fbpx
Shadow Shadow

ئەو بەنزینەی لە هەرێم دروستدەکرێت هۆکاری سەرەکییە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە؟ [تایبەت]

17:14 دوو شه‌ممه‌ 30 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

لەگەڵ ئەوەى بڕیارى داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە دەرکراوە بەڵام هێشتا چەندین پاڵاوگە و عەمبار هەن کە بەشێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن و بەنزین دروست دەکەن کە بە وتەی بەشێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ” دووکەڵی بەنزینى ئەو پاڵاوگە و عەمبارانە و پاشەڕۆی پاڵاوگەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.

.

سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەو عەمبارانەدا نەوتی خاو “نەفتا” تێکەڵ بە دەرمانێکی دیکە دەکرێت و دەکرێت بە بەنزین و  زیانێکی ئێجگار زۆری بۆ تەندروستی هەیە.

.

غالب محەمەد، سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە بە ناس کوردی ڕاگەیاند :”ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی لە هەرێم ماون و دانەخراون بەشێوەیەکی زۆر نازانستی و نایاسایی بەنزین دروست دەکەن لەڕێگەی تێکەڵکردنی نەفتا بە دەرمانێکی دیکە کە زیانی زۆر بە تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت”.

.

پزیشکێکى نەخۆشى شێرپەنجە کە لە ئێستادا ئەندامى پەرلەمانى کوردستانە لەڕووى زانستییەوە ئەوە رووندەکاتەوە کە ئەو پاشەڕۆى بەنزینەى دەسوتێت زیانێکى زۆرى بۆ مرۆڤ هەیە و بە هۆکارێکى سەرەکى بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانى شێرپەنجەى دەزانێت.

.

شایان عەسکەری، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی وت “جگە لە دوکەڵی بەنزینەکە کە بە هەموو جێگەیەکدا بڵاودەبێتەوە، پاشەڕۆی پاڵاوگەکانیش بەهەمانشێوە هۆکاری توشبوونن بە شێرپەنجە”.

.

ناس کورد زانیوویەتى پەرلەمانی کوردستان لە هەوڵدایە ئەو پاڵاوگە و عەمبارانەشی کە هێشتا ماون ئەوانیش دابخرێن، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەو پاڵاوگانە تائێستا بۆیە دانەخراون، چونکە خاوەنەکانیان خۆیان لە حکومەت بە گەورەتر دەزانن.

.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ناس کوردی روونکردەوە :”سەبارەت بە پاڵاوگەکان لە کۆی 214 پاڵاوگەی نایاسایی، نزیکەی 10 پاڵاوگەیان ماون و دانەخراون، لەئێستاشدا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەوانەش دابخرێن”.

.

هۆشیار ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە چەندین جار مەترسی ئەو پاڵاوگە و عەمبارانەیان خستووەتەڕوو، بۆ ناس کوردى روونکردەوە ” جگە لە پاڵاوگەکان کۆمەڵێک عەمباری نایاسایش هەن کە پێویستە ئەوانیش دابخرێن، چونکە لەو عەمبارانەدا بەشێوەیەکی نازانستی بەنزین دروست دەکرێت و سوتانی ئەو بەنزینەش زیانێکی زۆر بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت، بەتایبەت بۆ نەخۆشی شێرپەنجە”.

.

سەبارەت بە هۆکاری دانەخستنی ئەو پاڵاوگە و عەمبارانەی کە ماون، بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، خاوەنی ئەو پاڵاوگە و عەمبارانە بەرپرسانی حزبی و حکومین و خۆیان لە حکومەت بە گەورەتر دەزانن بۆیە حکومەت تائێستا نەیتوانیوە دایان بخات.

.

هۆشداریدان لە مەترسییەکانی ئەو پاڵاوگە و عەمبارانە بەتایبەت لە دروستکردنی بەنزین و کاریگەرییەکانی لەسەر توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی سلێمانی، ڕۆژانە لە پارێزگای سلێمانی پێنج کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن و هەموو ڕۆژێکیش شەش کەس جەڵدەی دڵ و دەماغ لێی دەدات.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل