fbpx
Shadow Shadow

"هەموو پارەى دنیا قەرەبووى ئەوەم بۆ ناکاتەوە کە بەسەرمدا هات"

ئەو کچەی حەمکۆ “دەستدرێژیى کردووەتە سەر”: هەرگیز شووى پێ ناکەم

10:58 چوار شه‌ممه‌ 09 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

دۆسیەی دەستگیرکردنی هونەرمەندی کۆمیدی حەمکۆ بەتۆمەتی “دەستدرێژیی سێکسی” بۆ سەر کچێک، هێشتا لە لێکۆڵینەوەدایە و کچەکەش هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە کە داوای پارەی کردبێت و وتویەتى بەهیچ شێوەیەک هاوسەرگیریی لەگەڵ حەمکۆ ناکات.

.

زیاتر لە دوو هەفتەیە هونەرمەندی ناسراوی کۆمیدی، حەمکۆ بە تۆمەتی “دەستدرێژیکردنەسەر کچێک” زیندانیکراوە و بە وتەی پۆلیسی هەولێر، حەمکۆ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

.

هەفتەى ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەو کچە و خانەوادەکەی دوو مەرجیان بۆ حەمکۆ داناوە تا لێی خۆشبن ئەویش بریتین لەوەى “حەمکۆ کچەکە بخوازێت، یاخود 400 هەزار دۆلارییان وەک قەرەبوو پێبدات”.

.

کوردۆ عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنانی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند “دوێنێ ئەو کچە و باوکی هاتوونەتە لام و گفتوگۆمان کردووە، ئەوان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین سوڵحی عەشایەریی بکەن”.

.

بە وتەی کوردۆ عومەر، ئەو کچەی حەمکۆ “دەستدرێژی کردووەتە سەر” ڕەتیکردووەتەوە داوای پارەی کردبێت و ئاماژەی بەوەکردووە “ئەوەی دەوترێت داوای پارەمان کردووە تەنها قسەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و هەموو پارەی دنیا ناتوانێت قەرەبووی ئەوە بکاتەوە کە حەمکۆ توشی منی کردووە”.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، کچەکە ئەوەشی ڕەتکردووەتەوە کە بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵى، لە حەمکۆ خۆشبێت و وتویەتی “هەرگیز شوی پێناکەم”.

.

حەمکۆ بە مادەى 395 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، کە تایبەتە بە سزادانی کەسێک کە “تاوانی سێکسی دژی کچێک ئەنجام داوە کە بەڵێنی هاوسەرگیریی لەگەڵدا دابێت.”

.

کوردۆ عومەر جەختیشیکردەوە، تەنها داواکاری ئەوان ئەوەیە کە مامەڵەیەکی یاسایی لەگەڵ کەیسەکەدا بکرێت و تۆمەتبارەکە بە یاسا سزا بدرێت و ئەوانیش داواکەیان دەگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان.

.

دەربارەی بارودۆخی ئەو کچە، کوردۆ عومەر باسی لەوەکرد “لەئێستادا کچەکە باری دەرونیی بەرەو باشتربون دەڕوات، بەڵام باوکی زۆر کاریگەرە بە ڕوداوەکە”.

.

هونەرمەندی کۆمیدی، حەمکۆ، پێشتر سێجار هاوسەرگیری کردووە، کە هاوسەری دووەمی خانمێکی بەرازیلی بوو بە ناوی “رۆبێرتا رۆچ” و خاوەنی کورێکی چوار ساڵانن بە ناوی تۆماس.

.

هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر بە ناس کوردى ڕاگەیاند، دۆسیەکە لەلاى ئەوان نەماوە و ڕەوانەى دادگا کراوە.

.

ناس کورد پەیوەندیکرد بە دڵشاد فایز، وتەبێژی داواکاری گشتی هەرێمەوە و تەنها ئەوەندەى وت کە دۆسیەکە لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێرە و تائێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هێشتا هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە.

.

حەمکۆ یەکێکە لە ئەکتەرە ناسراوەکانی بواری کۆمیدیا، بۆ ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە وەکو ئەکتەر دەرکەوتووە و بەشداری چەندین فیلم و درامای کردووە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل