نادات له‌ماڵ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، هاوسه‌ره‌كه‌شی هه‌مو مانگێك سه‌ردانی ده‌كات، به‌ڵام پاش سێ ساڵ له‌ چاوه‌ڕوانی، كۆتاییه‌كه‌ی جیابوونه‌وه‌ ده‌بێت.

,

پاش هه‌شت ساڵ دانیشتن به‌دیاریه‌وه ‌و خزمه‌تكردنی، دایكی كۆچی دوایی ده‌كات، دوای مردنی دایك و مانه‌وه‌ی ئایشه‌ له‌ ماڵه‌كه‌دا، هه‌ردوو براكه‌ بڕیار ده‌ده‌ن خانوه‌كه‌ بفرۆشن و بڕێكی كه‌میش له‌ پاره‌كه‌ به‌ری ئایشه‌ ده‌كه‌وێت و دواجار له‌ ماڵی كه‌ریمی برا بچوكدا ژورێكی بچوكی بۆ دابین ده‌كرێت و خزمه‌تی مناڵه‌كانی ده‌كات.

,

ئیتر ئایشه‌ بڕیاری كۆتایی خۆی ده‌دات كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌، هەرچەندە بۆ چەند جارێك خوازبێنى ده‌كرێت و ئەوانەى كه‌ داوای هاوسه‌رگیریی لێده‌كه‌ن، خێزاندارن یان به‌ ته‌مه‌نن و پێویستیان به‌ ژنێكه‌ خزمه‌تیان بكات، ئایشه‌ بڕیار ده‌دات، دوو مانگه‌كه‌ی ژیانی هاوسه‌رێتی بكاته‌ یا‌دگارێك و تیایدا بژێت،  ئه‌و ده‌ڵێت، “ئەوکاتە خۆرى ژیانى من ئاوابو کە براكه‌م لە کەرکوک هێنامیەوە بۆ سلێمانى”.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل