Shadow Shadow

"ڕیکلامکردن بۆ دەرمان قەدەغەیە و پێویستە ڕوبەڕوی یاسا بکرێنەوە"

ئەو ڕیکلامانەی “کچە مۆدێلەکان”ی هەرێم دەیکەن تا چەند نزیکن لە ڕاستییەوە؟ [تایبەت]

17:02 چوار شه‌ممه‌ 21 ئاب 2019
article image

ناس کورد- شەهەرام عەزیز

هەرچەندە بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی ڕیکلامکردن بۆ هەموو جۆرە دەرمانێک قەدەغەیە، بەڵام کۆمەڵێکی زۆر لە سەنتەرەکانی فرۆشتنی دەرمانی جوانکاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێگەی کۆمەڵێک ئافرەتەوە کە بە “مۆدێل” ناسراون، ڕیکلام بۆ دەرمانەکانیان دەکەن.

,

وەزارەتی تەندروستی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە باوەڕ بەو ڕیکلامانە نەکەن، چونکە سەرجەمیان دوورن لە ڕاستییەوە و زیانیان هەیە، پزیشکێکی جوانکاریش ئاماژە بەوەدەکات، هیچ حەب و دەرمانێک نییە بیخۆیت و تەنها بەشێکی جەستەت گەورە بکات، ئەوانەشی ڕیکلامی بۆ دەکەن هیچیان ڕاست ناکەن.

,

لە بەرواری 13ی تشرینی دووەمی 2018 وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا هەموو جۆرە ڕیکلامێک بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان قەدەغە بکات، لەو بەروارەشەوە بریارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

,

ئەوەی ئێستا دەبینرێت، کە جۆرێکی ڕیکلامکردنە و پێچەوانەی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستییە، ئەویش کۆمەڵێک “کچە مۆدێل” لەڕێگەی پەیجی تایبەتی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاخود پەیجی ئەو فرۆشگا و سەنتەرانەوە ڕیکلام دەکەن بۆ چەند جۆرە دەرمانێکی وەک، قەڵەوکرد، لاوازکردن و گەورەکردنی بەشە جیاوازەکانی جەستە بەجیا.

,

 

ئەو ڕیکلامانەی "کچە مۆدێلەکان"ی هەرێم دەیکەن تا چەند نزیکن لە ڕاستییەوە؟ [تایبەت]

,

لەوبارەیەوە خاڵس قادر، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بڕیاری قەدەغەکردنی ڕیکلامکردن بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکی، کاری پێدەکرێت و چەند میدیایەکیشمان ڕوبەڕوی یاسا کردەوە کە پابەند نەبوون بە بڕیارەکەوە لە ڕابردوودا، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەو ئەرکە هەستێت و بەدواداچوون بکات بۆ ئەو کەسانەی بڕیارەکە جێبەجێ ناکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕیکلام بۆ ئەو دەرمانانە دەکەن”.

,

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی وتیشی، ئەگەر لەڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە خاوەنی هەر پەیجێک و فرۆشگایەکی ئەو دەرمانانە ڕوبەڕوی یاسا بکرێنەوە، ئەوا ئەو کەسەشی ڕیکلامەکەی بۆ کردوون سزادەدرێت.

,

خاڵس قادر نەشیشاردەوە کە ئاگاداری ئەو ڕیکلامانەیە و هەرچەندە پێچەوانەی یاساشن لەگەڵ ئەوەشدا هیچ مەرجێکی تەندروستییان تێدانییە، چونکە تەنها سودی دەرمانەکە باس دەکەن، کە زۆر جار ئەو سوودەشی نییە، بەپێچەوانەوە هیچ زیانێکی باس ناکەن، کە چەندین زیانیان هەیە.

,

کارمەندێکی یەکێک لەو سەنتەرانەی کە ئەو جۆرە دەرمانانە دەفرۆشێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکەوە ئێمە پابەند بووین و تەنها ڕیکلاممان بۆ کرێم و مەڵحەم کردووە و بەهیچ شێوەیەک ڕیکلاممان بۆ هیچ جۆرە حەبێک نەکردووە”.

,

لەبەدواداچوونێکی ناس کورددا دەرکەوت کە پەیجەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستاگرام چەندین ڕیکلامی تێدایە کە لەڕێگەی چەند “خانمێکەوە” بۆ دەرمانەکانی گەورەکردنی سنگ، سمت،  قەڵەوکردن و لاوازکردن کراون، کە کۆتا ڕیکلامیان مانگێک پێش ئێستا لەلایەن کچە مۆدێلێکی ناسراوی شاری سلێمانییەوە کراوە.

,

ئەو ڕیکلامانەی "کچە مۆدێلەکان"ی هەرێم دەیکەن تا چەند نزیکن لە ڕاستییەوە؟ [تایبەت]

,

پزیشکێکی جوانکاری ئاماژە بەوەدەکات، ئەو دەرمانانە جگە لە زیانێکی زۆر هیچ سودێکیان نییە و بۆ کاریگەرییەکەشیان کاتییە، پێشیوایە ئەو کەسانەی ڕیکلام بۆ ئەو جۆرە دەرمانانە دەکەن، تەنها مەبەستیان قازانجی خۆیانە و پارە بە ژیانی خەڵکەوە پەیدا دەکەن.

,

بڕیار تەیب، پزیشکی پێست و جوانکاری بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “هیچ جۆرە حەب و دەرمانێک نییە، کە مرۆڤ بیخوات و تەنها سنگی یاخود سمتی یاخود ڕانی گەورە بکات، بەڵکو ئەوەی هەیە هەموو بەشەکانی جەستە بەشێوەیەکی ناتەندروست پێکەوە قەڵەو دەکات”.

,

وتیشی، ئەو جۆرە دەرمانانە جگە لەوەی سوودێکی ئەوتۆیان نییە، ئەگەر ئەو کەسەی کە دەیخوات بۆ زیادکردنی کێش بیخوات و لەو ڕووەوە سودی لێببینێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتییە و دوای چەند مانگێک کێشی وەک خۆی لێدێتەوە، ئەوە جگە لەوەی دواتر پێستی ئەو کەسە شل دەبێتەوە و چرچ دەبێت، هاوکات لەگەڵ چەندین مەترسی تەندروستی دیکە.

,

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشكرد: “ئەوەی لەو ڕیکلامانەدا باسی لێوەدەکەن، سەرجەمیان دوورن لە ڕاستییەوە و ئەو کەسانەشی ئەو ڕیکلامانە دەکەن، تەنها بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی پارەیە و بازرگانی بە ژیان و گیرفانی خەڵکەوە دەکەن، چونکە خۆشیان دەزانن بەوشێوەیە نییە و  ئەو دەرمانە زیانی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕیکلامکردن بۆ دەرمان قەدەغەیە و پێویستە ڕوبەڕوی یاسا بکرێنەوە”.

,

سەبارەت بە چۆنێتی قەدەغەکردن و ڕێگەگرتن لەو کارە، کە خاڵس قادر بە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەزانێت هاوکارییان بکات، فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەکمان نییە تایبەت بێت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە پێویستە وەزارەتى تەندروستی بە نوسراوی تایبەت داوامان لێبکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێنەبەر کە ئەو جۆرە ڕیکلامانە دەکەن”.

,

وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک پەیج هەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەناسراون و مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، بەڵام ئەو کەسانەی ئەو جۆرە ڕیکلامانە دەکەن، کەسانی ناسراون لە کۆمەڵگادا و هەرکات وەزارەتی تەندروستی داوای لێکردین، بەدڵنیاییەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرنەبەر.

,

هاوکات خاڵس قادر،  داوای لە هاوڵاتیان کرد هۆشیاربن و باوەڕ بەو جۆرە ڕیکلامانە نەکەن و بۆ پاراستنی تەندروستیان دووربکەونەوە لەبەکارهێنانی ئەو دەرمانانە، چونکە زۆرینەیان دوورن لە ڕاستییەوە و تەنها خەڵک دەخەڵەتێنن.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل