fbpx
Shadow Shadow

"لابردنى پاشەکەوتى مووچەش سودى نەبو بۆ جوڵەى بازاڕ"

بارزگانێکى دراو: ئابورى هەرێمى کوردستان 80% خاوبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە

17:10 یه‌ك شه‌ممه‌ 27 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بە وتەی بازرگانێکی دراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی شاری سلێمانی، ئابوری هەرێمی کوردستان 80٪ خاوبونەوەى بەخۆیەوە بینیوە، تەنانەت لابردنی پاشکەوتی مووچەش هیچ سودێکی نەبوە بۆ بوژاندنەوەی بازاڕ.

,

ئابوریناسێکیش پێیوایە، داهاتوی چەند مانگی هاوڵاتییان ڕون نییە، کە بەکوێ دەگات؟، بۆیە دەترسن لەوەی ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت خەرجی بکەن، ئەو بازرگانەی دراویش دەڵێت، لە ڕابردوودا ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی و ئێستاش ڕێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا و دۆخی ناوچەکە هۆکاری ئەو دۆخەی ئابوری هەرێمن.

,

جەمال عەبدولقادر، نوێنەری ژوری بازرگانی سلێمانی لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەئێستادا بەروارد بە ساڵانی پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، ئاڵوگۆڕی دراو 80٪ داشکانى بەخۆیەوە بینیوە و لادانی پاشەکەوتی مووچەش هیچ کاریگەرییەکی نەبو لەسەر باشبوونی دۆخی بازاڕ”.

,

ئەو بارزگانە وتیشی: “وەستانی کاری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، واتە وەستانی سەرجەم سێکتەرەکانی دیکە، چونکە کاتێک کە زەوی نافرۆشرێت و خانوو دروست ناکرێت، کەرەستەی بیناسازی ناکڕدرێت، جلوبەرگ و پێداویستی ناوماڵ کەم دەکڕدرێت، ئەوکات گۆڕینەوەی دراویش لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو کەم دەکات، واتە وەستانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهۆی وەستانی سێکتەرەکانی دیکەی بازاڕەوەیە”.

,

جەمال عەبدولقادر ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێم و خراپی پەیوەندییەکانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم، هۆکارێکی وەستانی بازاڕ بوە، هاوکات ئێستاش بەردەوامی کێشەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و نەوت هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەو دۆخە.

,

لەبارەى هۆکارە دەرەکییەکانەوە، ئەو بازرگانەى دراو ئەوەى خستەڕو، ڕوخانی ئابوری ئێران یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە سەرەکییەکانی خراپی دۆخی دارایی هەرێم، جگە لەوەش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و دروستبوونی شەڕ لە ناوچەکە کاریگەریان هەبوە لەسەر لایەنى ئابورى و دارایی هەرێم.

,

هاوکات ئابوریناسێک پێیوایە داهاتوی خەڵک لە هەرێم ڕوون نییە، کە ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەى بەردەوام بە ترسەوە پارە خەرج دەکەن و ئاماژە بەوەشدەکات، لەئێستادا حکومەت ناتوانێت هیچ بکات، جگە لەوەی پێویستە مووچە و ژیانی هاوڵاتییان مسۆگەر بکات.

,

خالید حەیدەر، ئابوریناس و مامۆستای زانکۆ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ڕاستە لە دوای لادانی پاشەکەوتی مووچە، داهاتى فەرمانبەران زیاتر بوە، بەڵام ئەوە نەبوەتە هۆی ئەوەى هاوشێوەى پێش دانانی پاشەکەوت خەڵک پێداویستی بکڕێت و پارە خەرج بکات و مامەڵە بکات لە بازاڕدا”.

,

“چونکە لە دوای ئەو دۆخەی لە هەرێم دروست بو لە ڕابردوودا، هەروەها بەردەوام باسکردنی بڕینی مووچە لەلایەن بەغدادەوە، خەڵکی ترساندووە و ئەو پارانەی هەیانە زیاتر دەیخەنە پڕۆژەوە یاخود پاشەکەوتی دەکەن، بەپێچەوانەی ئەوەی لە ڕابردوودا، هاوڵاتییان بەردەوام خواستییان لەسەر کڕینی شتومەک هەبوە”، خالید حەیدەر وای وت.

,

سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، ئەو ئابوریناسە جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێم لە ئێستادا ناتوانێت هیچ شتێکی وا بکات، کە ئابوری هەرێم ببوژێنێتەوە، جگە لەوەی کێشەکانی لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکات و پشکی هەرێم لە بودجەی 2020 و ساڵەکانی دواتردا مسۆگەر بێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بەردەوام مەترسییان لە داهاتوویان نەبێت.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل