ناس کورد
ئەو پیاوەی ساڵی ڕابردوو تەقەی لە دکتۆرێکی شاری سلێمانی کرد و بە سەختی برینداری کرد، لە نەخۆشخانەیەکی ئێران گیانی لەدەستدا.
.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناس کوردی ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو، تەقەکەرەکەی دکتۆر کەمال ئەحمەد لە کاتی نەشتەرگەرییدا لە نەخۆشخانەیەکی ئێران گیانی لەدەستداوە.
.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پیاوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی سەردانی ئێرانی کردووە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکاندا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە.
.
کۆتایی ساڵی 2018، لە شەقامی ئۆرزدی شاری سلێمانی، پیاوێک بە دەمانچەوە چووە نۆرینگەی پزیشکی، دکتۆر کەمال ئەحمەد و تەقەی لێکرد، بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بوو.
.
تەقەکردن لە دکتۆر کەمال کاردانەوەی فراوانی لە ناو میدیا و توڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هاوسەری تەقەکەرەکە دوای ڕووداوەکە بڵاویکردنەوە، “دکتۆر کەمالی بەهۆکاری لەدەستدانی توانای سێکسی خۆی زانیوە بۆیە تەقەی لێکردووە.”
.
دوای 72 کاتژمێر لە ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەیان ڕاگەیاند و ڕادەستی دادگا کرا.
.
بەپێی بەدواداچوونێکی ناس کورد، لە سەر رەزامەندی و لێخۆشبوونی دکتۆر کەمال، تەقەرەکە لەلایەن دادگاوە ئازادکراوە و دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ئێرانی کردووە، شەوی ڕابردووش لە ژێر نەشتەرگەرییدا و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئێران کۆچی دوایی کردووە.
.