fbpx
Shadow Shadow

ناس کورد هۆکارەکان ئاشکرادەکات

بازاڕى خانوبەرە لە هەرێم وەستاوە و نرخ دابەزیوە

15:27 چوار شه‌ممه‌ 06 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

 

دواى چەند مانگێک گەشەسەندنەوە، جارێکى تر بازاڕى خانوبەرە لە هەرێمى کوردستان ڕووى لە وەستان کردووە، بەهۆى چەند هۆکارێکەوە کە دیارترینیان ناسەقامگیریی سیاسی و ئاڵۆزبوونى دۆخى عێراق و لەشکرکێشى تورکیایە بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان.

.

چوار مانگ لەمەوبەر و دواى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، جموجۆڵى بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان بەگشتى ڕوویان لە گەشەکردن کرد، دواى چەند ساڵێک وەستان و پاشەکشە بەهۆى قەیرانى داراییەوە، بەڵام ماوەى مانگێکە جارێکى تر ڕووى لە وەستان کردووەتەوە.

.

شڤان سەعید، خاوەنی نوسینگەی شڤان بناڤی لە شاری دهۆک بە ناس کوردی ڕاگەیاند “لەدوای ڕێککەوتنی حزبەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، بازاڕ بەشێوەیەکی زۆر باش کرایەوە و جموجوڵێکی زۆر هەبوو، بەڵام دواتر دوبارە بازاڕ وەستاوەتەوە و کڕین ‌و  فرۆشتن کەم بووەتەوە، لە ئێستاشدا بازاڕ بەشێوەیەکی گشتی وەستاوە و کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە لە هەموو شارەکە کەم بووە”.

.

بەوتەى شڤان، لەسەرجەم دهۆک کە نزیکەی 250 بۆ 300 نوسینگەی خانوبەرەی تێدایە ڕەنگە لە ڕۆژێکدا سێ بۆ پێنج گرێبەستی کڕین و فرۆشتن بنوسرێت، “تەنانەت نوسینگەی وا هەیە بە مانگێکیش هیچ گرێبەستێک نانوسرێت واتە هیچ کڕین و فرۆشتنێک نییە، لەهەندێک ناوچەدا بەشێوەیەکی گشتی نرخی لەسەدا ٪5 ڕیژەی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە دابەزیوە”.

.

ماوەی نزیکەی مانگێکە لە بەغدا و 11 پارێزگای دیکەی عێراق ڕۆژانە هاوڵاتییان دەڕژێنە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و سەرۆک وەزیران دەکەن، هەروەها ماوەی مانگێکیشە سوپای تورکیا لەشکرکێشیى بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، ئەوەش ترس و نیگەرانى لەبازاڕدا دروستکردووە و خەڵکى سڵ لە کڕین و فرۆشتنى موڵک دەکەنەوە.

.

عەبدوڵا محەمەد، خاوەنی نوسینگەی موڵکی سلێمانی بە ناس کوردی وت “خۆپیشاندانەکانی عێراق و بانگەشەکانی گۆرینی دەستور و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژائاوا، بازاڕەکانی هەرێمی ناسەقامگیر کردووە، بەتەواوەتی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرەی کز بووە، بەجۆرێک ڕێژەی کڕین و فرۆشتن بەڕێژەی %10 دابەزیوە”.

.

وتیشى “لە ئێستادا هاوڵاتییان نایانەوێت ئەو پارەیەی کە پێیانە خەرجی بکەن، دەیانەوێت پێیان بمێنێت چونکە لە تێکچوونی دۆخەکە دەترسن، بۆیە بازاری خانوبەرە بەشێوەیەکی گشتی کەمبووەتەوە لەسەرجەم ناوچەکانی پارێزگای سلێمانیدا”.

.

کەرتى خانوبەرە لە هەرێمى کوردستان تا پێش سەرهەڵدانى قەیرانى دارایی لەساڵى 2014 خێراترین گەشەى بەخۆوە بینى و نرخى زەوى و خانو بەڕێژەیەکى بەرچاو بەرزبوونەوە، بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە پاشەکشەى گەورەى کرد.

.

ئارام جەمال، خاوەنی کۆمپانیای ئارام کە زیاتر لە شەش نوسینگەیان هەیە لە پارێزگای هەولێر بەناس کوردی ڕاگەیاند “بەشێوەیەکی گشتی هاوڵاتیاین کشاونەتەوە لە کڕین و فرۆشتن بەهۆی ئەو دۆخەی دروستبووە، بەڵام ئەم حاڵاتە ساڵانە لەکاتی قەیران و ڕوداوەکاندا دروستدەبێت و بۆ ماوەیەک بازاڕ دەوەستێت، دوای ماوەیەک دوبارە پڕۆسەکە دەستپێدەکاتەوە”.

.

بەوتەى ئارام، لەشاری هەولێر ئێستاش لەناوچەی گەڕەکە میلییەکان لەو شوێنانەی نرخی زەوی لە سێ بۆ پێنج دەفتەر دۆلاردایە، جموجوڵی کڕین و فرۆشتن هەر هەیە و بەردوامە، بەڵام لەو شوێنانەی کە نرخەکانیان گرانن لەسەرو 15 دەفتەرەوەیە بازاڕ ڕاوەستاوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەو دۆخی شەڕ و خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەی لەناوچەکە دروستبووە، کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر لاوازکردنی بازاڕەکانی هەرێم.

.

وەستانى بازاڕى خانوبەرە لەکاتێکدایە، چاوەڕواندەکرا بەهۆى باشبوونى دۆخى هەرێمەوە، بازاڕى خانوبەرە قەرەبووى بەشێک لەو زیانانەى بکاتەوە کە بەهۆى ساڵانى قەیرانى داراییەوە بەرى کەوتبوو، بەڵام دۆخەکەى ئێستا ئەو هیوایەى دورخستەوە.

.

ڕابەر سەیفەدین لە نوسینگەی هاوبەش لەپارێزگای هەڵەبجە باسی لەوەکرد، لەبەشێک لەناوچەکان نرخی زەوی و خانوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێک لەهەندێک ناوچە هەر پارچە زەوییەک بەبەهای 1500 بۆ 3500 دۆلار دابەزیوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل