fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

سەرچاوەیەک بۆ ناس کورد دەدوێت

باڵیۆزی ئەمریکا چی بە عەبدولمەهدی وتووە کە لە ڕاگەیەنراوی حکومەتی عێراقدا بڵاونەکرایەوە؟

20:52 دوو شه‌ممه‌ 06 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

ئەمڕۆ لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەدوای هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و ماسیۆ تۆلەر، باڵێۆزی ئەمریکا لە بەغدا کۆبوونەوە، بەڵام ڕاگەیەنراوی حکومەتی عێراق هیچ لێدوانێکی باڵیۆزی ئەمریکای دانەناوە.

.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەى ڕاگەیاندنی سەرۆکوزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەى ئەمرۆ دووشەممە، 6ی کانونی دووەمی 2020، عادل عەبدولمەهدی ئاماژەى بەوەکردووە کە “سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا تاوتوێی دواین ڕووداوەکان و هەڵوێستی حکومەتی عێراقیان کردووە لەبارەیانەوە”.

.

ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت کە عادل عەبدولمەهدی جەختیکردووەتەوە لەسەر “پێویستی کاری هاوبەش بۆ کشانەوەى هێزە بیانییەکان بەپێی بڕیاری دوێنێی پەرلەمانی عێراق و ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکانی هەردوولا لەسەر بناغەیەکی دروست،” هاوکات باسی لە “مەترسیداری دۆخی ئێستا و ئەگەر و پێشهاتەکان کردووە و ئامادەیی عێراقیشی دەربڕیوە بۆ هەوڵەکانی ڕێگریکردنی لە بەرپابوونی جەنگ”.

.

ڕونیکردووەتەوە کە “سەرۆکى ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەى بە جێگیری هەڵوێستی حکومەت کردووەتەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەمووان و بەکارهێنانی هێزی حکومەتى عێراق بۆ بەرژەوەندی گشتی”، هەروەها دەبێت “پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەماهەنگی و ڕێزی دوولایەنە بێت و ئاسایش و سەقامگیر و سەروەری نیشتمانی بپارێزرێت.”

.

بەڵام لە ڕاگەیەنراوەکەی حکومەتی عێراقدا هیچ باسێک لە قسەکانى باڵیۆزی ئەمریکا نەکراوە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە کۆبوونەوەکە بە ناس کوردی ڕاگەیاند کە “باڵیۆزی ئەمریکا هەوڵی داوە بەڕوونی هەڵوێستی عێراق لەبارەى دواین پێشهاتەکان و هەروەها داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە بزانێت.”

.

سەرچاوەکە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى وتی کە “باڵیۆزی ئەمریکا باسی لە کۆتا هەڵوێستی ئەمریکا و هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەپاندنی سزای ئابوری بەسەر عێراق کردووە و جەختیکردووەتەوە لەسەر جدیبوونی هەڕەشەکانی ئەمریکا بە سزای ئابوری ئەگەر عێراق هەر بڕیارێک لەدژی ئەمریکا بدات.”

.

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکرد کە ماسیۆ تۆلەر باسیشی لە “بابەتی بەخشینی عێراق کردووە لە سزاکانى ئەمریکا لەبارەى هاوردەکردنی غازی ئێرانی کە بڕیارە مانگی داهاتوو کۆتایی بێت، هەر لەبەر ئەو هۆکارانەش بووە کە سەرۆکوەزیران باسی لە قسەکانى تۆلەر نەکردووە لە ڕاگەیەنراوەکەدا.”

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل