fbpx
Shadow Shadow

ببورە کامێرای شاراوە بوو.. “شکاندنی کەسایەتی بۆ پێکەنینی بینەر” لە هەندێک بەرنامەدا

15:55 هه‌ینی 13 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد – شەهرام عەزیز

کەناڵە بینراوە کۆمەڵایەتییەکان “تایبەت بە کاتبەسەربردن” لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندان و هەریەک لەو کەناڵانە چەند بەرنامەیەکی جیاوازیان هەیە کە بە وتەی توێژەرێکی کۆمەڵایەتی، زۆرێک لەو بەرنامانە “هیچ ئامانجێکیان نییە و پێشێلی دابونەریتی کۆمەڵگا و کەسایەتی تاکیش دەکەن.”

.

بەشێک لەو بەرنامانە تاقیکردنەوەی میوانی بەشداری بەرنامەکەیە لەڕێگەی کامێرای شاراوە و توڕەکردنی ئەو کەسەیە تا ئاستی شەڕکردن و جنێودان، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیریش دەڵێت، بە زووترین کات ڕێنماییەکانی وەزارەتەکەیان هەمواردەکەنەوە و سنورێک بۆ ئەو بەرنامانە دادەنێن کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تاک دەبەزێنن.

.

محەمەد عەبدول، هونەرمەندی گۆرانیبێژ کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کەناڵێكی لۆکاڵییەوە لە بەرنامەیەکدا  توڕە کراو و لە کاردانەوەدا لەگەڵ کەسێکدا پەلاماری یەکتر دەدەن، بە وتەی خۆی پێشتر ئاگادارنەکراوەتەوە و دیمەنەکەش بەبێ پرسی خۆی بڵاوکراوەتەوە.

ببورە کامێرای شاراوە بوو.. "شکاندنی کەسایەتی بۆ پێکەنینی بینەر" لە هەندێک بەرنامەدا

ئەو هونەرمەندە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “من پێشتر کە بانگهێشتی بەرنامەکە کرام، بەهیچ شێوەیەک پێیان نەوتم بەشێکی لەوشێوەیە لە بەرنامەکەدا هەیە، دواتریش کە شتەکە ڕوویدا و پێم وترا سیناریۆیە و دروستکراوە، پێیان وتم کە بەرنامەکە مۆنتاژ دەکرێت و تەنها کەمێکی لێ بڵاودەکرێتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی ڕەزامەندی خۆم وەربگرن زۆرینەی دیمەنەکانیان بڵاوکردبووەوە”.

 

محەمەد عەبدول ئاماژەی بەوەشكرد، “دڵگران بووم کە بەوشێوەیە دەرکەوتم لە بەردەم بینەرەکانمدا و پەشیمانم بەشداری ئەو بەرنامەیەم کردووە،” بەڵام ئەو بۆ باسکردنی کارە هونەرییەکانی بەشداری لە بەرنامەکەدا کردووە، بەپێچەوانەوە هەر هونەرمەندێک بزانێت بۆ ئەوە بانگی دەکەن ئەوا هەرگیز بەشداری ئەو بەرنامانە ناکات، داواشی کرد چیتر ئەو بەرنامە “بێسوودانە” نەکرێن و هەستی کەس بریندار نەکرێت.

.ببورە کامێرای شاراوە بوو.. "شکاندنی کەسایەتی بۆ پێکەنینی بینەر" لە هەندێک بەرنامەدا

توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش پێیوایە، پێویستە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان سێ خاڵ پەیڕەو بکەن لە کارەکانیاندا کە ئەوانیش ئامانج، ڕەچاوکردنی دابونەریت و نەشکاندنی کەسایەتی تاکە، هاوکات وەزارەتی ڕۆشنبیریش سەرجەم کەناڵەکان ئاگادار دەکاتەوە کە بەزووترین کات کارەکانیان ڕێکدەخەنەوە و ڕێگە بە هەندێک بەرنامە نادەن کە سنور ببەزێنێت.

.

سۆران ئەبوبەکر، توێژەری کۆمەڵایەتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە هەموو بەرنامەیەک یاخود کارێکی میدیاییدا پێویستە سێ خاڵ ڕەچاو بکرێت، یەکەمیان ئامانج، واتە ئامانجی ئەو کارە چییە و چ سودێکی هەیە، چونکە بەرنامەیەک ئەگەر سودی نەبێت کەواتە نەبوونی باشترە”.

.ببورە کامێرای شاراوە بوو.. "شکاندنی کەسایەتی بۆ پێکەنینی بینەر" لە هەندێک بەرنامەدا

“دووەمیان ڕەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵگا، هەموو کارێکی میدیایی بۆ کۆمەڵگایە، کەواتە پێویستە ڕەچاوی دابونەریت و پرەنسیپی سەرجەم ئایینەکان بکرێت و دژیان نەبن و لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەدا بگونجێت، کێشەی میدیای کوردی ئەوەیە لاسایی میدیای بیانی دەکەنەوە، ڕەنگە بەرنامەیەک لە وڵاتێکی ئەوروپیدا سەرکەوتوو بێت و پێشوازییەکی باشی لێبکرێت، بەڵام مەرج نییە ئەو بەرنامەیە بۆ ئێرەش بەهەمانشێوە بێت، چونکە کلتورەکان جیاوازن، کەواتە پێویستە واز لە لاسایی کردنەوەی بەرنامە بیانییەکان بهێندرێت”، سۆران ئەبوبەکر وادەڵێت.

.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئاماژەی بەوەشكرد، خاڵی سێیەم نەشکاندنی کەسایەتی تاکە، ناکرێت لە بەرنامەیەکدا هونەرمەندێک، کەسایەتییەک یاخود هەرکەسێک، کەسایەتی بشکێندرێت بۆ پێکەنینی بینەر و بەرهەمهێنانی بەرنامەیەک.

جەختیشیکردەوە: ” بەداخەوە میدیای کوردی زۆرجار هیچ خاڵێک لەو خاڵانە پەیڕەو ناکات و تەنها بۆ پڕکردنەوەی کاتەکەیە و یاخود بۆ زیادکردنی بینەرە، جا ئەگەر بەشێوەیەکی خراپیش بێت، بەپێچەوانەوە لایەنی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پشتگوێ دەخرێت”.

ببورە کامێرای شاراوە بوو.. "شکاندنی کەسایەتی بۆ پێکەنینی بینەر" لە هەندێک بەرنامەدا

ئەرکی وەزارەتى ڕۆشنبیری چییە؟

هاوکات فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ناس کوردی باسی لەوەکرد: “ئاگاداری ئەو جۆرە بەرنامانەین، ئێمە لەئێستادا لە سەرەتای کابینەی نوێداین و کارەکان ڕێکدەخەینەوە، بە زووترین کاتیش ڕێنماییەکانی وەزارەت هەمواردەکەینەوە و ڕێگری لە هەندێک بەرنامە دەکەین کە ڕەچاوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تاک نەکەن”.

.

ڕوونیشیکردەوە، بەهیچ شێوەیەک سنور دانانەکانیان بۆ ڕێگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین نییە و دژی ئەو پرەنسیپە نییە، بەڵکو تەنها ڕێکخستنەوەیەک بە چۆنێتی کارەکانی میدیاکاندا دەکەن.

.ببورە کامێرای شاراوە بوو.. "شکاندنی کەسایەتی بۆ پێکەنینی بینەر" لە هەندێک بەرنامەدا

هەر لەوبارەیەوە سۆران ئەبوبەکر بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار، مەرجێک دابنێت کە هەموو کەناڵێک، بەتایبەتی کەناڵە هەمەڕەنگەکان، ڕاوێژکارێکی کۆمەڵایەتییان هەبێت و ئەو ڕاوێژکارە دەسەڵاتی هەبێت لە بەرهەمهێنانی بەرنامەکاندا، بەشێوەیەک کە بەرنامەیەکی گونجاو و بەسوود بێت و ڕێنماییش بدەن بە پێشکەشکار و ئامادەکاری بەرنامەکان.

.

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل