fbpx
Shadow Shadow

"کوردی ڕۆژئاوا هیچ مەرجێکى نەماوە هەموو لایەنەکان مەرجی بەسەردا دەسەپێنن"

ئەو کارتانە چین کە بە دەست کوردەوەن لە ڕۆژئاوای کوردستان؟

18:45 دوو شه‌ممه‌ 21 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت

هێزەکانی ئەمریکا لە سەرجەم شارە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کشانەوە، تورکیاش دەیەوێت سنوری ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان بە تەواوەتی لە یەکتر دابڕێت، شارەزایەکیش لە کاروباری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: “تا ئێستاش ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەسەر ناوچەی ئارام ڕون نییە”.

,

بڕیارە سبەى شەو 22 لەسەر 23ى تشرینی یەکەمی 2019، ئەو 120 کاتژمێرە کۆتایی بێت کە ئەمریکا و تورکیا لەسەرى ڕیککەوتبوون بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆى ئەو ڕێککەوتنەشەوە شەڕڤانان بەتەواوەتی لە سەرێکانی کشانەوە.

,

ئەوەى جێی سەرنجە، ڕێککەوتنەکەى نێوان ئەمریکا و تورکیا لەلایەن کوردەوە بەجۆرێک باسیلێوەدەکرێت و لەلایەن تورکیاشەوە جۆرێکى تر، ترەمپیش بە دەستکەوت ناوى دەبات، داود چیچەک، شارەزا لە کاروباری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بە ناس کوردی وت: “تا ئێستا تەنانەت بەرپرسانی کورد و هەسەدەش لە ڕۆژئاوای کوردستان هیچ بەرچاوڕونییەکیان نییە، کە ئایا تورکیا تەنها بە کشانەوەی شەڕڤانان لە گرێ سپی و سەرێکانی ڕازی دەبێت؟، یاخود نا”.

,

چیچەک ئاماژەی بەوەشکرد: “ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەسەر ناوچەی ئارام ڕون نییە، نازاندرێت بەتەواوەتی چی تێدایە و چۆنە، بەڵام ئەو خاڵانەی کە بڵاوکراونەتەوە ئەگەر ڕێک بەو جۆرە بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەرجەم خاڵەکان لە دژی بەرژوەندییەکانی کوردن، لە بەرژەوەندی تورکیان”.

,

“من وا پێشبینی دەکەم، سەرکردایەتیی هەسەدە و کورد لە ڕۆژئاوا، زانیارییەکی زیاتریان هەبێت دەربارەی ئەو ڕێککەوتنە و لەلایەن ئەمریکاوە شتێکی دیکەیان پێوترابێت، چونکە ئەوان لە سەرێکانی وەک نیازپاکییەک بەرامبەر ئەمریکا کشانەوە، دەبێت چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی ئەردۆگان و پۆتن بکەین کە بزانین چی دەبێت و ئەنجامی چی دەبێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت ڕوسیا پێی خۆشە کە ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بن”، دواد چیچەک کە هاوکات خەڵکى ڕۆژئاواى کوردستانە واى وت.

,

ئەو شارەزایەی کاروبارەی ڕۆژئاوای کوردستان باسی لەوەشکرد: “لە ئێستادا ئەمریکا لە سەرجەم ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کشاوەتەوە، تەنها لەو ناوچانە ماوەتەوە کە نەوتی لێیە، ڕاشیگەیاندووە پارێزگاری لەو کێڵگە نەوتییانە دەکات بۆ ئەوەی خەرجییەکانی خۆی و ئەو هێزەی لێ بدات کە لەپلانیدایە دایبنێت بۆ پارێزگاریکردن لە پاراستنی ناوچەی ئارام”.

,

بەپێی ڕای ئەو شارەزایە: “لەئێستادا کوردەکانی ڕۆژئاوا هیچ کارتێکیان بەدەستەوە نەماوە، تەنانەت کارتی بەکارهێنانی زینداییەکانی داعشیش بەو بەهێزییەی نەماوەتەوە و ناتوانێت تورکیا ڕابگرێت، بەهۆی بێ هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، هەروەها لە ئێستادا کوردەکان هیچ مەرجێکیان نەماوە، بەڵکو هەر ئەمریکا و سوریا و ڕوسیا و تورکیاش مەرج بەسەر کورد دەسەپێنن”.

,

لە دوایین لێدوانیشیدا مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هەسەدە وتی: “پێویستە گەلەکەمان لەهەموو جیهانەوە متمانەیان بەهێز و توانا و ئیرادەی شەڕڤانان هەبێت”.

,

لەلایەکى دیکەشەوە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێدور خەلیل، بەرپرسى پەیوەندییە گشتییەکانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات بە ئاژانسی هاوارنیوزی ڕاگەیاندووە: “هێزەکانمان لەنێوان گرێ سپى و سەرێکانى کشاندووەتەوە و سەرجەم شەڕڤانەکانمان ئەو ناوچانەیان چۆڵکردووە بەپێى ڕێککەوتنى ئاگربەست، ئەو ئەرکەى کە لەسەر شانى ئێمە بو وەک هەسەدە بەپێى ڕێککەوتننامەى ئاگربەست، جێبەجێمان کردووە”.

,

پێشتریش مەزڵوم کۆبانی ئاماژەى بەوەکردبو: “ڕێککەوتنى نێوان تورکیا و ئەمریکا بۆ دروستکردنى ناوچەى ئارام، تەنها ئەو ناوچەیە دەگەرێتەوە کە دەکەوێتە نێوان سەرێکانى و گرێ سپى”.

,

بەڵام تورکیا داوا دەکات، سەرجەم ئەو سنورانەی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە تورکیا و عێراقەوە دەبەستێتەوە، بکاتە ناوچەی بەربەست و جیاکەرەوە لەنێوان ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، کە ناوچەکە درێژاییەکەی 440 کیلۆمەتر و قوڵییەکەی 32 کیلۆمەتر دەبێت، داواشى کردووە، شەڕڤانان لەو ناوچانە بچنە دەرەوە کە لە کۆبانێوە درێژ دەبێتەوە بۆ دێرک لە سنورى هەرێمى کوردستان، لەژێر ناوی ناوچەی ئارامدا.

,

تا ئێستاش ڕون نییە، ئایا تورکیا تەنها بە چۆڵکردنى ئەو ناوچەیە ڕازى دەبێت لە لایەن هەسەدەوە کە تا ئێستا چۆڵی کردووە؟، یان نا.

,

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل